سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: لوبنان بە ساتێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت

ڕۆژ نیوز- ناوەندی هەواڵەکان

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لوبنان بە “ساتێکی زۆر مەترسیدار”دا تێدەپەڕێت بەهۆی خێراتربوونی داڕمانی ئابووری، هۆشداریشیدا لەوەی کە جێبەجێنەکردنی چاکسازییە بەپەلەکان وڵاتەکە دەخاتە ناو “قەیرانێکی بێکۆتایی”.

لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لوبنان روبەڕوی داڕمانی ئابوری بوەتەوە و بەو هۆیەوە بانکی نێودەوڵەتی لە ڕیزبەندی خراپترین وڵاتەکانی جیهان داینا، هەر بۆیە لوبنان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەسەر پلانێکی هاوکاری کە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە گەیشتنە ڕێککەوتن بەڵام بەهۆی ئەوەی مەرجی چاکسازی دانابوو و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش نەیانتوانیوە چاکسازیی ڕیشەیی بەپەلە جێبەجێ بکەن ریککەوتنەکە جێبەچێ نەکراوە.

ئێرنێستۆ ڕامیرێز ڕیگۆ، سەرۆکی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دوای سەردانەکی بۆ بەیروت، کە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و چەند لایەنێک ئەنجامدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “پێمان وایە لوبنان لە ساتێکی زۆر مەترسیداردایە، لە لە ناوچەکەدا” ئاماژەی بەوەشکرد “دۆخی ئێستا و شکستهێنان” لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکە لە دۆخێکی قورستردا بهێڵێتەوە.

لە مانگی نیسانی رابردوودا سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵدا لەگەڵ لوبنان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر پلانی هاوکاری بە بڕی سێ ملیار دۆلار.

بەڵام جێبەجێکردنی پلانەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی پێشوەختە و پەسەندکردنی پەرلەمان بە ڕەشنووسی یاسای بەپەلە، دیارترینیان بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ و یاسای “کۆنتڕۆڵی سەرمایە” کە کشانەوە و گواستنەوەی دراوی بیانی لە بانکەکان سنووردار دەکات، جگە لە پەسەندکردنی یاساکانی پەیوەست بە داڕشتنەوەی کەرتی بانکی و هەموارکردنەوەی یاسای نهێنی بانکی و یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕ.

هەرچەندە دەسەڵاتی وڵاتەکە بودجەی ساڵی ڕابردووی پەسەند کرد و کاریان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نهێنی بانکی کرد، بەڵام هەنگاوە بەپەلەکانی دیکە هێشتا جێبەجی نەکراون.

بەرپرسەکەی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی وتیشی: نزیکەی ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر گەیشتنمان بە ڕێککەوتنێک “لوبنانیەکان پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام بەداخەوە پێشکەوتنەکان زۆر خاون، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی دۆخەکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “وڵاتەکە لە قەیرانێکی گەورەدایە و چاوەڕوانی زۆر شتی تر دەکرا لەڕووی جێبەجێکردن و پەسەندکردنی یاسا” لەبارەی چاکسازییەکانەوە.

خێرابوونی داڕمانی ئابووری سێ ساڵ لەمەوبەر هاوکاتە لەگەڵ قەیرانێکی توندی نەختینەیی و سنووردارکردنی توندی بانکی، کە بەهۆیەوە وەبەرهێنەران ناتوانن چیتر دەستیان بە پاشەکەوتەکانیان بگات.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو نرخی لیرە داڕمانێکی مێژوویی تۆمارکرد، بەهای ئاڵوگۆڕی ١٤٠ هەزارلیرەی لوبنانی بەرامبەر یەک دۆلار تێپەڕی.

ڕیگۆ جەختی لەوە کردەوە هەر چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئابووری ئێستا دەبێت هەموارکردنەوەی سیاسەتە داراییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ زیانەکانی کەرتی بانکی و یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن لەخۆبگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “وەبەرهێنەرە بچووکەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە و زیاتر لەوەی پێویستە زیانیان پێدەگات”.

وە ئەو پێی وایە بوونی چەندین نرخی ئاڵوگۆڕ لە لوبنان “تێچووی زۆر لەسەر ئابووری” بەدوای خۆیدا دەهێنێت و “زەرەرەکان بە شێوەیەکی تەواو نادادپەروەرانە” دابەش دەکات، جەختی لەسەر پێویستی دابەشکردنی زیانەکان لە نێوان “حکومەت و بانکەکان و وەبەرهێنەران”دا کردەوە و داوای لە حکومەت کرد “قەرزکردن لە بانکی ناوەندی ڕابگرێت”.

لە دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە، پەرلەمانی لوبنان ١١ جار شکستی هێناوە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی زۆرینەی نییە کە بتوانێت کاندیدەکەی سەربخات.

ها-ع

 

Comments are closed.