گۆڤاریکی ئەمریکی: ماڵی کارتۆنی هەرێمی کوردستان لە داڕماندایە

ڕۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان

گۆڤارێکی ئەمریکی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بە ماڵی کارتۆنی ناو دەبات و دەڵێت لە داڕماندایە و هۆکارەکەشی بۆ خراپی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەگێڕێتەوە.

دوای ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکی چەندین وردەکاری ئاشکرا کردووە و دەڵێت سەردەمانێک ناوچەکە وەک خاڵێکی گەشاوە لەو نائارامییەدا دەرکەوت کە بە هۆی ئەمریکاوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ شتەکان تاریک دەردەکەون.

ئەو گۆڤارە ئەمریکییە نمونەی شارۆچکەی چەمچەماڵی هێناوەتەوە وەک نمونەی نادادپەروەری لە ژێر سایەی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، چەمچەماڵ شارێکی وشک و تۆزاوییە لە نزیک یەدەگی گەورەی غازی سروشتیدایە. بەڵام خەڵکی ناوچەکە بەزەحمەت سوودمەندن لەو سەرچاوە قازانج بەخشەی کە لە ژێر ماڵەکانیاندایە، زۆربەیان مانگانە بە چەند سەد دۆلارێک دەژین و بێکاری بەربڵاوە.

فۆڕین پۆلیسی ڕاشیگەیاندووە: ئەمڕۆ شتەکان تاریک دەردەکەون، دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێم بەهۆی دابەشبوونی سەرکردە حزبییەکانەوە خراپ بوون کە بەردەوام ئازادی ڕادەربڕین لە هاوڵاتیان زەوت دەکەن، نایەکسانی ئابووری و نەبوونی دەرفەت، شەپۆلی کۆچبەران بە دوای ژیانێکی باشتر لە دەرەوەی وڵات دەبات.

گۆڤارەکە ئەوەشی وتووە، ئەزمونی ڕۆژانەی زۆربەی کوردەکانی عێراق بەتایبەتی لە شارە بچووکەکانی وەک چەمچەماڵ دوورە لە ئەزموونی ئەو نوخبەی لە ڕووی سیاسییەوە لە هەولێر و سلێمانیدا دەژین.

گۆڤارەکە ڕەخنەی لە دیپلۆماتکار و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرتوە و دەڵیت: ئەم جیاکارییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتکار و سەردانکەرانی ڕۆژئاواوە چاوپۆشی لێدەکرێت کە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و سەرکردە بازرگانەکان و گەنجانی خوێندەوار لە زانکۆ ئەهلییەکان کۆدەبنەوە.

هاوشێوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆڤارە ئەمریکییەکەش باسی لەوەکردوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعیەتی دیموکراسی دەبێتەوە.

لە بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، لە واقیعدا دەسەڵات لە ئەستۆی دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمدایە، ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانن. رونیکردووەتەوە پەدەکە کۆنترۆڵی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێری کردووە و یەنەکەش دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا هەیە، لە هەر زۆنێکدا بەرپرسانی حیزب بەرپرسیارن لە دانانی سیاسەت، پەیوەندی حزبی وەک کلیلی بەدەستهێنانی کار و دەستپێکردنی کار و بردنەوەی ناکۆکییە یاساییەکان سەیر دەکرێت، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەر زۆنێکدا سەر بە حزبەکانن.

دەقی ڕاپۆرتەکە

ها-ع

Comments are closed.