وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان “هێرشی ئاسمانی ورد”یان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردوە، دوای ئەوەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانیان لە نزیک حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج و بە هۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و بەڵێندەرێکی دیکە و پێنج سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.
پنتاگۆن رونیکردووتەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئێرانیی بووە لە زاری لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاوە نووسیویەتی: دەسەڵاتم بە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوە کە ئەمشەو هێرشی ئاسمانی ورد لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی ئەو دامەزراوانە ئەنجام بدەن کە گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بەکاریان دەهێنن.
ڕوونیشی کردەوە کە “هێرشە ئاسمانییەکان لە وەڵامی هێرشەکەی دوێنێ و زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە هاتوون”.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوو ئەندامی خزمەتگوزاری کە برینداربوون لە شوێنەکە چارەسەریان بۆ کراوە و سێ سەربازەکەی دیکە و بەڵێندەرەکەی دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ عێراق.
ئۆستین وتی: وەک سەرۆک جۆ بایدن بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، ئێمە هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان دەگرینەبەر و هەمیشە وەڵام دەدەینەوە.
سەدان سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک کە شەڕ لەگەڵ پاشماوەکانی چەتەکانی داعش دەکات لە سوریا جێگیرکراون و زۆرجاریش ئەو هێزەنە لەلایەن گروپە چەکدارەکان دەکرێنە ئامانج.
ها-ع
Comments are closed.