ئیلهام ئەحمەد: پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی بەرامبەر کورد بگرنە ئەستۆ

سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی جینۆسایدی کورد و بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و شارستانیەت پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر گەلی کورد بگرنە ئەستۆ.

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە)، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ ئاهەنگی نەورۆز لە بەریتانیا نارد و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ساڵیادی سەرکەوتنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یادی نەورۆز دەکەنەوە و وتی: ٢١ی ئازار بە کاتێکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت هەم لە ڕووی ئەفسانەیی و هەم لە ڕووی جوگرافییەوە نەورۆز نیشانەی پەرۆشی ڕۆژێکی نوێیە بۆ کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە بەبیری هێنایەوە، دوای ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دامەزرا و کوردستان دابەش بوو، داگیرکەران بە بەردەوامی هەوڵیاندا نەورۆز لە کوردان قەدەغە بکەن، بۆیە کردنەوەی ئاگر بۆ ماوەیەکی زۆر قەدەغەکرا پێویستە ئێستا قەدەغەی کلتور و زمان و ژیانی گەلی کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا هەڵبگیرێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، پەیماننامەی لۆزان دەبێت لە ساڵی ١٠٠هەمیندا دووبارە هەڵبسەنگێنرێتەوە و وتیشی: ئێمەی کورد لە سوریا و رۆژئاوای ساڵانێکە سیاسەتی لەناوبردن و جینۆساید و سوکایەتی و ئازاری ڕژێمی بەعسمان بینیوە بۆیە دەڵێین ئەمە پێویستە ئێستا کۆتایی پێ بێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی جینۆسایدی کورد، بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و شارستانییەت پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر گەلی کورد بگرنە ئەستۆ و وتی: وەک چۆن نەورۆز نیشانەی برایەتی و ئاشتی و ئازادیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیمان ئەم جوانیە لەبیرکراوە دووبارە بنیاتبنینەوە ئەوەی بەسەرماندا دێت ئەوەیە کە ئەم ڕۆژە مانادار بکەینە ڕۆژی ئاشتی”.

ها-ع

Comments are closed.