سەرۆك كۆماری عێراق: عێراق بەدەست كەمی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەناڵێنێت

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەدەست كەمی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەناڵێنێت، هەر بۆیە ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ کارکردنی هاوبەش بە مەبەستی دەربازکردنی ئەو دۆخەی عێراقی تیادایە.

عەبدولـلەتیف جەمال ڕەشید، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە نیویۆرك، پێشوازی لەبەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمیسیۆنی ئابووری و كۆمەڵایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا كرد، لە میانی كۆبوونەوەكەدا باس لەكەمی بەردانەوە ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە كراوە، كە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە میانی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە هاریكاری عێراق كرد، بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكان لەبواری ئاودا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق بەدەست كەمی بەردانەوەی ئاوی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەناڵێنێت، ئەمەش ڕێژەی وشكەساڵی و بیابانبوونی لە وڵاتدا زیادیكردووە.

عەبدوللەتیف ڕەشید وتوشییەتی، لە هەوڵی ئەوەدان پشكێكی پێویست و دادپەروەرانە لە ئاو بەدەستبهێنێنن، جەختی لەسەر پێویستی دەركردنی یاسایەک كرد، كە دۆسیەی ئاوی وڵاتانی كەنار دەریاكان ڕێكبخاتەوە.

سەرۆك كۆمار باسی گرنگی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، بۆ تێپەڕاندنی كاریگەرییەكانی قەیرانی ئاو و گۆڕانی كەشوهەوا.

لەو دیدارەدا سەرۆک کۆماری عێراق تیشکی خستە سەر پرسی ئاوارەكان و پێویستی چارەسەركردنی دۆسیەكانیان بە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لای خۆیەوە، لەبەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستەی ئابووری و كۆمەڵایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا ڕایگەیاند، دەستەكەیان لەو ناوچانەی عێراق كاردەكات، كە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە كاریگەرییان لەسەر بەجێماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەكانیان بۆ بنیاتنانی دامەزراوەكان و ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكان چڕ تر دەكەنەوە.

ه.ئ

Comments are closed.