ئوردن لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نەسیبەوە حەوت بارهەڵگری هاوكاری نوێی لە كەرەستەی پزیشكی و فریاگوزاری گەیاندە سوریا، بەوەش کۆی ژمارەی ئەو بارهەڵگرە ئوردنیانەی هاوکاریان گەیاندووە بە سوریا گەیشتوەتە ١٣٨بارهەڵگر.
باسل كاید، بەرپرسی كاروباری باڵیۆزخانەی ئوردن لە دیمەشق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، دوێنێ وڵاتەکەی حەوت بارهەڵگری هاوكاری كە لە كەرەستەی پزیشكی و فریاگوزاری و مرۆیی پێكهاتبوون، لەسنوری نەسیبەوە گەیاندووەتە سوریا، لەنێو هاوكارییە پزیشكییەكاندا ئامێرێكی چارەسەری گورچیلە بە سەرجەم پێداویستییەكانییەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی ئوردن، كە لە چوارچێوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە لەڕێگەی وشكانییەوە تا ئێستا گەیشتوونەتە سوریا گەیشتووەتە ١٣٨ بارهەڵگر، كە سەدان تۆن كەرەستەی پزیشكی و مرۆیییان هەڵگرتووە.
ڕۆژی ٦ی شوبات زنجیرەیەك بومەلەرزە باكوور و رۆژئاوای کوردستان و توركیا و سوریای هەژاند، بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی ڕێختەر بوو بە هۆیەوە زیاتر لە ٥٥ هەزار قوربانی لێكەوتەوە و نزیكەی ٢٠٠ هەزار كەسیش ئاوارەبوون.
هـ.ئ
Comments are closed.