بایدن جارێکی دیکە ئەردۆغانی بانگهێشتی ‘لوتکەی دیموکراسی’ نەکرد

ئەردۆغان بەهۆی دژایەتی دیموکراسی بانگهێشتی 'لوتکەی دیموکراسی' نەکرا

لە کاتێکدا بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەشت وڵاتی بانگهێشت نەکراوی پێشتری بۆ ‘لووتکەی دیموکراسی’ بانگهێشتکردەوە بەڵام ئەنجارەش ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بانگهێشت نەکرایەوە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ‘لوتکەی دیموکراسی’، کە دوای دوو ساڵ جارێکی دیکە بەڕێوەدەچێت، تورکیا و هەنگاریای بانگهێشت نەکرد بەڵام هەشت وڵات کە لە لوتکەی پێشترا بانگهێشتنەکرابون بۆ ئەمجارە بانگهێشت کراونەتەوە.

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی، لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە تورکیا و هەنگاریا کە هاوکات ئەندامی ناتۆن، بانگهێشتی ‘لوتکەی دیموکراسی’نەکراون.

لە ڕاپۆرتی گۆڤارەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی خراپی ئەردۆغان لە دژایەتی دیموکراسیدا کراوە و دەڵێت، ئەردۆغان دەسەڵاتی لای خۆی کۆکردەوە و گروپە دیموکراسیەکانی وڵاتەکەی تەسفیە کرد.

بەرپرسێکی ئیدارەی بایدن لە ڕاپۆرتەکەیدا وتویەتی، ئامانجی لوتکەکە “خستنەڕووی بۆچوونێک نییە لەسەر ئەوەی کە دیموکراسی وڵاتێکی دیکە چەندە بەهێزە”.

وتیشی: ئێمە پابەندین بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و هەنگاریا، هەردووکیان هاوپەیمانی گرنگی ناتۆن؛ ئێمە پێکەوە کاردەکەین لەسەر زۆر بابەت و بەرژەوەندی هاوبەش.

لوتکەی دیموکراسی کە لە ٢٨-٣٠ی ئازار بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا، کۆستاریکا، کۆری باشوور، هۆڵەندا و زامبیا بە هاوبەشی میوانداری دەکەن و وڵاتانی هندۆراس، کەناری عاج، گامبیا، مۆریتانیا، مۆزەمبیق، تانزانیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و لیختنشتاین کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بانگهێشت نەکرابوون، ئەمساڵ بەشداری لە لوتکەکەدا دەکەن، کە نزیکەی ١٢٠ وڵات بانگهێشتی لوتکەکە دەکرێن.

یەکەمین لوتکەی دیموکراسی، کە کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو و ئۆنلاین لەسەر بابەتەکانی وەک ‘بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە دژی پاوانخوازی، ڕۆڵی ژنان لە دیموکراسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی’ بەڕێوەچوو، لە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو. ئیدارەی بایدنیش تورکیا و هەنگاریای بۆ ئەم لوتکەیە بانگهێشت نەکرد.

ها-ع

Comments are closed.