هاوپەیمانی فەتح: ئەمریكا هاوكاری شانە نوستووەكانی داعش لە عێراق دەكات

ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، فڕۆكەكانی ئەمریكا پاڵپشتی گروپی چەتەكانی داعش و شانە نوستووەكانییان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەكات، دەشڵێت، ئەو فڕۆكانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

عودەی خەدران، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، فڕۆكەكانی ئەمریكا پاڵپشتی گروپی چەتەكانی داعش و شانە نووستووەكانییان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەكەن، بەتایبەتی ناوچە دوورە دەستەكان و ناوچە كێشە لەسەرەكانی وەك پارێزگاكانی دیالە و كەركوك و سەڵاحەدین و ناوچەی وادی حوران، كە پێداویستی و چەك بۆ چەتەكان دەگوازێتەوە.

عودەی خەدران

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی بوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچە جیاجیاكان، فڕِۆكەكانی ئەمریكا چەتەكان لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگوازنەوە، بەو پێیەی ئاسمانی عێراق كراوەیە بەڕووی فڕۆكەكانی ئەمریكادا، تیایدا سەروەری خاكی عێراق پێشێل دەكات.

ئەوەشیخستەڕوو، بڕگەی ڕێككەوتنە ستراتیژییەكان تاكە ڕێگەیە عێراق پەنای بۆببات، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی ئاسمانی و ڕێگریكردن لە هاتنە ژوورەوەی هەر فڕۆكەیەك بەبێ پشكنینی ورد بكات.

لەكۆتایشدا وتی، بەشێكی زۆری ئەو پێشێلكارییەكان لەعێراق دووبارە بووەتەوە، بەهۆی بوونی ڕێڕەوی نەناسراوە، كە فڕۆكەوانانی ئەمریكی بەكاری دەهێنن و سەروەری خاكی عێراق پێشێل دەكەن، كەسیش نازانێت ئەو فڕۆكە زەبەلاحانە چییان هەڵگرتوە.

ه.ئ

Comments are closed.