حکومەتى عێراق: دەبێت تورکیا گەرەنتی پشکی ئاوی عێراق بکات

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوای لە تورکیا کرد بڕێکی زیاتر لە ئاوی روباری فوڕات بەربداتەوە و دەشڵێت:لە ئێستادا کاری لەپێشینەی حکومەت ئەوەیە دۆسێ ئاوی کردووەتە دۆسیەیەکی سەرەکی، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا چەند ئەنجامێکی ئەرێنی هەبووە لەوانەش رازیبوونی تورکیا بە بەردانەوەی ئاوی روباری دیجلە بەرێژەی دوو هێندەی مانگەکانی پێشوو بۆ ماوەی یەک مانگ.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی کێشەی کەمئاویی و کەمبوونەوەی رێژەی ئاو، لە ئێستادا کاری لەپێشینەی حکومەت ئەوەیە دۆسێیەی ئاوی کردووەتە دۆسێیەیەکی سەرەکی، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.

هاوکات عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات رێژەیەکی زیاتر لە ئاوی روباری فوڕات بەربداتەوە و بۆ ئەمەش لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و تورکیا بۆ بەدواداچوونی بەردانەوەی رێژەی زیاتری ئاو گفتوگۆ بکرێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، پێویستە گفتوگۆکان بۆ بەردانەوەی ئاو لەسەر رێژەیەکی جێگیربێت کە تورکیا گەرەنتی پشکی عێراق بکات لە هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات.

هەروەها وەزارەتی ئاوی عێراق جەختیکردوەتەوە، پێویستە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ٢٠٢١ چالاک بکرێت کە هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی واژۆیان کردووە و چەند خاڵێکی لەخۆی گرتووە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات.

لە کۆتاییدا ئەوەش خستووەتەڕوو، هەردوو لایەنی عێراق و تورکیا بەردەوامدەبن لە گفتوگۆکردنی هونەری لە رێگەی سەردانیکردنی شاندەکانیانەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک هەردوولا پێی رازیبن.

Comments are closed.