چۆن ڕەمەزانێکی تەندروست بە ڕێبکەین لەگەڵ بوونى نەخۆشی زەخت؟

کۆمەڵگەی پزیشکی هاوڵاتی بڵاویکردەوە، بەپێى توێژنەوەکان ئەو کەسانەی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە دەتوانن لە مانگی ڕەمەزاندا بە ڕۆژووببن، بەڵام ڕاوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن، چارەسەرەکانیان لەکاتى خۆیدا بخۆن، وەرزش بکەن، بەکارهێنانى خوێ کەم بکەنەوە.

کۆمەڵگەی پزیشکی هاوڵاتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چۆن ڕەمەزانێکی تەندروست بە ڕێ بکەین لەگەڵ نەخۆشی زەخت، کە دەقى نوسینەکەیان بەمجۆرەیە:-

زۆرینەی توێژینەوە پزیشکیەکان دەریان خستووە، کە ئەو کەسانەی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە دەتوانن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بەڕۆژووببن ئەگەر هیچ کێشەیەکی تری تەندروستی یان نەخۆشی تریان نەبێت.

بەڵام بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیت ئەبێت ڕاوێژ بە دکتۆرەکەت بکەیت بۆئەوەی بزانیت، کە ئایە بەڕۆژووبوون کاریگەری هەیە لەسەر پەستانی بەرزی خوێنەکەت یان نا هەرکاتێک دکتۆرەکەت دڵنیای کردیتەوە، کە بەڕۆژووبون کاریگەری خراپی نیە لەسەر تەندروستیت دەتوانیت بەڕۆژوو بیت.

ئەگەر هاتوو پزیشکەکەت ڕێگەی دایت تاوەکو بە ڕۆژوو ببیت ئەوە ئەم چەند ڕێنمایەی خوارەوە جێبەجێ بکە، کە نوێترین ڕێنماییی تەندروستین بۆ ئەو کەسانەی، کە نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێینیان هەیە و لەمانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو ئەبن

ڕێنمایەکان بریتین لە :-

یەکەم- ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە

نەخۆشانی بەرزی فشاری خوێن پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکەکەیان بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی، کە تەندروستن و دەتوانن بەڕۆژوو بن وە دکتۆرەکە کات و چۆنیەتی خواردنی دەرمانەکەت بۆ بگۆڕێت بەو جۆرەی، کە گونجاوە لەگەڵ کاتی خەوتن و نانخواردنی کەسەکە .

 دووەم- خۆپاراستن لە وشکبوونەوەی جەستە

 لەکاتى بەربانگدا بڕێکی زۆر لە شلەمەنی و شەربەتی سروشتی بخۆرەوە بۆ ئەوەی لە تێنویەتی و وشکبوونەوەی جەستە بەدووربیت .

سێیەم- بەکارهێنانی دەرمانەکان

دەبێت لەمانگی ڕەمەزانیشدا دەرمانەکان زۆر بەجوانی و بە ڕێکی بەکاربهێنیت نابێت واز لە خواردنی دەرمانەکانت بهێنیت وە بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ سەردانی دکتۆرەکەت بکەیت تاوەکو کات و چۆنیەتی خواردنی دەرمانەکانت بۆ دیاری بکات .

چوارەم- ڕێجیمێکی باش

ڕێجیمێکی باش پەیڕەو بکە بە کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی و بڕی ئەو خۆراکەی، کە ئەیخۆیت، چونکە توێژینەوەکان دەریان خستووە، کە پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی خۆراکی تەندروست دەتوانێت هەم مەترسی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن کەم بکاتەوە وهەم پەستانی خوێن دابەزێنێت، کە پێشووتر بەرزبووە .

بۆ ئەوەی ڕێجیمێکی تەندروست ئەنجام بدەی ئەم ڕێنمایە خۆراکیانەی خوارەوە  جێبەجێ بکە:

یەکەم- سەوزە و میوە بکە بە بەشێکی سەرەکی لە ژەمەکانی ڕەمەزاندا،  چونکە سەرچاوەیەکی گرنگی پۆتاسیۆمن، کە یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی پەستانی خوێن.

دووەم- دووربکەوە لە هەر خواردنێک، کە چەوری زۆر تێدابێت .

سێیەم- دوور بکەوە لە ماددە هاندەرەکانی وەک قاوە و چا و ئەو خواردنەوە گازیانەی، کە کافایینیان تێدایە، چونکە ئەبنە هۆی بەرزبوونەوەى پەستانی خوێن .

چوارەم- بەرهەمە شیرەمەنیە کەم چەورییەکان بخۆ، چونکە بەرهەمە شیرەمەنیەکان پۆتاسیۆمی زۆر تێدایە، کە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن دەدات و ئێسک بەهێز دەکات .

پێنجەم- دووربکەوە لە گۆشت و پەنیری خۆشکراو، چونکە بڕێکی زۆر لە سۆدیۆمی تێدایە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن .

شەشەم- بەلایەنی کەمەوە هەفتەی دووجار ماسی بخۆ، بەو پێیەی چەورییەکی تەندروست لەخۆدەگرێت، کە پێی دەوترێت ئۆمیگا ٣ کە یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات و ڕێگری دەکات لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و سەرچاوە باشەکانی ئۆمیگا ٣ بریتین لە ماسی سەلەمون و سەردین.

حەوتەم- گۆشتی سوور و گۆشتی پەلەوەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخۆ.

کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ :

دووربکەوە لە خۆراکانەی سۆدیۆمیان زۆرە وەک تورشیات و خیاری خۆشکراو وە زەیتوونی خۆشکراو بەخوێ لە جێگای بەکارهێنانی ئەمانەدا زەڵاتەیەکی سەوزەی فریش بخۆ، کە سودی زۆر زیاترە .

بەردەوام بن لە وەرزشکردن:

 وەرزشکردن لە مانگی ڕەمەزاندا یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە ئەو چالاکییە جەستەییانەی، کە موسڵمانان ئەنجامی دەدەن ماوەیەک دوای ئیفتار و لەکاتی نوێژی تەراویحدا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بەرزی پەستانی خوێن.

وازهێنان لە جگەرەکێشان:

ئەو نەخۆشانەی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە، پێویستە ڕەمەزان بە دەرفەتێکی نایاب بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان بزانن، چونکە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە، هەروەها مەترسی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

کێش دابەزاندن:

 ڕەمەزان دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی وردە وردە کێشت دابەزێنیت.  توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە دابەزاندنی کێش یارمەتیدەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەستانی خوێن لە مانگی ڕەمەزاندا تەنانەت ئەگەر هاتوو لە سەدا پێنجیش بێت .

ڕۆژانە چاودێرى پەستانى خوێنەکەتان بکەن

بە درێژایی بە ڕۆژووبوونەکەت لە رۆژدا چاودێری زەختەکەت بکە بۆ ئەوەی بتوانی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکەیت و لە هەر حاڵەتێکی لەناکاوی بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوە زوو چارەسەری بکەیت، هەرکاتێک نیشانەکانی ژانەسەری توند یا سەرگێژبوونت هەبوو ئەوا راستەوخۆ دکتۆرەکەت ئاگادار بکەرەوە .

ئ.م

Comments are closed.