پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە ئێران ئاڵای سەرهەڵدانیان بە شەكاوەیی ڕاگرتووە

جارێكی دیكە لە دژی دەسەڵاتی ئێران، پێكهاتەكانی بەلوچ و توركمان، كە شوێنكەوتووی ئایینزای سوننەن، ڕژانە شەقام و ئاڵای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییان شەكاندەوە.

دوێنێ و لە ٢٦ـەمین هەینی توڕەییدا، هەزاران كەس لە دانیشتوانی شاری زاهیدانی، ناوەندی پاڕێزگای بەلوچستان، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دژی دەسەڵات، خراپی دۆخی ئابووری، سەركوت و كەشی داخراوی سیاسی دروشمیان وتە.

خۆپیشاندەران نەك هەر دژایەتی خۆیان بۆ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، بەڵكوو بۆ پاشایەتی خوازان دەربڕی و یەك سەدە دەسەڵاتداری ئەو دوو سیستمەیان بە سەدەیەكی پڕ كارەسات ناوبرد.

هاوكات خۆپیشاندەرانی بەلوچ، جەختیان لەسەر خواستی خۆیان بۆ چەسپاندنی سیستمێك لە ئێران كردەوە، كە تێیدا سەرجەم پێكهاتەكان بە مافەكانیان بگەن و ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەببەن.

ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانیش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەی زاهیداندا كرد و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە.

لەلایەكی دیكەوە لە شاری گالیكشی سەر بە پارێزگای گوڵستان، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانی سوننەن، جارێكیتر خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێووەچوو و تێیدا خۆپیشاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی بەلوچستان و سەرجەم ناوچەكانی ئێران دەربڕی.

ڕۆژی هەینی ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢، لە ڕۆژانی سەرەتایی دەستپێكردنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، خۆپیشاندانێكی گەورە لە شاری زاهیدان ئەنجامدرا و تێیدا هێزەكانی دەوڵەت بە زەبری چەك و توندتوتیژی هەوڵی بڵاوەپێكردن بە خۆپیشاندەرانیاندا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر كوژران و ئەو ڕۆژەش وەك هەینی خوێناوی ناودێر كراوە.

لەدوای هەینی خوێناوییەوە، هەموو ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندانی گەورە لە زاهیدان و چەند شاڕێكی دیكەی بەلوچستان بەڕێوەدەچێت.

ڕ.ڕ

Comments are closed.