ئەنجومەنی یاسادانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاسای خێزانی دەرکرد، کە لە یاساکەدا فرە ژنی و بەشوودانی منداڵ تاوانن و سزای بەندکردن و پێژماردنی بۆ دیاری کردووە.
لەمانگی شوباتی ئەمساڵ ئەنجومەنی یاسادانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاسای خێزانی دەرچوواند، کە لە پێناو هاوژیانێکی ئازاد و دیموکراتیانەدا گەڵاڵەکراوە لە ٤١ ماددە و بڕگەی جیاواز پێکدێت.
ژیانی خێزانیی، پرۆسەی هاوسەرگیری، جیابوونەوە دیاری کراوە، هەوڵدراوە لە گەڵاڵەیاساکەدا یەکسانی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو ڕەچاو بکرێت، هەموو بڕگەکانی تایبەت بە ژیانی خێزانی، پێکەوەنان و پڕۆسەی هەڵوەشانەوە و مافەکانی ژن و پیاو و منداڵ دیاری بکات.
ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لە یاساکەدا، دیاردەکانی فرەژنی، ژن بە ژن، هاوسەرگیری ژێر تەمەنی ١٨ و هاوسەرگیری زۆرەملێی، وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەزگای پەیوندیدار بۆ لێپێچێنەوە دەستنیشان کراوە لە یاساکەدا، نەک تەنیا ئەنجامدەرانی ئەو دیاردانە بەڵکو شایەتحاڵ و هاوبەشەکانیش سزا دەدرێن.
لە بڕگەی یاساکەدا ڕۆڵی ڕێکخراوەی ژنان و خانەی ژنان ئاماژەی پێکراوە و ڕۆڵیان پەراوێز نەکراوە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا.
تەواوی یاساکە وەک خێزان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئیرادەی ژن و پیاو و منداڵ، مامەڵە لەگەڵ هاوسەرگیری دەکات و نایبەستێتەوە بە هیچ دەزگا و بەهایەکی تری باوەڕ و ئایدۆلۆژییەوە.
گرنگی و تایبەتمەندی یاسای خێزان
دیاردەکانی فرەژنی، ژن بە ژن، هاوسەرگیری پێکردن لە تەمەنی خوار ١٨ و هاوسەرگیری زۆرەملێی، ئەو گرفتانەن کە کۆمەڵگەکان بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەی گیرۆدەبوون، ژنان و ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بێ وچان لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو دیاردانە و بە تاوان لە قەڵەمدانی بەرامبەر مرۆڤایەتی.
چۆن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵە لەگەڵ فرە ژنیدا دەکەن؟
یاساکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ فرەژنی جیاوازن، لە زۆربەی ئەو ڵاتانەدا فرەژنی بە پێی یاسای ئیسلامی ڕێگەپێدراوە، کە پیاو هاوسەرگیری لەگەڵ ٤ ژن ئەنجام بدات.
بەپێی دواین ڕاپۆرت و ئامارەکان، فرەژنی لە تونس و تورکیا تاوانە، بەڵام لە کوەیت زۆرترین ڕێژەی فرە ژنی هەیە و لەدوای ئەویش وڵاتی قەتەر دێت.
لە جیهانیشدا لە کۆی ٢٠٠ وڵات تەنها لە ٥٨ وڵاتدا، فرەژنی بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای یاسایی بۆ داندراوە، بەڵام ئەوەی سەرەنج ڕاكێشە ساڵی ٢٠٢٠، لە ویلایەتی یۆتای ئەمریکا، لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا لەسەر فرەژنی لەو ویلایەتە پەسەند کرا.
لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان فرەژنی مەرجدار کراوە و پێویستی بە چەند ڕێکارێکی توند هەیە، بەڵام بەهۆی لاوازی لە جێبەجێکردنی یاساکەدا، نەتواندراوە ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت و لە کۆمەڵگەدا بسڕدرێتەوە.
بەپێی دواین ئامارەکان، ڕێژەی فرەژنی لەنێو میسرییەکان گەیشتووەتە ٤٪ ، عێراق و سووریا ڕێژەکە ٪٥، لەکاتێکدا لە وڵاتانی کەنداو دەگاتە نزیکەی ٨٪، بەڵام بەگوێرەی بی بی سی عەرەبی، ئەو ئامارە فەرمییانە ڕەنگدانەوەی واقیعی دۆخەکە نین، چونکە زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان بە نهێنی و بەبێ تومارکردن ئەنجام دەدرێن.
هاوسەرگیری پێشوەختە
دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە تەنها لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بڵکو گرفتێکە کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسێفی تایبەت بەمنداڵان، ساڵانە ١٢ ملیۆن کچ لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت.
بێگومان هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش بەدەرنین لەو دیاردەیە و بەپێی ئاماری سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە، هاوسەرگریی پێشوەختە لە عێراق گەیشتووەتە ٢٥.٥٪ و لە هەرێمی کوردستانیش گەیشتووەتە ٢٢.٦٪.
سووریاش بەهەمان شێوەی وڵاتانی ناوچەکە، ئەنجامدانی هاوسەرگیری خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا لە ٪٧ بۆ ٪١٥ بەرزبووەتەوە، بۆیە لە یاسای خێزانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بەتاوان هەژمارکراوە و سزای پێبژاردن و بەندکردنە لە نێوان ساڵێک تا سێ ساڵی بۆ دانراوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە بزاندرێت دەرچواندنی یاسایەک چەند گرنگە و پێوستی بە وردەکارییە تا یاسایەکی تۆکمە و بەهێز بێت، ئەوەندەش پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی هەیە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەربارەی یاساکە.
لەو چوارچێوەیەشدا، لە پێناوی هاوژیانێکی ئازاد و دیموکراتیانەدا، بۆ ئەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیاریان بەرامبەر یاساکە و بڕگەکانی هەبێت، ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، خانەی ژن ( ماڵا ژن) و کۆنگرەی ستار لە هەوڵی ئەوەدان کە گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئەو یاسایە لە نێو کۆمەڵگەدا بکەنەوە.
لە ئاکادیمیاکان، بەڕێی دەزگاکانی پەروەردە لەسەر ئەرک و مافەکان و دەقی یاساکە ژن و پیاوان پەروەردە بکەن، تەنانەت ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لەسەر دەقی یاساکە ڕایگەیاند، کە ئەوە هەنگاوێکی سەرەتایە و لە داهاتوودا هەوڵ دەدەن کە کۆدەنگییەک لە نێو بزوتنەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا دروست بکەن بۆ ئەوەی یاساکە لەوەی هەیە زیاتر دیموکراتیزە بکەن و هەوڵی هەموارکردنەوەشی بدەن.
ش. ئـ
Comments are closed.