سەرۆکى ئەمریکا هەڕەشەى توند لە ئێران دەکات

پاش ئەوەى ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن گروپەکانى سه‌ر به‌ ئێران كرایه‌ ئامانج، ئەمڕۆ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگەیاند: “نامانه‌وێت لەگەڵ ئێران بکەوینە شەڕەوە، بەڵام با خۆیان بۆ ئێمە ئامادە بکەن، چونکە بە توندی گورز دەوەشێنین”.

رۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەمان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن گروپەکانى سه‌ر به‌ ئێران كراوەتە‌ ئامانج و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێکى وڵاتەکەمان کوژراوە.

هەروەها، دواتر لە شەوى ٢٤ ى ئەم مانگە ئەمریکا لە ڕێگەى هێرشى ئاسمانیەوە کۆگایەکی چەکی لە بوکەمال لە سنوری دێرەزۆر کردە ئامانج و بەپێى ڕاگەیەندراوى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو هێرشەدا شەش چەکدارى لایەنگرى تاران کوژراون و دوو چەکدارى دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، “نامانه‌وێت لەگەڵ ئێران بکەوینە شەڕەوە، بەڵام با خۆیان بۆ ئێمە ئامادە بکەن، چونکە بە توندی گورز دەوەشێنین”.

جێگەى ئاماژەیە، دواى ئەنجامدانى هێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازییەکەى ئەمریکا لە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى قەسەدە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئیدانەی ئەو هێرشە ترسناکە دەکەین، جەخت لە هاوکاری بەردەواممان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دەکەینەوە لە شەڕی دژی چەتەکانى داعش و پشتگیریکردنی سەقامگیری ناوچەکە.

ئ.م

Comments are closed.