لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سزای لەسێدارەدان بەسەر پێنج هاوڵاتی سەپێندرا

دادگای شۆڕش، لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای زیندان و لەسێدارەدانی بەسەر ١٠ هاوڵاتی خەڵكی ئەو پارێزگایەدا سەپاند.

ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای شۆڕش لە شاری وڕمێ سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر پێنج هاوڵاتی و سزای لەسێدارەدانیشی بەسەر پێنچ هاوڵاتی دیكەی ئەو پارێزگایەدا سەپاندووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو ١٠ هاوڵاتییە، كە سەرجەمیان خەڵكی پارێزگای ورمێن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە تۆمەتی “تێوەگلان لە هاوكاری هەواڵگری و سیخوڕی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل”، ئەو سزایانەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو ماڵپەڕە، هەریەك لە “نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەرحازو و مەنسوور ڕەسووڵی” لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها هەریەك “كامەران هەنارە، فەخرەدین دودكانلووی میلان، ئەشكان عوسمان نەژاد، حسێن عومەرپور، ئەمیر كوشتاق گەنگەچین”، بە هەمان تۆمەتی “تێوەگلان لە هاوكاری هەواڵگری و سیخوڕی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل” سزای ١٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان هەروەها، لە زاری سەرچاوەیەكەوە كە ناوی ئاشكرا نەكردووە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو ١٠ هاوڵاتییە، بەهۆی ئەوەی بەتوندی ئەشكەنجە دراون و هەروەها هەڕشەی ئەوەیان لێكراوە، كە ئەندامانی دیكەی خێزانەكانیان دەستبەسەر و دەستدرێژی دەكرێتە سەریان بە زۆرەملێ ناچار بوون دان بەو تۆمەتەدا بنێن، بەڵام دواتر لە كاتی دادگایی كردنیان سەرجەم بانگەشەی لێكۆڵەرە ئەمنیەكانیان ڕەتكردووەتەوە و باسیان لەوەكردووە، لە كاتی لێپێچینەوە لەگەڵیان ئەشكەنجە دراون.

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتریش چەندین كەسی دیكە لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزایان بەسەردا سەپێندراوە و چەند كەسێكیش لە سێدارەدراون، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا دەركەوت، كە بەشێكی زۆری دەستگیركراوەكان لە ژێر ئەشكەنجەدا ناچار بە دانپێدانان كراون.

ڕ.ڕ

Comments are closed.