پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كانتۆنی جنێڤ لە سویسرا، لەبارەی دانانی پەكەكە لە لیستی ڕێكخراوە قەدەغەكراوەكان ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە بەواتای هاوكاری كردنە لەو شەڕە چەپەڵەی ئەردۆغان دژی كوردان ئەنجامی دەدات، وتیشی: پەكەكە بزوتنەوەیەكی خۆڕاگرییە و بە دەیان ساڵە بەرخودان دەكات.
ڕیمی پاگانی، سەرۆكی پێشووی شارەوانی جنێڤ و پەرلەمانتاری پەرلەمانی كانتۆنی جنێڤ لە سویسرا لە لێدوانێكدا بۆ میدیا هابەر لەبارەی هاوكارییەكانی ئەردۆغان بۆ داعش و ئەو سیستمەی ئەردۆغان پەیڕەوی دەكات، هەروەها دانانی پەكەكە لە نێو لیستی ڕێكخراوە قەدەغەكراوەكان قسەی كرد.
ڕیمی پاگانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ژمارەی گەلی كورد لە توركیا لە ژمارەی توركەكان زیاترە، هاوكات كورد پرۆلیتاریا و چینی كرێكاری توركیا پێكدەهێنن، سەرباری ئەو ڕاستیانەش نكۆڵیكردن لە كوردان كێشەیەكی گەورەیە و دانپێدانەنان بە هەبوونی گەلی كورد بابەتەكەی تائاستی تێكۆشانی چەكداریش بردووە، لەمڕۆدا باسكی و كاتالانەكان دەستیان بە قسەكردن بە زمانی خۆیان كردووە، دەتوانین سویسڕاش وەك نمونە بهێنینەوە، هەر كۆمەڵگایەك ڕێزی لە كلتوور و زمانی ئەوانی دیكە گرت و توانیان پێكەوە بژین، بەڵام بەڕێوەبەریی تورك كە بورژوازیای تورك پێكدەهێنێت، زمان، كلتوور و ناسنامەی كوردانی قەدەغە كرد و شەڕی بەسەردا سەپاندن، دەوڵەتی تورك لەم سەردەمەشدا هێشتا پەرلەمانتارانی كورد زیندانی دەكات و ئەمە مایەی قەبوڵكردن نییە.
ڕیمی پاگانی هەروەها لە درێژەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەلایەكی دیكەوە ئێمە ڕووبەڕووی ئەزمونێكی دیموكراتیكین، كە لەلایەن پەكەكەوە لە ڕۆژئاڤا دروست كراوە و بۆ ئەوروپاش نمونەیە.
“هەمووان بە هاوكارییەكانی ئەردۆغان بۆ داعش دەزانن“
پاگانی هێمای بۆ ئەوەشكرد، وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ لەناوبردنی داعش پێویستیان بە كورد هەبوو، لە سایەی كوردانەوە مەترسی تیرۆریش لەناو برا، بەڵام دەوڵەتانی ئەوروپی ڕێگە دەدەن، كە ئەردۆغان هێرش بكاتە سەر كوردان، ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەوروپی جێگەی قەبوڵكردن نییە، دوو ساڵ لەمەوبەر چوومە باكوری عێراق، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی من لەوێ دەستنیشانم كردن، ئەردۆغان لە گەڵ بەڕێوەبەری ئەوێ ڕێككەوتن و گرێبەستی ئابووری واژۆ كردووە و پشتگیری لە داعشیش دەكات، پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و داعش نوێ نییە، هەموو كەس ئەوە دەزانێت، لەو چوارچێوەدا ئەردۆغان پەكەكە بە بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم خۆی دەبینێت.
“ڕژێمەكەی ئەردۆغان سیستمێكی دیكتاتۆرییە“
ڕێمی پاگانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوەكرد، ڕژێمی ئەردۆغان بە تەواوەتی سیستمێكی دیكتاتۆرییە، بۆ نموونە، بۆچی سەرۆكی پێشووی شارەوانی ئامەد، گوڵتەن كشاناك لە زینداندایە، ئەمانە ئەگەر دیكتاتۆری نەبن چ شتێكن؟ كاتێك لە كوردستانی عێراق قسەم لەگەڵ شەڕڤانێكی كورد دەكرد، وتی: لە ئەنجامی هێرشەكان كەسانی مەدەنیش دەكوژرێن، بە داخەوە هیچ شتێك بە دەست شەڕڤانانی كوردەوە نییە، كە لە دژی تەكنەلۆژیا بوەستنەوە، دەوڵەتی تورك بەو هێرشانەی تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات.
“پەكەكە بزوتنەوەیەكی خۆڕاگرییە“
پاگانی باسی لەوەشكرد، ناتۆ نایەوێت لە توركیا خۆبەڕێوەبەرییەكی كورد ساز بكرێت، هەربۆیە پەكەكەی لە لیستی تیرۆردا داناوە و پشتیوانی لە شەڕی ئەردۆغان لە دژی كوردان دەكات، من وابیردەكەمەوە، كە پەكەكە بزوتنەوەیەكی خۆڕاگرییە و بەم جۆرەی دەبینم، بە دەیان ساڵە بەرخودان و خۆڕاگریی دەكات.
“دەبێت ئۆجالان ئازاد بكرێت“
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كانتۆنی جنێڤ ئەوەشی خستەڕوو، ئەردۆغان بە شێوەیەكی مێژوویی لە ماوەیەكدا هەوڵیدا كە پرسی كورد چارەسەر بكات و لەو چوارچێوەدا دانوستان و دیدار لەگەڵ ئۆجالان و پەكەكە ئەنجامدران، بەڵام ئەردۆغان هەستی بەوەكرد، كە ئەو قۆناغە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەو نییە، دەستی لە خواستی خۆی بۆ چارەسەری هەڵگرت.
دووپاتیشیكردەوە، بۆ چارەسەری پرسی كورد دەبێت پرۆسەیەك بێتە ئاراوە، كە بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتی كورد بكات، دەبێت سەرەتا ئۆجالان بە لانیكەمەوە بتوانێت لەگەڵ دەرەوەی زینداندا لەپەیوەندیدا بێت، دواتر وەك نوێنەری پەكەكە بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی بۆ قۆناغی چارەسەری بكات، دەبێت ئازاد بكرێت.
ڕ.ڕ
Comments are closed.