دژی بێبەشکردنیان لە خوێندن و فێربوون خۆپیشاندانی ژنانی ئەفغانستان سەریهەڵدایەوە

ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان لە شاری مەزار شەریفی ئەفغانستان، دژی بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە خوێندنگە و زانکۆکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان، ژنان لە شاری مەزار شەریف لە هەرێمی بەلخ، جارێکی دیکە ناڕەزایەتییان دژی بڕیارەکانی تاڵیبان دەربڕی و داوایان کرد، کە ئەو ڕێگرییانەی سەپاندوویانە بەسەر ژنانی وڵاتەکەدا، بەتایبەت داخستنی خوێندنگە و زانکۆکان کۆتایی پێبهێنێت.

کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنی تایبەت بە کچان و هەڵگرتنی کۆت و بەندەکان و سنووردارکردنی کارکردنیان، داوایەکی بەردەوامی ژنانی ئەفغانستانە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەڕێگەی خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان دەربڕیووە، بەڵام تاڵیبان بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە داواکانیان نادات و وەڵامیان ناداتەوە.

بۆ هەمان مەبەست، دوێنێ ،، ژنان دووبارە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، خوێندن و پەروەردە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و نابێت ئەو مافە لە ژنان زەوت بکرێت، داوایان لە گەلی ئەفغانستان کرد، کە هاودەنگیان بن و پێکەوە ڕێگە نەدەن بەو شێوەیە کچان و نەوەی داهاتوو لە خوێندن و زانکۆ بێبەشبکرێن.

لە هەمان ڕۆژدا، ٢٥ چالاکوانی ژنان و ١٤٩ ژنە چالاکوانی مەدەنی، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داخستنی زانکۆ و خوێندنگەکانی کچانیان بە بڕیارێکی شەرمەزارکەر و عەیبەیەکی گەورە لە مێژووی سەدەی ٢١دا ناوبرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرامبەر ژنانی ئەفغانستان پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ڕێگەنەدات پێشکەوتنی پەروەردەیی ٢٠ ساڵی ڕابردوو لە ئەفغانستان لەناو بچێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی ببێتەوە، دەڵێن: “وەک تۆڕێکی داکۆکیکار لە مافی کچان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، داوا لە سەرکردەکانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ڕێوشوێنی هەماهەنگ و بوێرانە بگرنەبەر بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ کچان لە ئەفغانستان”.

ش. ئـ

Comments are closed.