وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا و دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا.

دوای ئەوەی دادگای پاریس لەبارەی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا بریاریدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا ڕایگەیاند: بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.

وەزارەتەکە باس لەوەش دەکات: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدا بووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاندووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری.

ها-ع

Comments are closed.