سبەی شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ شاندێکی حکومەتەکەی سەردانی بەغدا دەکات و دەشڵێت لێکتێگەیشتنییان لەگەڵ بەغدا زەمینەیەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی بڕیارەکەی دادگا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لەبەرژەوەندی بەغدا و دژی تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم  ڕایگەیاند، لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا.

هەرچەندە بارزانی باسی لە ناوەرۆکی بریارەکەی دادگای پاریس دژی فرۆشتنی نەوتی هەرێم هیچ ڕونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام ئاشکرای کردووە، سبەی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات.

ئەوەشی وتووە تیمەکەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوە سەردانی بەغدا دەکات کە لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بدەن.

پەدەکە بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوت لەڕیی دەوڵەتی تورکەوە ناسراوە و لەدوای بڕیاری هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی دۆخێکی سەختی دارایی بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراقی پشکی هەرێمی بڕی.

دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ڕۆژی پێنج شەممە لە بارەی سکاڵاکەی عێراق لەسەر تورکیا بۆ هەنردەکردنی نەوتی هەریم سکاڵآکەی یەکلایی کردەوە و لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا و بەوەش تورکیا ناچارە بەبێ رەزامەندی عێراق نەوتی هەریم نەگەیەنیتە بازاڕەکانی جیهان.

ها-ع

Comments are closed.