پێنج ڕۆژە تەرمی گەنجە خنكاوەكەی دەریاچەی دەربەندیخان نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەردەوامە

دەربەندیخان

لەپاش پێنج ڕۆژە تاوەكو ئێستا تەرمی گەنجە خنكاوەكەی دەریاچەی دەربەندیخان نەدۆزراوەتەوە و تیمەكانی ژێرئاوگەڕ و خۆبەخشانی ناوچەكە لەگەڕان بەردەوامن، برایەكیشی دەڵێت: تیمێك لەبەسڕەوە دێن بۆ دۆزینەوەی تەرمی براكەی.

شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی ئەم مانگە، سامان عەبدوڵای تەمەن ٢٢ ساڵ، لەگەڵ دوو كەسی نزیكی خۆی، لە دەریاچەی دەربەندیخان بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوت، بەهۆی نەزانینی مەلەكردنەوە، سامان ژێر ئاو دەکەوێت و دەخنكێت، لەبەر قوڵی دەریاچەكە كە بەپێی رووپێوی بەنداوی دەربەندیخان لەو شوێنەدا ٥٠ مەتر قوڵە.

داوای ڕووداوەکە تیمەكانی ژێرئاوگەڕتەنها دەتوانن تاوەكو ٢٠ مەتر لەژێر ئاودا ببنە فریادڕەس، تاوەكو ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.

مەسعود عەبدوڵا، برای گەنجە خنكاوەكە بۆ ڕۆژنیوزی وت: سوپاسی لایەنە ئەمنییەكان و خۆبەخشەكانی سەر دەریاچەكە دەكەین، كە لەكاتی ڕووداوەكە بەدەممانەوە هاتوون و بەردەوام لەگەڕاندابوون، بەڵام بەهۆی قوڵی ئاوەكەوە تاوەكو ئێستا نەتوانراوە تەرمەكەی دەربهێندرێت.

هەروەها وتیشی: لەڕێگەی چەند كەسێكەوە پەیوەندیمان بەتیمێكی ژێرئاوگەڕ كردووە لەپارێزگای بەسڕە، ئامادەیی نیشانداوە كە بەزووی خۆی بگەیەنێت بە دەریاچەكە و هاوكارمان بێت لەدەرهێنانی تەرمەكەی.

هەردی محەمەد، بەلەموانێكی سەردەریاچەكە، لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ دەرهێنانی تەرمەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماوەی پێنج ڕۆژە بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوە  و دەرهێنانی تەرمەكەداین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قوڵی دەریاچەكە و ساردی ئاوەكە و نەبوونی كەرەستەی پێویست تاوەكو ئێستا نەمانتوانییوە بیدۆزینەوە.

هـ. ح

Comments are closed.