عێراق داوای زیادكردنی پشكی ئاو لە توركیا دەكات

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، داوای لە توركیا كرد، ئاوی ڕووباری فورات زیاد بكات، هەروەها داوای چالاككردنی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كرد، كە لە ساڵی ٢٠٢١ پەسەندكرا بوو.

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، داوای لە توركیا كرد، ئاوی ڕووباری فورات زیاد بكات، هەروەها داوای بەردەوامی گفتوگۆكانی لەسەر ئاستی وەزاری و تەكنیكی كرد، بۆ بەدواداچوون بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق و دانانی بناغەیەكی پتەو كە پشكی ئاوی عێراق لە لایەن توركیاوە زامن بكات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، داوای چالاككردنی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كرد، كە لە ساڵی ٢٠٢١ پەسەندكرا بوو، كە بڕگەیەكی زۆری لەخۆگرتبوو سەبارەت بە پەرەپێدانی چوارچێوەی هاوكاریی بەرهەمدار و بنیاتنەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوولا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ تەكنیكیەكان بە سەردانی شاندی تەكنیكی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو، كە هەردوولا ڕازی بكات.

جێگای ئاماژەیە، عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی كەمی ڕێژەی بارانبارین ڕووبەڕووی قەیرانی وشكەساڵی بووەتەوە، هەروەها بەرنەدانەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە كاریگەری قەیرانی وشكەساڵی زیاتر لەسەر عێراق دەركەوتووە و بوەتە هۆی چۆڵبوونی چەندین هۆڕ و گوند لەباشوری عێراق.

هـ.ئ

Comments are closed.