لە چى کاتێکدا گەشکە مەترسى لەسەر ژیانى کەسانى تووشبوو دروست دەکات؟

گەشکە چییە؟

ئەمڕۆ ٢٦ی ئازار ڕۆژی جیهانى نەخۆشی( ئپلیپسی) کە بە کوردی بە گەشکە ناسراوە، ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستى جیهانیەوە دەستنیشان کراوە، ساڵانەم لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەو نەخۆشییە بەڕێوە دەچێت.

ماڵپەڕى زانیارى بۆ تەندروستى بڵاویکردەوە، گەشکە کێشەیەکە لە سیستمی کارەبایی مێشکدا، پرتەیەکی کارەبایی بەهێزی ناو مێشک هۆکاری گۆڕانکاری کورتخایەنە لە جوڵە و ڕەفتار و هەستکردن و ئاگاییدا، ئەم ڕووداوانەش ناودەبرێت بە گەشکە، دەشڵێن، هۆکارەکانى تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتین لە بۆماوەیی، جەڵتەى مێشک.

ماڵپەڕى زانیارى بۆ تەندروستى لەبارەى نەخۆشى گەشکە و هۆکارەکانى تووشبوون بەو نەخۆشییە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-

گەشکە کێشەیەکە لە سیستمی کارەبایی مێشکدا، پرتەیەکی کارەبایی بەهێزی ناو مێشک هۆکاری گۆڕانکاری کورتخایەنە لە جوڵە و ڕەفتار و هەستکردن و ئاگاییدا، ئەم ڕووداوانەش ناودەبرێت بە (گەشکە) کە پێدەچێت لە چەند چرکەیەک تاکو چەند خولەکێکی پێ بچێت، ئەو کەسانەی دوو گەشکە یان زیاتری بێ هۆکاریان هەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دا ئەوا تووشی پەرکەم بوونە، نیشانەکانی تووشبوون بە حاڵەتەکە خۆی لە جوڵەی لەناکاو و کۆنتڕۆڵ نەکراو دا دەبینێتەوە.

تێبینی: لەبەرئەوەی، کە گەشکە لەناکاوە و حاڵەتێکی کتوپڕە دەبێ ئەو کەسەی، کە بەسەری دێت پێشووتر ڕێگای سەلامەتی گرتبێتە بەر و لەو کارانە دوور بکەوێتەوە، کە مەترسین بۆ سەر ژیانی، لەوانەش (مەلەکردن، شاخ ڕەویی و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل)، کە لەهۆشخۆچوون لەو کاتەدا مەترسییە بۆ سەر ژیانی کەسەکە.

هۆکارەکانی تووشبوون بە گەشکە کامانەن؟

یەکەم– بۆماوەیی.

دووەم– گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشک.

سێیەم– بەرکەوتنی زەبری توند بە سەر .

چوارەم– جەڵتەی مێشک.

پێنجەم– کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە لەش.

ئایا منداڵان گەشکەیان لێدێت؟

هەندێک لە منداڵانیش تاکو چەند ساڵێک گەشکە بەردەوام دەبێ تیایاندا، زۆرجار کۆرسی دەرمانی ڕێک و پێک دەیوەستێنێت، ئەگەر هاتوو بەو دەرمانانە چارەسەر نەبوو ڕێگە چارەی دیکە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکە دەدات، ئەو منداڵانەی گەشکەیان لێدێت پێویستییان بە ستافی تایبەت هەیە بۆ ئاگاداربوونیان و پاراستنیان لەکاتی بەربوونەوە و لە هۆشخۆچوونیان.

دیاریکردنی گەشکە چۆن دەبێت؟

پزیشک دووبارە پێداچوونەوەی ڕەچەتەی تایبەت بە حاڵەتەکە دەکاتەوە و پشکنینی پێویست دەکات، یەکێک لە پشکنینەکان ناودەبرێت بە ELECTROENCEPHALOGRAM کە تۆمارێکی هێڵیی کارەباییە و کردارێکی بێ ئازارە هەروەها لە شەپۆلە کارەباییەکانی مێشک دەکۆڵێتەوە و کێشەکانی دیاری دەکات، کاتێک شێوازەکانی دەرکەوتنی شەپۆلەکە دەگۆڕێت بەپێی ئەوە دەزانرێت چی بەشێکی مێشک کێشەی هەیە ئەمەش یارمەتی زوو چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات.

بێجگە لە (EEG) پزیشکان سوود لە هەردوو تیشکی (MRI-CT)ـیش دەبینن بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکە، لەوانەیە گۆڕانی شێوەی مێشک و خوێنبەربوون و گرێی شێرپەنجەیی هۆکاربن بۆ گەشکەکە، کە لەڕێی ئەم تیشکانەوە پەی بە حاڵەتەکە دەبەین، شایانی باسکردنە تیشکی CT بەهێزترە لە MRI و یارمەتیدەرێکی باشن لە زوو چارەسەرکردنی حاڵەتەکەدا.

چارەسەری گەشکە بەچى ڕێگایەک دەبێت؟

یەکەم- دەرمانی دژە گەشکە: دەرمانی دژە گەشکە باوترین جۆری دەرمانە بۆ پەرکەم و نەخۆشێکی زۆر سوودیان لێی وەرگرتووە، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هاتوو دەرمانەکە سوودی نەبوو پزیشکی تایبەت هەڵدەستێت بە گۆڕینی کۆرسی دەرمانەکە و بەکارهێنانی چەند دەرمانێکی جیاواز.

دووەم- ژەمە خۆراکی تایبەت: خواردنی خۆراکی تایبەت و جیاواز، کە ڕێڕەوی خۆراک دەگۆڕێت بۆ شێوازێک، کە چەوری بەکاربهێنرێت لە جێی گلوکۆز، پێویستە ژەمەکان دەوڵەمەند بن بە پرۆتین و چەوری بەمەش ئەگەری تووشبوون بە پەرکەم کەمدەکاتەوە.

سێیەم- چارەسەر بە هاندانی دەماری (ڕەگی): کارەبایی مێشک بەتایبەت ڕەگی دەیەم، بەدانانی ئامێری تایبەت لە مل و ناو مێشکدا.

چوارەم- نەشتەرگەری: لە دوو حاڵەتدا دەتوانین سوود لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری ببینین:

یەکەم– ئەگەر هاتوو زانرا ناوچەی پەرکەمەکە لە هەمان شوێنی مێشکدا دووبارە دەبێتەوە، بەلابردنی ئەو بەشە ئەگەری ڕوودانی پەرکەمەکە کەمدەبێتەوە.

 دووەم– گەر بارودۆخێکی جیاواز بوونی هەبێت وەکو گرێی شێرپەنجەیی و لابردنی گرێکە سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکە.

ئ.م

Comments are closed.