سۆران
سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سۆران، بە یەکێک لەو سەنتەرانە دادەنرێت، کە خزمەت بە پرسی ژنان دەکات و توانیویەتی ژنان بە مافەکانیان ئاشنا بکات، بەر لەوەی کەیسی توندوتیژیەکان بگاتە ئاستی سکاڵا تۆمارکردن لەلایەن سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی ڕێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی دەدرێت بە ژنان.
لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماری توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان لەهەڵکشاندایە، ئەگەرچی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و خۆسوتاندن کەمیکردووە، بەڵام تاوانی ئەلیکترۆنی، کە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەنجام دەدرێن زیادیان کردوە، ئەمەش وایکردووە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سۆران، لە ڕێگەی سەنتەری ڕاوێژی خێزانیەوە ساڵانە چەندین چالاکی و سمیناری هۆشیاری و ڕۆشنبیری ئەنجام بدەن.
سەنتەرەکە دوو ئەرکی سەرەکی هەیە، لەلایەک ڕێنمایی یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی دەداتە ژنان، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی ئاشتکردنەوەی خێزانەکان دەدات، بەپێی ئامارەکانیش لەماوەی هەشت ساڵدا سەنتەری ڕاوێژی خێزانی سۆران توانیویەتی ٣٠٠ کەیسی ژنان، کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، لەگەڵ خێزانەکانیان ئاشتیان بکەنەوە، هەروەها ٢٧٣ کەیسیش بە ڕێنمایی و وەرگرتنی بەرچاوڕوونی لە سەنتەرەکە سکاڵایان لە دادگا تۆمارکردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە لیژنەی ئاشتەوایی لەناو سەنتەری ڕاوێژی خێزانی، کە لە سێ ئەندام پێکهاتووە، لەماوەی هەشت ساڵدا لەکۆی ٣٥١ کەیسی توندوتیژی، توانیویانە ٧٦ کەیس ئاشت بکەنەوە و ٢٣٥ کەیسیش ئاشت نەبوەتەوە و بە ڕێنمایی سەنتەری ڕاوێژی خێزانی سکاڵایان تۆمارکردوە و لەدادگا داوای مافی خۆیان کردووە، هەروەها ٤٠ کەیسیش ئامادەی بەردەم لیژنەی ئاشتەوایی نەبوونە.

بەوتەی بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژی خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سۆران، ئەوان ساڵانە چەندین چالاکی و سمیناری هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدەن و مەبەستیانە خەڵک لەوە هۆشیار بکەنەوە، کە نابێت تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش چالاکیەکانیان بردۆتە قوتابخانەکان و لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و مامۆستیانی زانکۆ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاریان کردوە و زۆرترین ڕێنمایی و هۆشیارییان بڵاوکردۆتەوە.
زیبا مەلا بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی سۆران وتی: ئاستی توندوتیژیەکان ڕوو لە هەڵکشانە، بەڵام جۆری توندوتیژیەکان جیاوازە، لە ئێستادا ڕێژەی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان زۆر زیادی کردووە، لە ڕێگەی سۆشیال میدیا زۆرترین تاوان و پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، تەنانەت سۆشیال میدیا بازرگانی پێوە دەکرێت و تاوانی قێزەونی تێدا ئەنجام دەدرێت.
وتیشی: کاتێک ژنان و کچان دێنە لای ئێمە و کەیسەکانیان دەهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، ئێمە لە سەنتەری ڕاوێژی خێزانی ڕێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاساییان پێ دەدەین و بە مافەکانی خۆیانیان ئاشنا دەکەین، دواتر لەڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆر و شارەزا هەوڵی ئاشتکردنەوەیان دەدەین، ئەگەر نەمانتوانی ئاشتیان بکەینەوە ئینجا ڕێنماییان دەکەین کە لە دادگا داوای مافی خۆیان بکەن و سکاڵا تۆماربکەن، لە ئێستاشدا ڕێکارەکانی زیادکردنی ئەندامانی لیژنەی ئاشتەواییمان تەواو کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئایینی و توێژەرانی کۆمەڵایەتیش دەبن بە ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی.
بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی وتیشی: زۆرینەی کەیسەکان لەسەر شتی بچووک ڕویانداوە، بەجۆرێک کەیسەکان هی ئەوەنین گەورە بکرێن و ڕەوانەی دادگا بکرێن، وتیشی جۆری توندوتیژیەکان جۆراوجۆرن، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و ئابووری و ڕێگری لە خوێندن و هاوسەرگیری کردن و بێ ڕێزی و ڕێگری لە هاتووچۆی کەسوکارە، بەڵام خراپترین جۆری توندوتیژی، توندوتیژی دەروونیە چونکە هیچ ئاسەوارێکی دیارنییە.

پارێزەرێک پێی وایە، ئەرکی سەنتەری ڕاوێژی خێزانی زۆر پێویست و گرنگە و ڕۆڵی باشیان هەبووە لە پێدانی ڕێنمایی بە ژنان و ئاشتکردنەوەی بەشێک لەو کەیسانەی دەچێتە بەردەستیان.
بەناز حەدێ پارێزەرە و لەبارەی کاروچالاکی سەنتەری ڕاوێژی خێزانی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو سەنتەرە کاری زۆر باشی پێشکەش بە ژنان کردووە و توانیویانە لەڕیگەی ڕاوێژ و بەرچاوڕوونی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.
ش. ئـ
Comments are closed.