پەدەکە لە ئینگلیزەکانەوە چی فێربووە و چۆن دژایەتى کورد دەکات؟

سیاسەتی ئینگلیز سیاسەتێکی دوو فاقییە، بە واتای سیاسەتێکی کۆنکرێتی یەکلایەنە لەبەرامبەر هیچ دەوڵەتێکدا پەیڕەو ناکات، بۆی هەیە لە ئێستادا دۆست بێت، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم ببێتە دوژمن، واتە سیاسەتێکی بەرژەوەندخوازانەیە و بەرژەوەندی بنەمای سەرەکی سیاسەتی ئینگلیزەکانە.

یەکێک لەو کارانەی ئینگلیز ئەنجامی دەدات و گوێ بە داهاتووەکەی نادات دابەشکارییە بەبێ ویستی دەوڵەتان خۆیان، وەک ئەوەی بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامیدا، نەتەوەی کورد کە بڕیاربوو لە ڕێكەوتننامەی سیڤەردا دەوڵەتێکی بۆ دروست بکرێت، سەرەتا ئینگلیز پشتیوانی لێکرد، بەڵام دواتر ئینگلیز خۆی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە بوو، لە جێگای ئەو ڕێکەوتنە کار بە ڕێکەوتنی لۆزان کرا، کە تیایدا کوردستان کرا بە چوار بەشەوە.

لەو بەروارەوە تاکو ئێستا کە لە ١٠٠ ساڵ نزیک دەبینەوە، گەلی کورد خوێنی لێ دەچۆڕێت، شۆڕش لە دوای شۆڕشی کورد بۆ سەربەخۆیی خامۆش کرا، هەموو ئەمانەش سەرچاوەکەی ئینگلیز بوو.

سیاسەتی ئینگلیز لەگەڵ کورد چۆن بوو چیان بەرامبەر شێخ مەحموود کرد؟

سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ پردی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئینگلیزه‌كان به‌كورده‌وه‌ لە ڕێگای گەشتیارە بەریتانییەکانەوە دروست بوو کە وەک رۆژهەڵاتناس سه‌ردانی‌ ناوچه‌كه‌یان كردووه‌، له‌سه‌رەتای‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌یه‌مدا ئینگلیزه‌كان هه‌ندێك نوێنەرایەتیان له‌شاره‌كانی‌ كوردستان كردۆته‌وه‌.

بەریتانیەکان پێش سەرهەڵدانی‌ جەنگی‌ جیهانی‌ یەکەم بەدەیان ساڵ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کورد کردووە، بۆ نمونە کەسایەتێکی‌ وەکو سایکس کە بە داڕێژەری‌ پەیماننامەی‌ سایکس بیکو لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا دادەنرێت.

مارک سایکسی بەریتانی نەخشەی‌ کوردستانی‌ گەورەی‌ کێشاوە کەچۆن دابەش بووە بەسەر دەوڵەتی‌ سەفەوی‌ وعوسمانیدا و لەناو خێڵ و هۆزەکان خۆشیان کەزەوی‌ و زاریان چەندە و هاوسنوریان چۆنە لەناوخۆدا

لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٨ لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد وێڵسن، سەرکردە کوردەکان داوای پاڵپشتی بەریتانیا دەکەن بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتوو ‌و سەربەخۆ لە سایەی‌ پاراستنی بەریتانیادا.

لەنێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٢ شێخ مەحموود کە سەرکردەیەکی کوردی کاریگەر بووە لە سلێمانی، حکوومەتێکی کوردیی پێکھێنا و دوو شۆڕشی دژی حوکمی بەریتانیا کرد، دواتر بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکە بەریتانیەکان شێخ مەحموودیان دوورخستەوە بۆ ھیندستان.

ڕەتکردنەوەی بەریتانییەکان بۆ حوکمی سەربەخۆی کوردەکان دەبووە هۆی ئەوەی عەرەبەکان لە ھەردوو ناوچەی‌ بەغدا ‌و بەسرە، داوای سەربەخۆیی بکەن و بەمەش کۆنترۆڵی‌ ڕاسته‌وخۆی بەریتانییەکان بەسەر میزۆپۆتامیادا لەناو دەچوو.

لە ساڵی‌ ١٩٢٢دا، بەریتانیا شێخ مەحموودیان گێڕایەوە سەر دەسەڵات، بەو ھیوایەی‌ شێخ مەحموود کوردەکان ڕێک بخاتەوە و دژایەتی تورکەکان بکات کە داوای مووسڵ و کەرکووکیان دەکرد.

شێخ مەحموود بە پشتیوانى ئینلگیزەکان حکومەتی کوردستانی ڕاگەیاند و وەک مەلیکی کوردستانیان ناساند، دواتر ڕەزامەندی دەربڕی بە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی تازەپێکھێنراودا.

لە ساڵی‌ ١٩٣٠ دا دوای وەرگیرانی عێراق لە كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، شێخ مەحموود سێیەم ڕاپەڕینی دەست پێ کرد کە بە ھێزی زەمینی و ئاسمانی بەریتانییەکان ئەو شۆڕشەیان سەرکوتکرد.

پەیمانی لۆزان و سیاسەتی ئینگلیز بۆ دابەشکاری؟

پەیماننامەی لۆزان کە لە ٢٤ی تمووزی ١٩٢٣ واژووکرا، کوردستانی تێدا دابەش کرا، سەرپەرشتیاری ئەم پرۆژەیە ئینگلیزەکان بوون، مەبەستی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیۆسیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، هێندەی نەماوە ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەم پەیماننامەیەدا تێپەڕێت.

ئامانجی ئەم پەیماننامەیە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠دا لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا جەنراڵ شەریف پاشای خەندان داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی کرد، ئامانجی ڕێکەوتننامەی سیڤەر لاوازکردنی تورکیا بوو، بۆ یەکەم جار داننرا بە مافی ئەرمەنەکان و کورددا، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە هەڵوەشێندرایەوە و کورد ئەو هەلە مێژووییەی لەکیسچوو.

ڕێكەوتننامەی لۆزان کۆتایی بە ڕێكەوتننامەی سیڤەر هێناو ئینگلیز و تورکیا بە هاوبەشی کۆتاییان بە خەونی کورد هێنا بۆ سەربەخۆیی. کوردییان وەک کێک لە چوار دەوڵەتدا دابەشکرد.

لە سەرەتاوە ئینگلیز پشتیوانی دۆزی کورد بوو، بەڵام دواتر پشتییان کردە کورد و لەگەڵ حکومەتی نوێی تورکیا بە سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک ڕێکەوتنییان ئەنجامدا.

بە ڕای چاودێرانی سیاسی، دەرئەنجامی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەوانەیە گۆڕانێکی دیکەی جیۆپۆڵەتیکی هاوشێوەى پەیمانى لۆزان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات.

پەدەکە چۆن سیاسەتی ئینگلیز لە دژی کورد پەیڕەو دەکات ؟

سیاسەتی پەدەکەش بەرامبەر هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەمان سیاسەتی ئینگلیزە، بەرامبەر زۆرێکییان بەرئەنجامی هەبووە، بەرامبەر بەشێکی تر هیچی بەدەست نەهێناوە.

پەدەکە سیاسەتی ئینگلیزییەکانی لەناو زۆرینەى لایەنەکانى باشوری کوردستان پەیڕەوکردوەو تا ئەم ساتەش لەسەر سیاسەتى پەرتەکەو زاڵبە کار دەکات، تازەترین سیاسەتی پەدەکە لەدژی یەنەکە ئەوەیە، کە لاهور شێخ جەنگی بەکاردەهێنێت لەدژی بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەنەکە.

پەدەکە بەرامبەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەرکەوتوبوو لە دروستکردنی کێشە لە نێوان یەکگرتووەکانی بادینان و یەکگرتووەکانی هەولێر و سلێمانی، بە هەمان شێوە درزو کەلێنی خستوەتە ناو بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و حزبی زەحمەتکێشان و بزوتنەوەى ئیسلامی و پێکهاتە نەتەوەییەکانیش، لە هەمان کاتدا حزبەکانیش لەدژی یەکتر بەکاردەهێنێت.

بەڵام پەدەکە، بەهۆی بەهێزی و یەک ئاڕاستەیی پەکەکەوە تاکو ئێستا نەیتوانیوە بچوکترین درز بخاتە نێو ڕیزەکانییان، تەنیا ئەوەی پێکیراوە ببێتە نۆکەری تورکیا بۆ هێرشە سەربازییەکانی سەر پەکەکە.

پەدەکە ویستى لە ڕۆژئاوای کوردستانیش درز بخاتە ناو پارتەکان و هەروەها جوگرافیاو هێزی سەربازی و هەموو شتەکانى تر وەک باشوری کوردستان دابەش بکات، بەڵام لەمەشدا شکستى هێنا، دواتر هەوڵیدا لەڕێی تورکیاو ئۆپۆزسیۆنى ساختەی سوریاوە ئەو کارە بکات، لەوێشەوە شکستى هێنا، ئەگەرچی تا ئێستاش پەدەکە نەوەستاوەو لەو هەوڵە بەردەوامە، بەڵام لەم هەوڵانەش شکست دەهێنێت.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.