بۆتان گەرمیانی
هەرێمی کوردستان لەبەردەم باجێکی قورسدایە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەدەکە، بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکەی پاریس و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لە ڕێی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، لەلایەن عێراقەوە هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕادەستکردنەوەی دۆسییەی نەوتی هەرێم، بەمەش پێشبینی دەکرێت هەرێم بە قەرزێکی ٣٠ملیار دۆلاری لەژێری دەربچێت.
هەتا پێش ساڵی ٢٠١٤، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە ١٧٪ـی بودجەی لە عێراق وەردەگرت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە بڕیاری دا، نەوتەکەی لە ڕێی تورکیاوە بفرۆشێت و چیتر نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، هەر ئەوەش نا، تاکلایەنە لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە ڕێککەوتنێکی ٥۰ ساڵەی نهێنی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرا و دۆسییەی نەوتی هەرێمیان خستە دەستی تورکیا، ئەوەش بووە هۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
مانگی ئایاری ٢٠١٤ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم کاروانی نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە ئاڕاستەی بەندەری جەیھان کرد، لێرەوە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئابووریی بەناو سەربەخۆ دەستیانپێکرد.
پاش ئەو گرێبەستە، هەرێم بە ١٥ دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی نەوتی هەرێم دەدات بە تورکیا، بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها لەیەک ساڵدا هەرێم ٢ملیار و ٢٠ملیۆن دۆلار زیانی بەر کەوتووە، بەدەر لەمەش، دواجار سکاڵای دادگای نێودەوڵەتی پاریس، لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی دەبێتەوە و هەرێم بە قەرزێکی ٣٠ ملیار دۆلاری لێی دەردەچێت.
لە سەردەمى حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووترى عێراق، سکاڵایەک لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە پاریس دژی تورکیا تۆمار کرا و داواى ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتە کرا، ئەمەش بەرانبەر ئەو چەند ساڵەی نەوتی هەرێم لە ڕێی ئەو بۆرییەوە فرۆشراوە، کە بە درێژایی ٩٧٠ کیلۆمەتر لە حەفتاکانی سەدەى ڕابردووەوە درووست کراوە و بەکارهێنانى بۆرییەکە تەنها لە دەسەڵاتى عێراق و تورکیادایە.
بەڵام پاش بەکارهێنانى بۆرییەکە لەلایەن هەرێم و تورکیاوە لە ساڵى ٢٠١٤ وە تا ئێستا، بەبێ ڕەزامەندیی عێراق، تورکیای خستە تەنگەژەوە، بەوپێیەی دەبوو ئەنقەرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات نەک هەولێر.
ماوەی دوو مانگە، دادگا نێودەوڵەتییەکەی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق کۆتایی بەو مشتومڕە یاساییانە هێناوە لە سەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا و کەیسەکەی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوە.
یەکلابوونەوەی سکاڵاکەی عێراق دژی تورکیا، ئەنقەرە ناچار دەکات نەوتی هەرێم لە ڕێی عێراقەوە هەناردە بکرێت و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نەوتیی لەگەڵ هەولێر ڕابگرێت، لە کۆتاییشدا تورکیا ناچار دەبێت بەو بڕیارە پابەند بێت و حکومەتی هەرێمیش بە قەرزێکی ٣٠ ملیار دۆلاریی لێی بێتە دەرێ.
ڕۆژی شەممە، واتە ۲٥ـی ئەم مانگە، عێراق بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان، یەکەم هەنگاوی کرداری بە ئاڕاستەی پێشوازیی لەو بڕیارە نا.
ئەم هەنگاوەش پاش سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی ۲۱ـی ئەم مانگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لای سەرکۆماری دەوڵەتی تورک ئەردۆغان پەیدابوو، کە جگە لە دۆسیەی نەوت و وزە لەسەر چەند دۆسیەی دیکەی ئابووری و سیاسی و ئەمنی هەستیار ڕێککەوتوون، بەم پێیەش بێت، هەرێم لە بەرداشی پیلانگێڕییەکی هەرێمایەتیی نێوان تورکیا و عێراق دووچاری شکستێکی مێژوویی دەبێت.
هـ. ح
Comments are closed.