ئەدهەم بارزانی: نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم

ئەدهەم بارزانى ڕایگەیاند، لەپێناو هەڵوێستەکانم ماوەی ٢٩٤ ڕۆژە گەرانەوەم بۆ زێدی خۆم و خاکی نیشتمان و ناو ماڵ و مناڵەکانم لێ قەدەغە کراوە، دەشڵێت، بەرپرسى پاسەوانەکانم، ١٣٥ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک زیندانیکراوە.

ئەدهەم بارزانى، کەسایەتى سیاسى بارزانییەکان، لە بارەى ڕێگرى لە گەڕانەوەى بۆ زێدى خۆى لە فەیسبوکى خۆى نوسینێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: برای خوشەویست و ھاورێی سی ساڵەیمان بەرپرسی پاسەوانەکانم  فەرماندەی قارەمان و خۆراگر فەرید عەبدولعەزیز بازی، کە بۆماوی ١٣٥ ڕۆژ لە زیندانەکانی دەسەڵاتی ھەولێر دایە تەنھا و تەنھا تاوانی ئەوەیە، کە برا و دۆستی ئێمەیە ھەر چەند ڕۆژ جارێک لە لایەن « د » ناوێک ئاگادار دەکرێتەوە، کە ئەگەر واز لەو پەیوەندیانەی لەگەڵ ئەدھەم بارزانی ھەتانە بهێنی، ھەر ئێستا ئازاد دەکرێی و پلە و پۆستیشت پێ دەبەخشین.

وتیشی:ھیچ دوژمنایەتیەک و غەرەس شەخسیەکمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نەبووە و نیە تەنها و تەنها خاوەنی هەڵوێستە تایبەتی و نیشتیمانپەروەریەکانی خۆم دەبم و بووم.

ئەدهەم بارزانى ئاماژەى بەوەشکردووە، کە لەپێناو هەڵوێستەکانی ماوەی ٢٩٤ ڕۆژە گەڕانەوەی بۆ ناو زێدی باو و باپیرانی و ماڵ و مناڵەکانی لێ قەدەغە کراوە.

هەر لە نوسینەکەیدا ئەدهەم بارزانى دەشڵێت: ئایا ئەمەیە دەسەڵاتداری و ئازادی و دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی نێشتەجێبونی ھەر مروڤێک، کە دەستوور بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی دەستەبەر کردووە.

 لە کۆتاییشدا بارزانى داوای ئازادی بێ مەرجی بەپەلەی بەرپرسی پاسەوانەکانى کردوە و وتى: ئازادی بۆ سەرجەم بە ناحەق زیندانیکراوان دەخوازم و ڕێز گرتن لە کەرامەت و شکۆی ھەموو چین توێژ و بیرو باوەڕە جیاوازەکان و نەتەوە و ئاینزایەکان دەکەم.

لە بارەى دۆخی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەدهەم بارزانى باسی لەوە کردوە، ھەندێک لە دەوڵەتان دوای ٣٢ساڵ ئێستا دەزانن لەم وڵاتە چی دەگوزرێ، بەڵام ئەمەش ھەر باشە.

جێگەى ئاماژەیە، ئەدهەم بارزانی نەوەی شێخ ئەحمەدی بارزانە و ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکەیە و پێشتر لەناو ڕیزەکانی پەدەکەدا کاری دەکرد، دواتر وازی لەو حزبە هێنا و بە هۆیەوە پەدەکە پاسەوان و خەرجیەکانی لێسەندەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێک سەردانی وڵاتی ئێرانی کردووە و لەوبارەوە ئاماژەى بەوەکردووە، بە مەبەستى چارەسەری نەخۆشی سەردانەکانى ئەنجامداوە، بەڵام پەدەکە لە دەروازە سنورییەکان ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەى دروست دەکرد.

ئ.م

Comments are closed.