چالاكیی ناڕەزایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە

سەرەڕای پشووەكانی نەورۆز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، چالاكیی ناڕەزایەتیی توێژە جیاجیاكان بەردەوامە.

هەرچەندە زیاتر لە ١٩٠ ڕۆژ بەسەر سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا تێدەپەڕێت، كە لە دوای كوژرانی كچە كورد ژینا ئەمینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە، هێشتا چالاكیی ناڕەزایەتیی توێژە جیاجیاكان بەردەوامە.

دوێنێ سەرەڕای پشووەكانی نەورۆز، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە دژی بەردەوامی دەستبەسەربوونی “سلێمان عەبدی”، یەكێك لە مامۆستایانی شارەكە و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان، گردبوونەوەیەك لە بەردەم بەرێوەبەرایەتی پەروەردە بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەكەدا بە دەیان مامۆستای سەقز و زێویە، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دەستبەسەركردنی ئەو مامۆستایە دەبڕی و داوایان كرد، دەستبەجێ ئازاد بكرێت و كۆتاییش بە فشارەكانی سەر مامۆستایان بهێندرێت.

سلێمان عەبدی، بەهۆی پێشكەشكردنی وتەیەك لەسەر گڵكۆی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەكانی دەوڵەتەوە دەستبەسەركرابوو.

لەلایەكی دیكەوە، بە هۆی كێشە كەڵەكەبووە ئابوورییەكان، ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان، گرانی و زیادنەكردنی موچە، ناڕەزایەتی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا، دوێنێ لە دوو شاری پاڕێزگای خوزستان، بەشێك لە خانەنشینان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

لە شاری ئەهواز و شوشی سەر بە پاڕێزگای خوزستان، ژمارەیەكی بەرچاو لە خانەنشینانی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی، جارێكی دیكە لە پێناو گەیاندنی داواكارییەكانیان لە بارەی باشتركردنی دۆخی گوزەران و بژێویان، ڕژانەوە شەقام.

سەرباری ئەوەی بەردەوام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، كرێكاران و موچەخۆران دژی دۆخی گوزەران و موچەكانیان خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام لە دوای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” ئەو ناڕەزایەتییانە، تێكەڵ بە سەرهەڵدانەكە بوون و ڕوویان لە زیادبوون كردووە.

ڕ.ڕ

Comments are closed.