یەكێتی جوتیارانی عێراق داوای فشاری توند بەرامبەر توركيا دەکات

سەرۆكی یەكێتی جوتیارانی عێراق هۆشداریدا، لە جدییەتی مەترسییەكانی ئاو لەوڵات، دەشڵێت، دۆخی ئاوی وڵات زۆر مەترسیدارە، ڕەنگە لەقۆناغی داهاتوودا نەتوانرێت ئاوی خواردنەوە بۆ زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دابین بكرێت.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی یەكێتی جوتیارانی عێراق بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، دۆخی ئاوی وڵات زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی عەمباركردنی ئاو گەیشتە حەوت ملیار و ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجا، هاوكات پێشتر زیاتر لە ١٥٠ ملیار بوو، حكومەتی پێشووی بەرپرسە لە بەفیڕۆدانی ئاو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە ئاوییەكان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو و وشكەساڵی بووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ دابەزینی بەردانەوەى ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، كە لە لایەنی ئێرانەوە نزیكبووەتەوە لە نەبوونی، هەروەها توركیا چارەكێك ئاو دابین دەكات، ترسی خۆی دەربڕیی لەوەی عێراق لە هاویندا بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت.

عەبادی داوای کرد، وەزارەتی سامانەكانی ئاو فشار بخاتە سەر توركیا بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق، چونكە ئەو بڕە ئاوەی بۆ ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بەردەدرێتەوە زۆر كەمترە لە پشكی دادپەروەرانەی عێراق.

حەیدەر عەبادی دەشڵێت، پێویستە عێراق بە دۆسێی ئابوری فشار لەتوركیا بكات، چونكە قەبارەی هاوردەكردن لە توركیاوە نزیكەی ٢٠ ملیار دۆلار دەبێت، هۆشداریشیدا لەوەی كە پشتگوێخستنی دۆخی ئاو ڕەنگە وڵات بەرەو قەیرانێكی گەورە بكەوێت.

لە كۆتایدا، هۆشداریشیدا لەوەی ڕەوشی ئاوی عێراق ناتوانێت وەك ئێستا بمێنێتەوە، هەروەها مەترسی كارەساتێك گەورە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ دەبێت، كاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتیش دەبێت، ڕەنگە عێراق نەتوانێت لە ماوەی داهاتوودا ئاوی خواردنەوە دابین بكات، لە زۆربەی ناوچە و پارێزگاكان.

ماوەی چەند ساڵێكە عێراق بەدەست قەیرانی وشكە ساڵی و كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، لە بەرامبەریشدا دەوڵەتی داگیركەری تورك پشكی ئاوی عێراقی لە ڕوباری دیجلە و فورات گرتوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی چۆڵبوونی چەند هۆڕێك لە باشوری عێراق، كە زیانی مادی و ژینگەیی زۆری لێ كەوتووەتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.