ناوەڕۆكی بەشێك لە مادەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئاشكراكرا

سەرەڕای ناڕەزایەتی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێك لە فراكسیۆنەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق  یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد، هەروەها بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ ١.٧ بەڕێوە بچێت.

حەیدەر شەمخی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوە، ئێمە بە هەموو توانایەكەوە بە ڕەتكردنەوەی یاسای “بەدناوی” سانت لێگۆ ئەركی نەتەوەیی خۆمان جێبەجێ كرد، هەروەها هەڕەشەی دەركردنیان لە پەرلەمانتاریی لێكراوە و هێز بۆ دوورخستنەوەیان بەكارهێنرا، بۆیە ئەوە دەڵێن، ئەگەر ئەم یاسایە دەرچووبێت، سوودی بۆ ئەوان نابێت چونكە گەلێكی زیندوویان هەیە، كە ستەمكاری و قۆرخكردنی دەسەڵات قبوڵ ناكات و خودا یارمەتیدەرە.

هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

مادەی دووەمی یاساكە دەڵێت:

ئاوارەكانی عێراق، كە لە دوای ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان ئاوارە بوون، بۆ شوێنێكی دیكەی ناوخۆی عێراق بە هەر هۆكارێك بێت، مافی دەنگدانیان هەیە بە مەرجێك لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ناویان تۆماركرابێت.

هەروەها مادەی (٦)ی یاساكە هەمواری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و نوێنەران بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

و: ئەنجوومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن، دەبێت ئەمساڵ وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكات، بەمەرجێك بەروارەكە لە ٢٠ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٣ زیاتر نەبێت.

ب/ دوای كۆتایهاتنی خولی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم مادەیەدا هاتووە، ٤٥ ڕۆژ زووتر هەڵبژاردن دەكرێت، هەروەها وادەی هەڵبژاردن بە بڕیارێكی پەرلەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆن هەڵبژاردنەكان لە ماوەی كەمتر لە ٩٠ ڕۆژ دیاری دەكرێت.

د/ هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان جیانەكراوەتەوە و  لە یەك ڕۆژدا لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدرێن.

ر/ئەنجوومەنی وەزیران بە پشتبەستن بە پێشنیازی كۆمسیۆن دەتوانێت دەوامی فەرمی لە ڕۆژانی هەڵبژاردندا ڕابگرێت.

هەمواركردنەوەی مادەی (٧)ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و نوێنەران بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

یەكەم/ كاندید دەبێت عێراقی بێت و (٣٠) ساڵی تەواو كردبێت.

دووەم/ خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان زیاتر بێت.

بڕگەی سێیەم هەمواری یاساكە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە،

سێیەم:  كاندید نابێت بە تاوانێكی گەورە یان تاوانێكی بچووك كە پەیوەندی بە خراپەكاری ئەخلاقی یان دۆسیەی گەندەڵی كارگێڕی و داراییەوە هەبێت، كە لە مادەكانی (٣٣٠، ٣٣٣، ٣٣٤، ٣٣٥، ٣٣٦، ٣٣٨، ٣٣٩، ٣٤٠)ی یاسای سزادانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە، سزا درابێت.

بڕگەی یەكەمی مادەی (١٢) هەمواری یاساكە بەم شێوەیەیە:

یەكەم: دەنگ بۆ هەر لیستێك بەپێی ژمارە زنجیرەكان (١.٧، ٣، ٥، ٧، ٩…هتد) و ژمارەی كورسییەكانی بازنەكان دابەش دەكرێن، بەرزترین دەرئەنجام هەڵدەبژێردرێت تا هەموو كورسییەكانی بازنەكان تەواو دەبن.

لە مادەی 14و بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەگەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا بەهەر هۆكارێك كورسیەكەی لەدەستدا، ئەوا كاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی ئەو دەنگانەی لە لیستەكەیدا بەدەستی هێناوە جێگەی دەگرێتەوە.

دووەم: هەر ئەندامێكی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە هەر هۆكارێك كورسییەكەی لەدەستدا، ئەوا كورسیەكە بۆ كاندیدێكی تر تەرخان دەكرێت كە زۆرترین دەنگی لە حزب یان هێزێكی سیاسی دیكەوە بەدەستهێناوە، كە زۆرترین ژمارەی دەنگی بەدەستهێنا بەڵام كورسی بەدەست نەهێناوە.

هـ.ئ

Comments are closed.