پەیامی هونەرمەندانی کورد لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا

سلێمانی

ڕۆژی ٢٧ی ئاداری هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری جیهاندا شانۆکاران بەدروشمێکی یەکگرتوو کە پەیامی هەموو ڕەگەز و نەتەوە و وڵاتێکی تێدایە ئەو یادە دەکەنەوە و ڕۆژی جیهانی شانۆ پیرۆز دەکەن، هاوکات چەندین چالاکی شانۆی ئەنجام دەدر‌‌ێت، وتاری هاوبەشی ڕۆژی جیهانی شانۆ لە سەرتاسەری جیهاندا دەخوێنرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ لەلایەن ژنە نوسەری میسری (سەمیحە ئەیوب)ەوە نوسرا

مێژووی شانۆ

سەرەتاکانی دروستبوونی شانۆ بۆ سەردەمی یۆنانیەکان و ڕۆمانیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە هونەری شانۆ تاکە هۆکار بووە بۆ دەربڕینی هونەری لەدوای زۆرانبازی و پێشبڕکێکانی ترەوە کە لەڕێگەیەوە مرۆڤ لەنمایشەکاندا سەرنجی جەماوەری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە

بە پێ سەرچاوەکان مرۆڤ پێش ئەوەی زمانی بپژێ و پەی بە پیت و وشە ببات، جوڵەی ئەندامەکانی لەش و وێنەکێشان لە سەر دیواربەندی ئەشکەوتەکان بەکارهێناوە بۆ گفتوگۆ، تەنانەت هاوار و دەنگی بەرزکردنەوەش بەشێک بوونە لە گفتوگۆی ئاسایی نێوانیان،ئەو قۆناغەی ژیانی مرۆڤ بە شانۆی ڕآگوزەری مرۆڤ ناو دەبرێت.

پاش پەیدابوونی ئاینەکان شانۆ دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی پەرستگا ئاینیەکان، بەجوڵەو وتنەوەی درووشمی تایبەتی، مەراسیمە ئاینیەکان بەڕێوە دەچیت، وەکوو سوپاسگوزاری بۆ خوداوەندەکانیان، لە پای ئەو بەخششەی پێیان بەخشراوە، بە تایبەت لە کلێساکان و ئاینی مەسیحیدا، شانۆ بەشێکی گەورەی مەراسیمەکانیان بووە.

بە پێی سەرچاوە مێژوویەکان یەکەم شانۆ وەکو بابەتیکی هونەری نمایش دەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها وڵاتی عێراقیش بەشێکی لەو مێژووە چنیەوەتەوە یەکەم شانۆ لە ساڵی ١٨٩٢ نمایشکردووە کە شانۆییەکی تایبەت بووە بە پەروەردە.

ڕۆژی جیهانی شانۆ ٢٧ ئادار

دروستبوونی ڕۆژێکی تایبەتە بە شانۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین کۆنگرەی جیهانی تایبەت بەشانۆ لە شاری پراگی چیک لە٢٧ی ئاداری ساڵێ ١٩٤٨ بەڕێوەچوو، ئەمە بوو بە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی لە ٢٧ی ئاداری ١٩٦٢ لە پاریس بە هۆی ئەنجامدانی فێستیڤاڵی شانۆی نەتەوەکاندا، لە مەراسیمێکدا ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی جیهانی شانۆ دەستنیشان کرا، لەو ڕۆژەوە ئینستوێتی شانۆیی نێونەتەوەیی کە بە (I.T.I) ناسراوە نوێنەری سەرجەم شانۆکارانی وڵاتان تێیدا ئەندامن و بارەگای سەرەکی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە.

ساڵانە وتاری ڕۆژی جیهانی تێدا دەخوێنرێتەوە کەوتارەکە هەر ساڵەو لەلایەن نوسەرێکی شانۆییەوە دەنوسرێت دەبێت بەپامی شانۆکارانی جیهان ، لەسەرتاسەی جیهاندا شانۆکاران ئەو پەیامە هاوبەشەی ڕۆژی جیهانی شانۆ دەخوێننەوە ، یەکەمین نامەی ڕۆژی جیهانی شانۆ لەلایەن نوسەری فەرەنسی (ژۆن کوکتۆ)ە وە نوسرا.

بۆ ئەم ساڵیشت ئینستوێتەکە ژنە نوسەری میسری (سەمیحە ئەیوب)ی ڕاسپارد بۆ نوسینی پەیامی ڕۆژی جیهانی ئەم ساڵی شانۆکارانی جیهان.

شانۆ و لە هەرێمی کوردستان

لە باشووری کوردستان، کاروانی مێژووی شانۆی کوردی، دابڕو نیە لە گەلانی دیکەی ناوچەکە، بۆ یەکەم جار شاعیری کورد گۆران کە زارەوەی شانۆی لە هەڵبەستێکدا بە کارهێنا بە ناوی جیلوەی شانۆوە، شانۆ سەدەیەک پێش ئێستا لە کوردستان سەری هەڵداوە، پاشان چەندین تیپی شانۆی دروست دەبن، بە هۆی داگیرکاریەکانی سەر گەلی کورد زۆربەی شانۆکان دژ بەستەم و داگیرکاری و ئەشکەنجە ئەنجامدراون، بە ناڕاستەوخۆ وەکوو پەیامێک بۆ بەرزکردنەوە ئیرادەی گەل دژ بە نادات پەروەری ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە.

لە دوای ساڵی ١٩٩٢ و درووستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی بە شانۆ دراوە، بەڵام بە هۆی پشتگوێخستنی دەسەڵاتەوە لەگەڵ بەردەوامیەکان پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە، هونەرمەندان بەشێکی پاشەکشێکان بە نا تەبایی نێوان هونەرمەندان دەزانن

هونەرمەندانی کورد چی دەڵێن لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا

میدیا ڕەئوف بێگەرد
میدیا ڕەئوف بێگەرد

لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا هونەرمەندانی کورد ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن بە هۆی بایەخ نەدان بە هونەر و بەتایبەت شانۆ.

ژنە شانۆکار میدیا ڕەئوف بێگەرد، لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا بانگەوازی خۆشەویستی دەکات لە نێوان هونەرمەندان بۆ ئەوەی بتوانن هونەری باشتر پێشەکەش بکەن و دەڵێت: هونەر دەتوانێت لە جەنگەکانیشدا ڕۆلێکی زۆر گەورە ببینێت.

میدیا ڕەئوف بێگەرد بە رۆژنیوزی وت: زۆر دڵخۆش دەبم بەو هونەرمەندانەی بە ڕۆحەوە کارەکانیان دەکەن، تەنیا پەیامم خۆشەویستیە، وەکوو گەلی کورد خاوەنی کلتوور و جەژن و هونەرمەندی خۆمانین، دەبێت شانازیان پێوە بکەین، بە داخەوە خۆشەویستی پێشوو بۆ کارەکان نەماوە، ئێمەی شانۆکار ئەگەر یەکترمان خۆش نەوێت ناتوانین کاری هونەری بکەین.

سۆران ئەکرەم
سۆران ئەکرەم

سۆران ئەکرەم، سەرۆکی بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەر جوانەکانی سلێمانی، بەنیگەرانیەوە لە دۆخی شانۆ دەڕوانێت، دەڵێت: دەسەڵات لە دوای هەموو شتێکەوە گرنگی بە شانۆ دەدات، ستافێک دەچنە هۆڵێکی گەورەی ساردەوە، شوێنێک  نیە تێیدا پرۆڤە بکەن، تەنانەت هۆڵێکی گونجاو نیە بۆ نمایش.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێکی دیکەی بەربەستەکان ناتەبایی نێوان شانۆکارانە، کە نا ئومێدی لە دوا دێت، بەڵام کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین.

چەندین ساڵە هونەرمەندانی کورد لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان داواکارن حکومەتی هەرێم گرنگی بە شانۆ و دروستکردنی هۆلی تایبەتمەند و دابینکردنی پێداویستیەکانی شانۆ بدات، بەڵام  ئەوەی جێگەی نیگەرانی قوڵ و هەمیشەیی هونەرمەندانە، هیچ ئاوڕێک لە هونەمەندان نادرێتەوە، سەرباری بێباکی حکومەت بەرامبەر بە شانۆکاران، ساڵانە گروپەکانی شانۆ چەندین خەڵاتی باشترینەکان لە فێستڤاڵەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دەست دەهێنن.

هـ.ح

Comments are closed.