هۆزات: بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی تاوەکو دوای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.. نوێکرایەوە
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بۆ گەلی کورد و گەلی تورکیا کرد و ڕایگەیاند، بڕیارمانداوە تا دوای هەڵبژاردن بەردەوام بین لە ڕاگرتنی چالاکییەکان و پاش هەڵبژاردنەکە سەرلەنوێ دۆخەکە هەڵدەسەنگێنینەوە.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە، لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تایبەت لە تەلەڤزیۆنی میدیا هابەر دا سەبارەت بە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی سەربازی، کە دوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا لە ٩ی شوباتدا ڕایانگەیاندبوو، وتی: سەرباری ئەو بڕیارە دەوڵەتی تورک نەک شەڕ و هێرشەکانی ڕانەگەرت، بەڵکوو بە هەموو هێزیەوە هێرشەکانی زیاتر کرد و هەڵوێستێکی بەم جۆرە دوژمنکارانەی نیشان درا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕاستیدا بەم بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییە ڕووی دەوڵەتی فاشیست، قڕکەر، داگیرکەر، تاڵانکەر جارێکی دیکە بەڕوونی دەرکەوت و دەمامکی سەر ڕوخساری دەوڵەت داماڵدرا و بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی بەم جۆرە درا، لەئێستاشدا شەڕەکە بێ وەستان بەردەوامە.
بەسێ هۆزات ئاشکراشی کرد، سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکان و بە هۆی ئەوەی تورکیا و باکووری کوردستان پێیانناوەتە قۆناغی هەڵبژاردنەوە، کە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو قۆناغێکی گرنگ و هەستیارە و دەسەڵاتی فاشیستی تورک بەرەو ڕووخان دەبات، هەر لەو ڕووەوە و لە سەر ئەو بنەمایە بڕیاریانداوە، ڕاگرتنی چالاکییەکان لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا تا کاتی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت و دوای هەڵبژاردن سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەنەوە و هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕایگشتیی ئاشکرا دەکەین.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە هەمان کاتدا ئەوەشی خستەڕوو، لە زۆر ناوچە ئەو هێرشانە بەردەوامن، لە لای ڕۆژئاواشەوە دۆخەکە بەم جۆرەیە، بۆ باشوور و باکووریش دۆخەکە بەم جۆرەیە، هێرشەکان بەردەوام دەبن، بەهۆی بریاری ڕاوەستاندنی چالاکییەکانەوە، نابێت هێزەکانی گەریلامان بە هیچ جۆرێک سست ببن، دەبێت گەلەکەمان لە هیچ گۆڕەپانێکدا خۆی سست نەکات، دەبێت بە چالاکترین شێوە وەڵامی بەهێز بە هێرشەکان بدرێتەوە، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی لەبەردەم ئەوەدا ئاستەنگ نییە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکی فاشیست بە هەموو هێزەیەوە هەڵدەکوتێتە سەرمان، لە هەموو شوێنێک هێرشی زۆر دژوار لە ئارادایە، لە هەموو شوێنێک دەوڵەتی تورک هێرش دەکات.
دووپاتیشیکردەوە، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، لە دژی هەموو چەشنە هێرشێکدا گەریلاش چالاکترین شەڕ، چالاکترین تێکۆشان و بەرخودان دەکات، ئەم بابەتە بە دڵنیاییەوە سست بوون هەڵناگرێت، بەڵام بەتایبەتی لەم قۆناغی هەڵبژاردنەدا یەکینە سەربازییەکانمان لە شارەکان، هێزە سەربازییەکانمان لە شارەکان بە هیچ جۆرێک چالاکی ناکەن، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا وەک من وتم، قۆناغی ڕاگرتنی چالاکی بەردەوام دەبێت، دوای هەڵبژاردنەکە سەرلەنوێ دۆخەکە هەڵدەسەنگێنینەوە.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتیشی: من جارێکی دیکە دەمەوێت بڵێم، گرنگە، دەبێت هێزەکانی گەریلامان و گەلەکەشمان ئەو بانگەوازەی بڕیارگەی ناوەندیمان ببینن و گوێی لێبگرن، لە هەموو شوێنێک دەبێت ئامادە بن، لەبەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتدارییە فاشیستیە لەپێناو ئەوەی نەیدۆڕێنێت هێرشەکانی زیاتر دەکات، باش بەوە دەزانین، لە بەرامبەر ئەوەش هەڵوێست، تێکۆشان و بەرخودانی بەهێز نیشان دەدرێت، بەهێزترین وەڵام دەدرێتەوە، لەم بابەتەدا هیچ دوودڵییەک بوونی نییە، دەبێت هەموو کەس بەم جۆرە تێبگات.
ڕ.ڕ
Comments are closed.