ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر کامه‌ران ژاژڵەیی دەڵێت، ئاوسانی سک و زیادبوونی غازات بووەتە یەکێک لەو کێشه ته‌ندروستییانەی، کە بووەتە هۆى بێزاربوونی نەخۆش و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ڕۆژووانان دووچاری ئه‌م کێشه‌یه ده‌بنه‌وه، دەشڵێت، ئاوسانی سک و غازاتی زۆر نه‌خۆشی نییه، به‌ڵکو بریتییه له حاڵه‌تێکی کاتی یان هه‌میشه‌یی .
دکتۆر کامه‌ران ڕەسووڵ ژاژڵه‌ی، پسپۆڕی زانستی خۆراک، لە نوسینێکدا ئاماژە بە، هۆکارى ئاوسانی سک و بوونى غازات له مانگی ڕه‌مه‌زاندا دەکات و دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-
ئاوسانی سک و بوونى غازات چیە؟
ئاوسانی سک و زیاد بوونی غازات بووەتە یەکێک لەو کێشه ته‌ندروستییانەی، کە دەبێتەهۆی بێزاربوونی نەخۆش و ئیحراجبوونی و لە هەمانکاتدا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ڕۆژووانان دووچاری ئه‌م کێشه‌یه ده‌بنه‌وه.
ئاوسانی سک و غازاتی زۆر نه‌خۆشی نییه، به‌ڵکو بریتییه له حاڵه‌تێکی کاتی یان هه‌میشه‌یی و و هۆکاری زۆره و پێویسته هۆکاره‌کانی ده‌ستنیشانبکرێت و به ڕێگه‌ی دروست چاره‌سه‌ر بکرێت.
شێوازی چاره‌سه‌رکردن و خۆپاراستن لە ئاوسانی سک و بوونى غازات چیە؟
یەکەم- خواردنەوەی ئاو دە خولەک بۆ چارەکێک پێش خواردنەکانی دیکە لە بەربانگدا و پێش پارشێو ڕۆڵێکی باش دەبێنێت لە کەمکردنەوەی غازات و ئاوسانی سک.
دووەم- پاڵنەکەوتن دوای خواردن و خواردنەوە بە نیو کاتژمێر بە لانی کەمەوە.
سێیەم- دوورکەوتنەوە لە بنێشت جووین و خواردنەوە گازییەکان.
چوارەم- خواردن به هێواشی و جوینی به باشی و دوورکه‌وتنه‌وه له خواردنی بڕێکی زۆر له خۆراک به په‌له و به‌سه‌ریه‌که‌وه.
پێنجەم- خواردنه‌وه‌ی هه‌شت په‌رداخ یان زیاتر له ئاو له‌نێوان به‌ربانگ و پارشێو؛ هه‌موو نیو کاتژمێر جارێک یه‌ک په‌رداخ ئاو بخۆره‌وه؛ ئاوه‌که فێنک بێت یان شلەتێن باشتره له ئاوی زۆر سارد.
شەشەم- خواردنی بڕێکی زۆر له‌و خۆراکانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به ڕیشاڵه‌کان وه‌ک سه‌وزه و زۆربەی میوەکان وەک مۆز و دانه‌وێڵه ته‌واوه‌کان وه‌ک ئاردی بۆر، برنجی بۆر یان قاوه‌یی.
حەوتەم- دوور کەوتنەوە لەو خواردنانەی دەبنە هۆی زیاد بوونی غازات وەک پاقلەمەنییەکان، شیر، سێ‌و، هەندێک سەوزەی وەک قەڕنابیت، کەلەرم، بڕۆکلی، پیاز، توور و هەروەها دوورکەوتنەوە لە فاست‌فوود.
هەشتەم- خواردنەوەی گیراوەی نەعنا و زەنجەبیل شەوی دوو پەرداخ یان چای لێمۆ بە نەعنا .
نۆیەم- وازهێنان یان کەمکردنەوەی جگەرە کێشان و نێرگەلە .
دەیەم- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و تەواوکەری خۆراکی وەک پڕۆبایوتێک و دەرمانی چارەسەری گرژبوونی کۆڵۆن.
یانزەیەم- دەستنیشانکردنی هۆکاری غازات وەک هەستەوەری بە گلۆتین، هەرس نەکردنی لاکتۆز، هەستەوەری بە دانەوێڵە و بە شیر .
دوانزەیەم- زیادکردنی جووڵه و وه‌رزشکردن و دوورکه‌وتنه‌وه له دانیشتن و پاڵکه‌وتنی زۆر به دیار تیڤی و موبایل و ئینتەرنێتەوە چوون و گه‌ڕانه‌وه به پێ بۆ مزگه‌وت و کردنی نوێژی ته‌راویح سوودیان زۆره.
سیانزەیەم- خواردنی سه‌وزه و میوه زۆر گرنگه به تایبه‌ت ئه‌و جۆرانه‌ی بڕێکی زۆر ئاویان تێدایه وه‌ک ترۆزی، خه‌یار، شووتی، قه‌یسی، هه‌وڵبده سێ بۆ چوار جار له نێوان به‌ربانگ و پارشێو بیانخۆیت.
چواردەیەم- ڕێکخستنی کاته‌کانی نووستن؛ دووربکه‌ره‌وه له شه‌ونخوونی؛ به ڕۆژ مه‌خه‌وه و به شه‌و به‌خه‌به‌ر بیت له به‌ربانگه‌وه تا پارشێو.
پانزەیەم- پێویسته ژه‌می پارشێو بخورێت و چه‌ند بتوانرێت؛ دوا بخرێت؛ خواردنی زه‌ڵاته و میوه له‌کاتی پارشێو زۆر به سووده.
ئ.م
Comments are closed.