“شەهید فازل فەرماندەیەكی نەتەوەیی بوو و لەپێناو هەر چوار پارچەی كوردستان تێكۆشا”

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە یادی فەرماندەی شەهید، فازل بۆتانی بەرزڕاگرت و وتی: ئەو فەرماندەیەكی نەتەوەیی بوو و لەپێناو هەر چوار پارچەی كوردستان تێكۆشا، لەهەمان كاتدا لە دژی داعش بووە قەڵغانێك.

دوای ئەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا شەهیدبوونی فەرماندە “فازیل بۆتان” ڕاگەیاند، موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل -نەپەگە لە پەیامێكدا باسی ژیان و تێكۆشانی ئەو فەرماندە شەهیدەی كرد.

قەرەیلان ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، هەڤاڵ فازڵ بە گشتی ماوەی ٣٤ ساڵ لەپێناو شۆڕشدا خۆی بەخت كرد، لە كۆی ئەو ماویە ٢٨ ساڵی لە چیاكانی كوردستاندا بە بەردەوامی لە شەڕدابوو، جگە لەو شەش حەوت مانگەی لە گۆڕەپانی سەرۆكایەتیدا كە لەلای سەرۆكایەتی مابووەوە، بەردەوام لە چیاكانی كوردستان، لە هەرێمی بۆتان، لە بادینان، سۆران و لە زۆر ناوچەی كوردستان زەحمەتیكێشا، بە ئەزمونی خۆی، بوێری خۆی، بە ڕاستی و دروستی و بێگەردی خۆی خەباتێكی گرنگی بەڕێوەبرد، فەرماندەیەكی نەتەوەیی بوو كە لە پێناو هەر چوار پارچەی كوردستاندا تێكۆشا، لەهەمان كاتدا لە دژی داعش بووە قەڵغانێك.

وتیشی: ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەكەینەوە و ناهێڵین چەكی ئەوان لەسەر زەوی بكەوێت و لە بەرەوپێشبردنی شەڕی ئازادیی كوردستان، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، یادی قارەمانانی وەك فازل بۆتان و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی كوردستان و ئاڵای ئەوان بە زیندوویی ڕادەگرین.

هەڵسەنگاندنەكانی قەرەیلان بەم شێوەیە:

“ئاڵای شەهیدان بە شەكاوەیی ڕادەگرین”

بە ڕێز و پێزانینەوە یادی فەرماندەی بەنرخ فازل بۆتان دەكەمەوە و لە بەردەم یادی ئەودا سەری خۆم دادەنەوێنم، ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەكەینەوە و ناهێڵین چەكی ئەوان لەسەر زەوی بكەوێت و ئاڵای ئەوان بە شەكاوەیی رادەگرین.

ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە مرۆڤی كورددا بەئیرادەبوون، گیانبازی و بوێری گەورەی ساز كرد

لە كۆمەڵگای گەلی كورددا لە خوگرافیای كوردستاندا، زۆرترین گوشار، توندوتیژی و ستەم هەبوو. لەبەرامبەر ئەوەشدا لەناو مرۆڤی كورددا تا ئاستێك بوێری و گیانبازی هەبوو، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا شكست و ترس هەبوو. ئەو ئایدۆلۆژی و فەلسەفەیەی ڕێبەر ئاپۆ لە كوردستان هێنایە ئاراوە لەگەڵ ئەو كەسایەتیانەی كورددا كاتێك یەكیگرت، لە مرۆڤی كورد، گەنجانی كورد، كچ و كوڕانی كورددا بەئیرادەبوون، گیانبازی و بوێرەی گەورەی ساز كرد. ئەو ڕاستییە زیاتر بۆ هەرێمی بۆتان ڕاستە، لە مێژووەكەیدا جوامێری و ئازایەتی هەبوو، كاتێكی گەنجانی بۆتان لە ڕێگەی هزر و ڕامان و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆوە جیهانیان ناسی، بە ئیرادەبوون و بوێریەكی زۆر بەهێز هاتە ئاراوە و بە دەیان فەرماندەی ئازا و گیانباز لەناو خەڵكی بۆتانەوە هاتنە ڕیزەكانی تێكۆشانەوە، لەناویاندا هەڤاڵ فازیل وەك پێشەنگ بوو، ساڵی ١٩٨٨ كە ئەو تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو، كاتی ئەوەبوو كە بچێتە سەربازی زۆرەملێی تورك، بەڵام لە بری ئەوە دێت و دەبێتە سەربازی كوردستان، لەناخی دڵەوە بەشدار دەبێت و هەر زوو لە ساڵی ١٩٨٩ دا دەبێت بە فەرماندەی یەكینە و لە هەلومەرجی دژواردا بە بڕیاربوونی خۆی، لێهاتووبوونی خۆی بەهێز دەكات و ساڵی ٩٣ بەمەبەستی پەروەردە دەچێتە لای ڕێبەر ئاپۆ، ڕێبەر ئاپۆ لەوێ پەروەردەی دەكات و هەر لەو ساڵەدا دیسان دەگەڕێتەوە بۆ بۆتان.

مەتر بە مەتری هەرێمی بۆتانی دەناسی

هەڤاڵ فازڵ لە هەرێمی بۆتان مابووە و هەموو جوگرافیاكەی مەتر بەمەتر دەناسی، ساڵی ٩٤ دوژمن هێرشێكی قورسی كردە سەر بۆتان، هەڤاڵ فازل فەرماندەی تابوری گەڕۆك بوو، ماوەی ٤٥ ڕۆژ خۆڕاگری كرد و دواتر لەسەر بڕیاری بزوتنەوە كشایەوە بە بێ ئەوەی زیانێكی گیانی ئەوتۆ هەبێت، بزوتنەوە چی بوتایە ئەوەی بە بنەما دەگرت، بەم جۆرە مامەڵەی دەكرد.

لە شەڕدا زۆرجار هەڵە و كەموكورتی ڕوودەدەن، بەهۆی ئەوەشەوە لێپرسینەوە دێتە ئاراوە، لە پراتیكی هەڤاڵ فازلدا بە درێژایی ٢٨ ساڵ شەڕ ڕەنگە هەندێك ڕەخنەی لێگیرابێتو بەڵام هەرگیز ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نەبووەتەوە، چوونكە هەوڵی دەدا پڕاوپڕ و بە تەواوەتی ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت.

ساڵی ٢٠٠٦، ڕێكخستن بڕیاریدا سەنگەری ژێر زەوی پەرەپێبدات، ئەو كاتە هەڤاڵ فازل لە زاپ فەرماندە بوو، بە ڕاستی هەندێك لەسەری ڕاوەستەی كرد، نەك وەك ئێستا و وەك تونێل، بەڵكوو سەنگەری ژێر زەوی، واتە ئەگەر فەرماندەیەكی دیكە بووایە بەو ڕادەیە بە جدییەتەوە ڕاوەستەی لەسەر نەدەكرد، هەر بۆیە بینیتان ساڵی ٢٠٠٨ و دوای ئەوەی لە ٢١ی شوباتدا دوژمن بە شێوەی كتوپڕ هێرشی كردە سەر زاپ، لەسایەی ئامادەكارییەكانی هەڤاڵ فازل، كە خۆی فەرماندەی ئەو بەرخودانەش بوو، دەوڵەتی تورك شكستێكی گەورەی خوارد، لێكەوتەی ئەو شكستە لەناو سیستمی توركیادا گۆڕانكاری گەورەی بەدواوەبوو، چینی سەرباز و ژەنەڕاڵەكان تووشی شكست بوون.

جارێكیتر و ئەو كاتەی كە دەوڵەتانی توركیا، سوریا و ئێران ڕێككەوتنێكی چەپەڵیان لە دژی كورد واژۆكرد و مەترسی هێرش بۆ سەر قەندیل لەئارادابوو، هەڤاڵ فازڵ بۆ فەرماندەیی قەندیل دەستنیشان كرا و ساڵی ٢٠١١ هێرشی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر قەندیل دەستیپێكرد، هەندێك جار ڕاگیرا، بەڵام بە گشتی دوو مانگ بەردەوامبوو. جارێكیتر لەوێ ئامادەكارییەكانی هەڤاڵ فازل، ئەو سیستمەی لەوێ دروستی كردبوو لە بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی ئێراندا بووە ئاستەنگ و بەربەست، لەگەڵ ئەودا هەڤاڵ سمكۆ هەبوو، فەرماندەی یەرەكە، واتە ئەوان هەردووكیان پێكەوە بەرخودانیان بەرەوپێش برد، بەتایبەتی تەپەی جاسوسان هەبوو، ئێران هەرچییەكی كرد، هێزە تایبەتەكانی لە تارانەوە هێنا و هەموو جۆرە تەكنەلۆژیایەكیشی بەكارهێنا نەیتوانی بیگرێت، دواتر وەستا، یەنەكە و پەدەكە كردە نێوبژیوان و شەڕ ڕاگیرا، ئەو سیستمی سەنگەرانە هێزەكانی ئێرانی تووشی شۆك كردبوو، هەڤاڵ فازل سەربازێك بوو، فەرماندەیەك بوو، لە كارەكانیدا زۆر وردبین بوو، بە هەستیاریەوە ڕاوەستەی دەكرد، بۆیەش ئەو شوێنە هەستیارانەی دەبوایە سیستمی بەرگرییەكەی بەهێز بكرایە، ڕێكخستن هەڤاڵ فازلی ڕەوانە دەكرد، فەرماندەیەكی بەو جۆرە بوو.

لە شكستپێهێنان بە هێرشەكانی داعشدا ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو

كاتێك لە ڕۆژئاوای كوردستان لە گوندی حسێنی نێوان تل بەراك و تل حەمیسدا تەنیا لە یەك شەودا ١٠١ فەرماندە و شەڕڤانی یەپەگە شەهیدبوون، ئەمە گورزێك بوو بۆ مانەوەی یەپەگە، ئەو كاتە بەرەی نوسرە، سوپای ئازاد كە دواتر هەرهەموویان بوونە داعش هێرشەكانیان بۆ سەر هەرێمی جزیرە چڕكردبووەوە، ڕێك لەو كاتەدا هەڤاڵ فازیل چوو بۆ ڕۆژئاوا، ئەمەش بۆ ڕۆژئاوا بەخت و شانسێك بوو بەو پێییە ئەزمونی لە شەڕ و دروستكردنی سیستمی پاراستندا هەبوو، لەوكاتەدا كە میت داعشی خستەپێشەوە و ڕوویكردنە ڕۆژئاوا و شنگال و كۆبانێ، هەڤاڵ فازل لە ڕۆژئاوابوو لە سەر دروستكردنی سەنگەر و بەڕێوەبردنی شەڕ و تێكشاندنی داعش ڕۆڵی گەورەی گێڕا. دواتر لە ئاداری ٢٠١٥ بەهۆی رووداوێكەوە بەسەختی برینداربوو. ئەو كاتە بۆ ئەوەی چارەسەربكرێت هەم فەرماندەیی یەپەگە و هەم بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە كەوتنە ناو هەوڵی زۆرەوە. بۆ ئێمەش مایەی خەم و پەژارەی زۆربوو، دواتر ڕەوانەی هەولێر كرا، ماوەیەك لە نەخۆشخانە مایەوە و لەوێ بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ هەستی پێدەكات كە فەرماندەیەكی بەو جۆرە خاوەن بەرهەمە، تێچووی نەخۆشخانە دەگرێتە ئەستۆ، دواتریش لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسیەكان كاربەدەستانی فەرەنسا زانیبوویان و هاوكارییان كرد كە ڕەوانەی پاریس بكرێت بەمەبەستی چارەسەری، سپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە لەو كاتەدا بوونە هاوكار و یارمەتیدەر لەوەی هەڤاڵ فازل چارەسەری بۆ بكرێت، لە فەرەنسا مایەوە و چارەسەری وەرگرت، بەڵام بە تەواوەتی تەندروستی ئەو باش نەبووەوە و دواتریش هەر لە ئەنجامی ئەو برینانەدا هەڤاڵ فازڵ شەهید ببوو.

فەرماندەیەكی نەتەوەیی بوو

هەڤاڵ فازڵ بە گشتی ماوەی ٣٤ ساڵ لەپێناو شۆڕشدا خۆی بەخت كرد، لە كۆی ئەو ماویە ٢٨ ساڵی لە چیاكانی كوردستاندا بە بەردەوامی لە شەڕدابوو، جگە لەو شەش حەوت مانگەی لە گۆڕەپانی سەرۆكایەتیدا كە لەلای سەرۆكایەتی مابووەوە، بەردەوام لە چیاكانی كوردستان، لە هەرێمی بۆتان، لە بادینان، سۆران و لە زۆر ناوچەی كوردستان زەحمەتیكێشا، بە ئەزمونی خۆی، بوێری خۆی، بە ڕاستی و دروستی و بێگەردی خۆی خەباتێكی گرنگی بەڕێوەبرد، فەرماندەیەكی نەتەوەیی بوو كە لە پێناو هەر چوار پارچەی كوردستاندا تێكۆشا، لەهەمان كاتدا لە دژی داعش بووە قەڵغانێك، هەڤاڵ فازل لە ئەوروپا شەهید بوو، بۆ كادرەكانی ئەوروپاش نمونەیە، واتە دروستی، بێگەردی، لەدڵەوە بەشداربوون، پەیوەستبوون، ئەمانە پێودانگی زۆر گرنگن، ئەو بەردەوام بۆ ئێمە نمونەیە، ئەو تایبەتمەندییە ئاپۆگەرییانە لەكەسایەتی هاوڕێی بەنرخ فازلدا هاتە بوون بە كردار، نمونەیەكی زیندووە لە بەرچاومان، ڕێبازی ئەو دەگرینە بەر، پەیوەستی دۆزەكەی دەبین، تایبەتمەندی مێژوویی بەم جۆرە بە زیندوویی ڕادەگرین، لە بەرەوپێشبردنی شەڕی ئازادیی كوردستان، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، یادی ئەو شەهیدانە بە زیندوویی ڕادەگرین، قارەمانانی وەك فازل بۆتان و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی كوردستان بە زیندوویی ڕادەگرین، بە بەرزكردنەوەی تێكۆشان، یادی ئەوان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێین شەهید نامرن، شەهید نامرن، شەهید نامرن.

ڕ.ڕ

Comments are closed.