لە باڵەکایەتى هەزاران دار گوێز لەلایەن سمۆرەوە چێندراوە

باڵەکایەتى

لە گووندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتی سمۆرە هەزاران دارگوێزی چاندوە و لەئێستادا خەڵکی گووندەکە بونەتە خاوەنی، بە وتەی دانیشتوانى گەزنە زیاد لە ٥٠٠ ساڵە گوندەکەیان ژیانی تێدایە و تەمەنی دارگوێزەکانیش سەدان ساڵە و ئێستا بەسەر چوار بەرەبابی گوندەکەیاندا دابەشکراوە.

سمۆرە گیانلەبەرێکی شیردەری قرتێنەرە، بەزۆری لەسەر درەختەکان دەژی (سمۆرەی درەخت)، کلکێکی درێژ و مووداری هەیە، چاوی ڕەش و فراوانە و گوێی کەوانەییە، جەستەیان باریک و درێژکۆڵەیە، هەندێکیان لەسەر درەخت ناژین پێان دەوترێ سمۆرەی زەوی، کلکیان کورتە، هەندێ لە سمۆرە درەختییەکان دەتوانن لە درەختێکەوە بۆ درەختێکی تر باڵ بگرنەوە و بفڕن، نزیکەی ٥٠٠ مەتر هەڵ دەفڕن.

گووندی گەزنە دەکەوێتە سنووری شارەدێی سمیلان لە دەڤەری باڵەکایەتی و سەر بەشارۆچکەی چۆمان، دانیشتوانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردنن، بەهۆی زۆری سمۆرە لە گوندەکەدا هەزاران دار گوێزیان هەیە ، وەک خۆیان دەڵێن سمۆرە گوێزی بردووە بۆ خۆی هەڵیبگرێت و بیخوات، بەڵام فریا نەکەوتووە هەموویان بخوات و دواتر شین بونەتەوە و بوونەتە دار گوێزی گەوەرە و بەرهەمدار.

سلێمان غەفور، کە پیاوێکی تەمەن ٦٧ ساڵە و دانیشتووی گووندی گەزنەیە ، ئەو دەڵێت: تەمەنی دارگوێزەکان لە ٢٠٠ ساڵ زیاترە، هەموویان دەستکردی سمۆرە و باڵندەکانن و ئێمە گوێزەکانمان نەچاندووە هەمووی بەرهەمی سمۆرەیە و سەدان ساڵە لەناو چۆم و ڕوبار و دۆڵ و شیوەکانی گووند ئەو کارە دەکەن.

سلێمان غەفور

وتیشی: سمۆرە گیانەوەرێکی جوان و شیرینە، سوودی زۆری هەیە و خەڵکی گووند بەخێویان دەکەن و ماڵیان دەکەن، لەڕووی ژینگەییەوە جوانی سروشتی گوندەکەیان ڕازاندۆتەوە و سیمایەکی جوانتریان بە گووندەکە بەخشیوە.

مام سلێمان باسیلەوەشکرد: جاران خەڵکی گووند پێکەوە دەچوون گوێزەکانیان دادەکوتی و بە هەرەوەزی کۆیان دەکردەوە، دواتر بە یەکسانی و بە هاوبەشی بەسەر یەکتریاندا دابەش دەکرد، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی زۆربوونی دارگوێزەکان، بەسەر چوار بەرەبابی گووندەکە دابەشکراون و هەر بەرەبابێک ناوچەیەکی بۆ دانراوە و لەو بەشەی خۆی ئەبات.

سمۆرە گیانەوەرێکی ڕۆژ گەڕە، بەیانیان زوو و ئێواران چالاک دەبێت، خۆی لەگەرمای نیوەڕۆ دەپارێزێت و دەرناکەوێ، هەندێکیشیان لە زستاناندا دەچنە باری متبوونەوە و دەرناکەون، بە وتەی مام سلێمان ئێستا کاتی زاوزێی سمۆرەیە بۆیە کەمتر لە دەرەوەن و دیارنین.

سەبارەت بە پشکەکان وتی: هەر ماڵێک ئاگری تێدا هەڵبکرێت واتا ئەو ماڵە خێزانێکی تێدا بژیت ئەوا پشکی بەردەکەوت، بەڵام هەر ماڵێک بێ ئاگر و خێزان بایە واتا یەک کەس بە تەنیا لە ماڵێکدا بژیت، ئەوا لە پشکی دارگوێزەکان بێبەش دەکرا و هەروەها بەهۆی کەمبونەوەی ئاو و پیربوونی دارەکان، بەشێکی زۆری دارگوێزەکان دەبڕنەوە و لە ڕێگەی موتوربەکردنەوە درێژە بە هێشتنەوەی دار گوێز دەدەن لە گوندەکەیاندا.

سمۆرەش هاوشێوەی ئاژەڵ و گیانەوەرانی تری کێوی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، ئەمەش بەهۆی زۆری ڕاوکردن و لەناوبردنیان، چونکە سمۆرە لە بازاڕدا نرخێکی زۆر دەکات و کەسانێک هەن بەتایبەت کار لەسەر ڕاوکردنی سمۆرە دەکەن، لە گووندی گەزنەش ڕێژەیان کەمبۆتەوە.

موشیر عەبدولواحید

موشیر عەبدولواحید، کە دانیشتویەکى دیکەى گەزنەیە و دەڵێت: بەهۆی دەسکاری مرۆڤەوە سمۆرە لەناو گوندی گەزنە کەم بۆتەوە، بەڵام سمۆرە کاری خۆی هەر دەکات و بەردەوامە لە چاندنی گوێز و داربەڕوو، بەداخەوە کەسانێک هەن لە پێناو دەستکەوتنی پارەیەکی کەم سمۆرە ڕاو دەکەن و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشن.

خواردنی سمۆرەکان بریتیە لە گوێز و بندق، بەڕوو، جۆرەها میوە، هێلکەی باڵندەکان، دارکی درەخت، چرۆی درەخت، گوڵ و بەری دارو درەخت (توو) ، گوڵەبەڕۆژە، هەموو جۆرەکانی تۆم (تۆو) ،مێروو، کرم، سمۆرە ناسراوە بە گوێز خۆر، هەموو جۆرەکانی توانای گوێز شکاندنیان هەیە، لەگەڵ ئەوەش دا جۆرەها خواردن دەشارنەوە لە کلۆری دار و ژێر زەویدا و زۆرجار سمۆرەکان لەو دارستانانەدا بونیان هەیە، کە نزیکن لە دانیشتوان، تا بەئاسانی خواردنیان دەست بکەوێ.

ئ.م

Comments are closed.