ژنان لە کەرتی تەندروستیشدا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە

سیما ڕەزا

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی پزیشکانە، ئەو کەرتەی لە ٪٧٠ی هێزی کاری لە سەرانسەری جیهان لە ژنان پێکهاتووە، بەڵام ژنان تەنها ٪٤٢ی ڕۆڵی سەرکردایەتی باڵایان پێدراوە و بەهەمان شێوەی هەموو کایەکانی دیکە ڕووبەڕووی جیاکاری جێندەری دەبنەوە.

٣٠ی ئازار بە ڕۆژی جیهانی پزیشکان ناسراوە، مێژووی دیاریکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٣ و یەکەم جار لە ویلایەتی جۆرجیا یادی ئەم ڕۆژە کرایەوە، ئامانج لێی بەرز نرخاندنی ئەرک و ماندووبوونی ئەو پزیشکانە، کە یارمەتیدەرن لە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان.

کەرتی تەندروستیش هاوشێوەی سەرجەم بوارەکانی دیکەی ژیان، ژنان تێیدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە، بەشێوەیەک کەمتر دەرفەتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی باڵایان پێدەدرێت و بەهۆی باڵادەستی پیاوسالاری تائاستێک متمانە بە تواناکانی پزیشکانی ژن لاوازە.

بەهەمان شێوە پزیشکانی ژن لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری و جیاکاری جێندەریی دەبنەوە لە دەرفەت و بەدەستهێنانی بەرپرسیارێتییە باڵاکاندا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامارێکی فەرمی ناتواندرێت دیاری بکرێت، کە ئەو ڕێژەیە لە هەرێمی کوردستان چەندە.

دکتۆر گەشین کەمال، پسۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، دەڵێت: ژنان چەندەها ڕۆڵی گرنگیان هەیە لەناو کەرتی تەندورستیدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا پیاوسالاری ڕەنگدانەوەی هەیە بەسەریەوە، گەورەیی ڕۆڵی ژن بە ڕوونی دەرناکەوێت، چ لە کەرتی تەندروستیدا و چ لەبوارەکانی دیکەدا.

“لەناو کەرتی تەندروستیشدا هاوشێوەی کەرتەکانی دیکە، ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان دەڕەخسێنرێت بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، کەمترە لەو دەرفەتانەی بۆ پیاوان دەڕەخسێنرێت”

لەناو کەرتی تەندروستیشدا هاوشێوەی کەرتەکانی دیکە، ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان دەڕەخسێنرێت بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، کەمترە لەو دەرفەتانەی بۆ پیاوان دەڕەخسێنرێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا وردە وردە ئەو جیاکارییە ڕەگەزییە لەناوهەموو بوارەکاندا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دەبینین ئێستا زۆر ڕۆڵی گرنگ لەناو حکومەتدا دراوە بە ژن، ڕۆڵی پزیشکانی ژنیش لەناو بەرپرسیارێتیە کارگێڕییەکاندا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.

دکتۆرە گەشین کەمال سەبات بە پێدانی دەرفەتی خوێندنەوەی ماستەر و دکتۆرا بە پزیشکانی ژن دەڵێت: کەمی ڕێژەی ژن لە خوێندنی باڵادا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ژنان ئەرکیان قورسترە، لە دەرەوە کار دەکات، کاروباری ماڵەوەش ئەنجام دەدات، سۆز و خۆشەویستی دەبەخشێت منداڵەکانی، بە هاوسەرەکەی، بە ئەندامانی دیکەی خێزان و بنەماڵەکەی، زیاترگرنگی بە وردەکاریەکانی ژیان دەدات و ئەرکێکی زیاتری لەسەر شانە.

“لە هەندێک پسپۆڕیدا کەمتر متمانە بە تواناکانی پزیشکانی ژن دەکرا”

پێشتر کۆمەڵێک ئاستەنگ لەبەردەم ئێمەی پزیشکانی ژن هەبوو، هەندێک جار لەناو هەندێک پسپۆڕی وەک شکاوی، ددانسازی ڕووی دەدا نەخۆش متمانە بە تواناکانی ژنان نەکات و نەیەوێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئەوان بکات، پێیوابێت ئەو لێی نازانێت و هێزی بەرسەریدا ناشکێت، بەڵام ئێستا خەڵک زانیارییە پزیشکییەکانیان زیادی کردووە، تاڕادەیەک گەشتوون بەو بڕوایەی، کە جیاوازیی نییە لە نێوان ژنان و پیاواندا، بگرە هەندێجار و لە هەندێک بواردا توانای ژنان باشترە.

” کاردانەوەی کەسوکاری نەخۆش لە کاتی ڕوودانی گرفتێک بۆ نەخۆشەکەیان، بەرامبەر بە پزیشکی ژن توندترە”

دکتۆر گەشین باسی لەوەکرد کاتێک نەخۆشێک بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکی یاخود بە بێ هیچ دەستێک توشی گرفتێک دەبێت، کاردانەوەی کەسوکارەکەی بەپێی ڕەگەزی پزیشکەکە جیاواز دەبێت ئەگەر دکتۆرەکە ژن بێت کاردانەوەکان بەرامبەری توندتر دەبن.

وتی: پزیشکانی ژن زیاتر ڕووبەڕووی بەرهەڵستی دەبنەوە لەکاتی ڕوودانی گرفتێک بۆ نەخۆش، ئەگەر پزیشکی ئەو نەخۆشەی گرفتەکەی بۆ دروستبووە ژن بێت، کاردانەوەی خێزانەکەی توندتر دەبێت بەراوردبەوەی پزیشکەکەی پیاو بێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە ژنان بە لاواز دەبینن پێیان وایە ناتوانێت مافی خۆی وەربگرێتەوە و بەرگری لە خۆی بکات.

” پێویستە بابەتی جێندەر و جیاکاری ڕەگەزی لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر بکرێت “

 ئەم پزیشکە چارەسەری بەکەم سەریرکردنی تواناکانی ژن و پارێزراونەبوونی مافەکانیان، لە نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی و چارەسەرکردنی بابەتی جێندەردا دەبینێت، دەڵێت: نەک تەنیا لە کەرتی تەندروستیدا بەڵکو پێویستە لەناو هەموو کایەکاندا بابەتی جێندەر و جیاکاری ڕەگەزی لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەربکرێت، سەرەتا لەناو خێزانەکانەوە دەستپێبکرێت، کاتێک منداڵێکیان لەدایک دەبێت فێربکرێت چۆن ڕێزی ڕەگەزی بەرامبەر بگرێت، فێربکرێت نێر و مێ یەکسانن.

وتیشی: بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر دایکان و باوکان، ئەگەر ئەوان جیاوازی لە نێوان منداڵەکانیان نەکەن لە پێدانی ئەرک و مافدا، جیاوازی ڕەگەزی کاڵدەبێتەوە، دواتریش، کە منداڵە گەورە دەبێت، دەچێتە ناو خوێندنگە و کۆمەڵگەوە دەبێت لەوێش بەشێوەیەک ڕابهێنرێت کە جیاوازیی نیە لە نێوان کوڕ و کچ، ئەگەر بە کچان بوترێت هەندێک بۆ تۆ نابێت، ئەوشتانەش بۆ کوڕان دیاریبکرێت کە نابێت ئەنجامی بدەن.

 ” ئەگەر ژنێک هەست بکات هەمیشە کەسێک بەسەرسەریەوەیە، لە ژیاندا شکستخواردوو دەبێت”

دکتۆر  گەشین ئەوشی خستەڕوو ” ئەگەر ژنێک لە خێزان و کۆمەڵگەیەکدا گەورە ببێت، کە واهەست بکات هەمیشە کەسێک چاودێرە بەسەریەوە، شکستخواردوو دەبێت لەبەر ئەوەی هەمیشە پشت بە کەسێکی دیکە دەبەستێت، بەڵام ئەگەر نێر و مێ هەریەکەیان  پشت بە خۆی ببەستێت، خۆی ئیشەکانی خۆی ئەنجام دەدات و  دەبنە تەواوکەری یەکتر”

دەشڵێت: ژنان بەگشتی و ژنانی پزیشک بەتایبەتی، چونکە باسەکەی ئێمە لەسەر ژنە پزیشکەکانە، دەبێت زۆر بەهێزبن، ڕووبەڕووی هەر ئاستەنگێک بوونەوە تێیپەڕێنن.

 ” بوونە پزیشکێکی باش پەیوەندی بە هێزی جەستە و ڕەگەزەوە نیە “

سەبارەت بە ڕێژەی پزیشکانی ژن لەناو کەرتی تەندورستیدا وتی: تا ئێستا سەرژمێرییەکی تەواو نەکراوە تا بزانرێت ڕێژەی ژنان بەرامبەر بە پیاوان چۆنە، بەڵام لە کەرتی تەندروستیدا پزیشکەکە ئەگەر پیاوبێت یان ژن تواناکانی خۆی دەوردەبینێت، کە تاچەند لێهاتووە و زیرەکە، تاچەند دەتوانێت ئیشەکەی خۆی بەڕێکی بکات، بوونە پزیشکێکی باش پەیوەندی بە هێزی جەستە و ڕەگەزەوە نییە، هەندێکجار ژنان لە هەندێک پسپۆڕیی پزیشکییەکاندا سەرکەوتووترن، بەهۆی وردیان لە سەرنجداندا و ئەو تایبەتمەندییەی ژنان کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەند کارێک ئەنجامبدات.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم پزیشکان کرد بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پزیشکانەوە، هیوای خواست یەکگرتووی لەنێو پزیشکانی ژن زیادبکات و هەمیشە سەرکەوتووبن.

ش. ئـ

Comments are closed.