هونەرمەند خەلیل داغ.. ئەستێرەیەک لە هەناوی شۆڕشدا

بڕوا ئەسعەد

١٥ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری سینەمایی خەلیل داغ تێدەپەڕێت، کە لەهەناوی شۆڕش و بەرخوداندا وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە، لەڕێگەی هونەر و پێنووسەکەیەوە ژیانی گەریلایی بۆ خۆی تۆمارکرد و ژیانی گەریلای بە هەموو گەنجانی کوردستان ناساند.

لە سەرەتای تەمەنی گەنجیدا ئارەزووی بۆ نووسین و وێنەگرتن، وا دەکات خەلیل داغ ببێتە ڕۆژنامەوان و دواتریش دەرهێنەرێکی بەتوانای نێو سینەمای کوردی، لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی گەریلاکانی ئازادی و جوانی سرووشتی ئەرشیف بکات و تا بەجێگەیاندنی بەڵێنە شۆرشگێریەکانی لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبێت.

خەلیل ئوساڵ، ناسراو بە خەلیل داغ، لە ٣١ی ئایاری ساڵی ١٩٧٣ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە دایکبووە، لەگەڵ کەلتوری کوردی و تورکی گەورەبووە، لە سەرەتای تەمەنی گەنجیدا دەست دەکات بە کاری وێنەگرتن و دواتریش تێکەڵ بە جیهانی ڕۆژنامەوانی دەبێت، هاوکات یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەناڵی مەد تیڤی، کە بوو بە یەکەم کەناڵی بینراوی کوردی و لە ئەوروپاوە پەخشی بۆ هەموو جیهان و کوردستان دەکرد.

خولیا و ئاواتەکانی خەلیل داغ هێندە گەورە دەبن، جەنجاڵی شارە گەورەکانی ئەوروپا جێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، وەکوو گەریلایەک هەموو پێوانەکانی شۆرشگێڕی لە خۆیدا پێک دەهێنێت، لە چیاکانی کوردستان ئەندێشەکانی بۆ کاری هونەری و وێنگرتن و سینەما فراونتر دەبیت، ئەمە وا دەکات چەندین بەڵگە فیلم لە سەر قارمانێتی و ژیانی گەریلا بەرهەم بهێنێت.

هونەرمەندی شەهید، خەلیل داغ، تفەنگەکەی لە پێناو پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کامێراکەی بۆ هونەر دەبن بە دوانەیەکی دانەبڕاوی ژیانی، بە عەشقەوە سینەما دەکاتە بەشێک لە ژیانی گەریلا و مێژوویەکی نوێی هونەری لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەنووسێتەوە، یەکێک لە کارە هەرە بە ناوبانگەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی “بێریتان”ە کە چیرۆکی قارەمانێتی شەهید بێریتان دەگێڕێتەوە، دواتریش چەندین کاری هونەری و سینەمایی بەرهەم هێناوە.

هاوکات، وێنەکێش و نووسەرێکی بە توانا بوو، یەکەم کتێبی بە ناونیشانی “زمانی ژیان له چیاکاندا” نووسیوە، لەو پێناوەشدا زۆربەی چیاکانی کوردستان گەڕاوە و وێنەی گرتووە تا بتوانێت لە کتێبەکەیدا بەشێک لە ڕاستینەی سرووشتە ناوازەکەی کوردستان نیشان بدات.

هەر گەریلایەک چیرۆکێکی هەیە

ساڵی ١٩٩٦ەوە کاتێک لەچیاکانی کوردستان و لەنێو گەریلاکانی ئازادییدا دەستدەکات بە گەشتکردن، هەوڵدەدات لەگەڵ تۆمارکردنی هەر وێنەیەکی گەریلادا، لە تیانووسێکدا چیرۆکی وێنەکە و گەریلاکە بنووسێتەوە، ئەو کارەشی لەپێناو ئەوەبوو، کە بیسەلمێنێت هەر گەریلایەک چیرۆکێکی تایبەتی هەیە، کە پێوسیتە بە زیندوویەتی بهێڵدرێتەوە و ڕێگە نەدرێت لەیاد بکرێت.

١٥ ساڵ لەمەوبەر و لە ١ی  نیسانی ساڵی ٢٠٠٨، لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیەکەری تورک لە بۆتان، خەلیل داغ، ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانیدا شەهیدبوون، بەڵام کارە هونەریەکانی و بۆ هەمیشە لە بیر و هزری هونەرمەندان و گەلی کورد بە زیندووی دەمێننەوە.

شەهید خەلیل لە پاش خۆی مێژوویەکی پڕ سەروەری لە هونەر و نووسین، وەکوو میراتێک بۆ هونەرمەندە شۆرشگێرەکانی دوای خۆی جێهێشتووە، بەرهەمە هونەریەکانی بوونە بناغەیەک بۆ بەرهەمهێنانی چەندین فیلمی دیکە، کە ئێستا لە فێستیڤاڵە جیهانیەکانی فیلمدا نمایش دەکرێن و کێبڕکێی بەدەستهێنانی باشترین خەڵاتەکان دەکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.