ئەمڕۆ نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە

بۆتان گەرمیانی

پاش شکستی شۆڕش و ڕابوونە سیاسییەکانی کورد و تیرۆرکردنی سەرکردە و ڕابەرە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، ١٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، وەک هێڵی سێیەم، لە مەیدانی شۆڕشی ئازادی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، لە سەر بنەمای فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی دەسەڵاتی ئێران و شکاندنی ئەو بێدەنگییە سیاسییەی باڵی بە سەر ئەو بەشەی کوردستاندا کێشابوو، دامەزرا.

لە ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، پۆلێک لە ژنان و گەنجانی خوێندکار و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە زانکۆکان، شار و گوندەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی دەسەڵاتی ئێران و شکاندنی ئەو بێدەنگییە سیاسییەی باڵی بە سەر ئەو بەشەی کوردستاندا کێشابوو، ڕوویان لە چیا ئازادەکانی کوردستان کردبوو، بە بنەماگرتنی فەلەسەفە و فکری ڕێبەر ئۆجالان، لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٤دا، پارتێکیان بە ناوی: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، دامەزراند.

پاش ڕووخانی کۆماری مهاباد تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، بزوتنەوەی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر زەبروزەنگ و سەرکوتکاری سیاسیی دەسەڵاتی شای ئێراندا کپ کرابوو، بە دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩، جارێکی تر هاتنەوە مەیدان، هەرچەند لەم ماوەیەدا قوربانییەکی زۆر درا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەتێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ داهاتوو و یەکڕیزنەبوون و یەکنەگرتنی هێزەکان و حزبەکان  بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد و پشتبەستن بە دەستی دەرەکیی، کارێکی کرد سەرپاکی ئەو قوربانیدانە بێ دەستکەوت بمێنێتەوە و لە ئەنجامدا بە کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران، دوو حزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەدا لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە سەرکوت کران و ناچار بە مانەوە لە کامپەکانی باشوری کوردستان کران.

بە دەستهەڵگرتنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەباتەکەیان، بە تایبەت خەباتی چەکداریی و هەڵبژاردنی کامپنشینیی، جارێکی تر بێدەنگیی سیاسیی باڵی بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشا و دەسەڵات دەزگای سەرکوتی خۆی لەو بەشەی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بەهێز دەکرد و گەل بێ هێزی پاراستن مابوونەوە.

لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی ئێران دوای شەڕی هەشت ساڵ، توانیبووی لە ڕووی سەربازییەوە خۆی لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بکات، بە گرتنەبەری سیاسەتی تواندنەوەی کورد و کەلتووریی، پەرەدان بە بێکاریی گەنجان و هەژارکردن و برسیی هێشتنەوەی خەڵک، دەزگای سەرکوتی خۆی لە ڕۆژهەڵات بەهێز بکات.

لەو ساڵانەی بێدەنگییدا، بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد هەوڵی دابوو ئەم بێدەنگە سیاسییە بشکێنێت، بەهۆی هەلومەرجی ئەو سەردەمە، دەرفەتی کاری بە ڕێکخستنکردن زۆر دژواربوو، بەڵام توانی تا ڕادەیەک خۆی لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنێت، ساڵی ١٩٩٩ کە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەلایەن دەزگا سیخوڕیی جیهانییەکانەوە دژی هەموو گەلی کورد ئەنجام درا، جارێکی تر جووڵە کەوتە شەقامەکانی ئەو بەشەی کوردستان و سەرهەڵدانێکی بەشکۆیان خوڵقاند و جارێکی دیکە هەستی شۆڕشگێرییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو کردەوە.

لە كاتێكدا هێرشەکانی دەسەڵاتی ئێران زیادیان دەکرد، هەروەها ڕێگا بە هیچ چالاکییەک نەدەدرا و ئازادیخوازان سەرکوت دەکران، گەنجان مەحکوم بە سێدارە دەکران، نائومێدیی سیاسیی باڵی بە سەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا کێشا بوو، وەک وەڵامێک بۆ ئەو پیلانگێڕییە دژی ڕێبەری گەلی کورد و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و داگیرکاریی و سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی دەسەڵاتی ئێران.

 کچان و کوڕانی کورد لە زانکۆکان، گوند و شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستە دەستە لە چیا ئازاد و سەرکەشەکانی کوردستان کرد و چەکی شەرەفیان هەڵگرت، بڕیاریان دا لە سەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجالان و کۆنفدراڵیزمی دیموکراتی، پارتێک دامەزرێنن و لە سەر ئەو بڕوایەی خودی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: نابێت ڕۆژی لەدایکبوونی من وەک لەدایکبوونی کەسێک سەیر بکرێت و دەبێت وەک ڕۆژی ژیانەوەی گەلێک سەیر بکرێت، لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٤ـدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاكیان دامەزراند.

ئامانجەکانی پژاک:

پژاک ئامانجەکانی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: چارەسەری کێشەی کورد و گەلانی ئێران لە چوارچێوەی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی یاخود پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، پاراستنی بەها شکۆمەندەکانی نەتەوەی دیموکراتی و پارت، بەرەوپێشبردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تێکۆشان بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی توێژەکانی کۆمەڵگا و بە ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگای دیموکراتی، بەرەنگاربوونەوەی زیهنییەت و پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە سەرچاوەی خۆی لە پیاوسالاری دەگرێت، تێکۆشان بۆ ناسنامە و ئازادیی ژن لە کۆمەڵگا، بەروەپێشبردنی پەیوەندییە دیموکراتییەکان لەگەڵ گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان، تێکۆشان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی ئازادانە لەگەڵ گەلانی ئێران و هاوکاریی لەگەڵ بزووتنەوە دیموکراسیخوازانەکانی ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

تێکۆشانی پژاک

هەر لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە، پژاک لە بواری سیاسیی و سەربازییدا توانی خۆی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بکات و خەڵک بە ڕێکخستن بکات، بە شێوەیەک، لە ماوەیەکی کورتدا توانی لە بواری سیاسییدا خۆی وەک هێزێک بناسێنێت، کە لە ئاستی کوردستان و ئێران باسی لێوە بکرێت، لە ڕووی سەربازییشەوە ئەوەندە پێش کەوت، ساڵی ٢٠١١ توانی بەرانبەر ئەرتەش و سوپای پاسداران زیاتر لە مانگێک بجەنگێت و ئێران ناچاری ئاگربەست بکات، لەم ماوەیەدا چ لە شاخەکان و چ لە ناو شارەکاندا، سەدان شەهیدی پێشکەش بە ڕێی ئازادیی گەلی کورد کردووە و سەدان ئەندام و لایەنگریشی لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێراندان، هەروەها دەیان کادیر و هەواداریشی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، لەم بەستێنەدا چیرۆکی بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان، ‌چیرۆکێکە لە ئاستی میتۆلۆژیا دیرینەکاندا خۆی دەنوێنێتەوە.

ئێستا پژاک بەشێکە لە سیستمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەم ساڵانەی دواییشدا چەند پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەری کێشەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە سەر بنەمای کۆنفدراڵیزمی دیموکراتی پێشکەش کردووە و هەوڵی داوە بە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتنەوەی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران هەنگاو بۆ چارەسەریی کێشەکان و جێگرکردنی سیستمێکی نوێی بەڕێوبەریی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهێنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئازادی بۆ کورد و دیموکراسی بۆ ئێران مسۆگەر بکرێت.

ڕێبەر ئۆجالان پژاک وەک ئاگرێکی گەشاوە دەبینێت

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد پژاک وەک وەڵامێک دژی ئەو هێرش و پیلانگێڕییانەی سەر گەلی کورد ناو دەبات و دەڵێت: کوردانی ئێران بە گەورەییەوە پێشوازییان لەقۆناغی ئیمرالی کرد و زۆر شەهیدیان لەوپێناوە دا، سەرەتا پشتگیرییان نیشان دا و بە درووستکردنی پژاک هەڵوێستی خۆیان بەڕێکخستن کرد، بێهیوایی خۆیان لە هێزی پژاک’ـدا ژیاندەوە و ئەمەش لەڕووی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پشتیوانی خۆیی بەدەست هێنا، هەروەها لە سەر هێڵی شەهیدان و شۆڕشگێران، خۆی وەک سەرچاوەی هیوای گەل و ڕاستینەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناساند.

هەروەها ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: پژاک لەنێوان سیستمی ئێران و مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، نموونەیەک پێشەکەش دەکات، یەکپارچەیەیی ئێران لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی دەپارێزێت و دەبێتە جێگرەوە و ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت، وەک چۆن مێژووی ئێران وەک ئاگرێک لە سەر چیای زاگرۆس داگیرساوە و دەگەشێتەوە، ‘پژاک’ـیش بۆ ئێران و ناوچەکە هەمیشە وەک ئەو ئاگرە دەگەشێتەوە، هەروەها پژاک وەک ئەندامێکی بەهێزی کۆنگرەی نەتەوەیی دەمێنێتەوە.

س.س

Comments are closed.