نەدیم سەڤەن: ئاکەپە-مەهەپە لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە لاوازترین کاتیدایە

نەدیم سەڤەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕایگەیاند: سەرۆککۆماری تورک ئەردۆغان بە شێوەیەکی ‘نایاسایی و قاچاخ’ دەچێتە هەڵبژاردنەوە، لەبەرامبەرماندا کەسێکی ریسوا و درۆزن هەیە، ئەو کەسە دزە و هیچ پێودانگێکی ئەخلاقی نەماوە. کەسێکی لەو جۆرە کە لەپێناو حەز و خواستەکانی دەتوانێت هەموو شتێک بکات. وەک چۆن ناپاکی لە نەریتی ‘میللی گوروش’کرد، ئەو دەتوانێت خیانەت لە هەموو ئەو بەهایانەی دیکەش بکات کە بڕوای پێیانە.

نەدیم سەڤەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز تیشک دەخاتە سەر چەند بابەتێکى هەنووکەیی و سەرەتا سەبارەت بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند: “ئەو سیستمەی ئەشکەنجەی ئیمراڵی پێیناوەتە ٢٥ەمین ساڵیەوە، بەراستی گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانی بەرخودان و تێکۆشان. بەم بۆنەوە سڵاو لە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و قورسایی گەورەو هێزی کرداری ئەو لەو بوارە دەکەم. هەروەها سڵاو لە چالاکی ئەو گیانبازە شۆڕشگێڕانە دەکەم کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ خالید ئۆرال لەسەر بنەمای ‘کەس ناتوانێت خۆری ئێمە تاریک بکات’ بە ئەنجامیان گەیاند و بە دەوری رێبەر ئاپۆ یەکیان گرت.

ئەندامەکەى کۆمیتەى ناوەندی پەکەکە ئاماژەى بەوەکرد، قۆناغی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای درێژەدانە بە دەسەڵاتداری فاشیست لە رێگەی پیلانگێڕی و گەمە جیاجیا و لە لایەن ئاکەپە-مەهەپە دەخوازرێت ئەو قۆناغە بگەیەنرێتە ئەنجامی کۆتایی. ئەگەر ئەو پیلان و فرت و فێڵانە کە درێژکراوەی گەمەکانی عوسمانین رێگرییان لێبکرێت، بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا هێزە دیموکراسییەکان سەردەکەون.

سەڤەن وتیشی: پلانی سەرەکی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ئەوەیە کە خەونەکانی عوسمانی لە ١٠٠ەم ساڵە لۆزاندا بهێننە دی، بە گوێرەی نوێکردنەوەی پەیمانی لۆزان ناوچەکانی ناو میساقی میللی کە لە ژێر هەمووژ عوسمانیدابوون سەر لە نوێ بخەنەوە سەر کۆماری تورکیا. ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی تورک لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا کە پلانی کۆمەڵکوژی بە ناوی ‘پلانی رووخاندن’ی تێدا ئامادەکرا، ئەمەیە. لە سەر ئەو بنەمایە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ دا دەسەڵاتداری فاشیست هێرشە ئاسمانییەکانی لە ژێر ناوی “٤٠٠ گەشت” دەستی بە شەڕ کرد و دواتریش ئەو هێرشە ئاسمانیانە لە هەموو شوێنێکی کوردستان بەردەوام بوون. ئەو هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

سیستمێکی پاکتاوکردنە

وەک ئێوەش دەزانن سیستمی ئیمراڵی لە جیهاندا نمونەی نییە. ئەو سیستمە دوابەدوای پیلانگێڕییەکی گەورە هاتە ئاراوە. هێزە نێونەتەوەییەکان سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵییان بە شێوەیەکی زۆر پلانبۆدانراو رێکخستووە. ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا رێبەرایەتی لەناو ببەن و بیسڕنەوە. ئەو پلانە شکستی هێنا. هەڵوێستی رێبەرایەتی، خاوەنداری گەورەی گەلەکەمان و چالاکی گیانبازی گەریلا بۆ خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ نەیهێشت ئە وپیلانگێڕییە سەربکەوێت. ئیمراڵی سیستمێکی پاکتاوکارییە. دەوڵەت تورک و نوێنەرانی لەوێ تەنیا رۆڵی جەردەوان و پاسەوانی دەگێڕن. وەک ئێوەش دەزانن لەم رووەوە رێبەر ئاپۆ زۆر هەڵسەنگاندنی هەیە. ئیمراڵی وەک نمونەیەکی هاوشێوەی گوانتانامۆ دەستنیشان دەکات.

ئەمڕۆش گۆشەگیری بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە، بەتایبەتی رژێمی فاشیستی ئاکەپە کە ٢٤ ساڵە کۆماری تورکیا بەرێوەدەبات و رژێمی داگیرکەری فاشیستی لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە دامەزراوە، گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆی بە شێوەیەکی سیستماتیک توندتر کردووەتەوە. بەتایبەتیش ماوەی دوو ساڵە نە لە رووی یاسایی و نە لە رووی سیاسیەوە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ رێبەر ئاپۆ سازنەکراوە. بەهیچ یاسایەک ناتوانرێت پاساو بۆ ئەو گۆشەگیرییە بهێندرێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئێمە بزوتنەوەی رێبەرایەتین. نەریتی تێکۆشان و راستیمان هەیە”.

گەورەترین بەرەی شەڕ لە ئیمراڵییە

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە نەدیم سەڤەن ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەخوڵقێنێت، پێشەنگایەتی دەکات، دەیپارێزێت و چاودێری دەکات، راستی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپایە و وتی، “لەسەر ناوی ئەوروپا ئەرکی چاودێری بە سی پی تی سپێردراوە. راگەیەندرا کە بەر لە شەش مانگ لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئیمراڵی بەسەر کراوەتەوە. دژوارە مرۆڤ بزانێت کە ئەو سەردانە لە چ ئاستێکدا ئەنجامدراوە. لەوبارەوە سی پی تی راگەیەراوێکی بەهێزی نەدا. لە راپۆرتی ئەم دواییەیدا هەڵسەنگاندنی وەک ‘ ئێمە چووینە ئیمراڵی’ کرا. دۆخی تەندروستی رێبەر ئاپۆ چۆنە؟ هەلومەرج چییە؟ پێداویستییەکانی ژیانی لە چ ئاستێکدان؟ لەو رووەوە چی روودەدات؟ کەس زانیاری لەسەر ئەوانە نییە. لەبەر ئەوە سیاسەتی گۆشەگیری دژوارکراو بە مەبەست پەیڕەو دەکرێت.

بەتایبەتی لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ بەدوا رێبەر ئاپۆ لە ژێر گۆشەگیری رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەدایە. هاوکات لەگەڵ گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ شەڕێکی گەورە دەستیپێکرا. ئەوان ئیمراڵییان وەک گەورەترین بەرەی شەڕ هەڵبژارد. رێبەر ئاپۆ لە سآڵی ٢٥ەمینیشدا وەک هەموو جارێک بە ئیرادە و هەڵوێستێکی بەرخودانی بێ هاوتا لە جیهان، بەرخودانێکی زۆر گەورەی نیشاندا و لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیکدا بەهای گەورەی بۆ دیموکراسی، سۆسیالیزم و مرۆڤایەتی دەستەبەر کرد. بێ گومان ئەوەی ئێمە نیگەران دەکات ئەویە کە ئێمە لەبارەی تەندروستی رێبەر ئاپۆوە هیچ شتێک نازانین و بە هیچ جۆرێک هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ سازنەکراوە. رژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە و هێزە نێونەتەوەییەکان وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەی سی پی تیدا دەبیندرێت بە شێوەیەکی سست مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەکات. نە گەلەکەمان و نە دۆستانمان ئەوە قەبوڵ ناکەن.

‘بژی سەرۆک ئاپۆ’ بووە دروشمی سەرەکی نەورۆز

بزوتنەوەکەمان هەر لە سەرەتای پیلانگێڕیی نێونەتەوەییەوە خاوەنداری لە رێبەرایەتی کرد، کاردانەوەی توندی نیشاندا و بەرخودانی گەورەی کرد. ئەو هەڵمەتەی لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتیمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەمانەوە دەستیپێکراوە پێیناوەتە سێهەم ساڵەوە. بەتایبەتی لە ٨ی ئادار و نەورۆزی ٢٠٢٣ دا گەلەکەمان و دۆستانمان ئاڵای تێکۆشانیان لە گۆڕەپانەکانی کوردستان و زۆر ناوچەی جیهان شەکاندەوە. لەم نەورۆزەدا ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’ بووە دروشمی سەرەکی. بەو دەوری ئەو دروشمەوە گەلەکەمان و دۆستانمان لە نەورۆزدا خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کرد. دەبێت هەموو گۆڕەپانێک بگۆڕدرێت بۆ پێگەی بەرخودان و بۆ ئەوەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بە زووترین کات دەستەبەر بێت، چی پێویست بێت دەبێت ئەنجام بدرێت”.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە نەدیم سەڤەن هەڵوێستی گەلی کورد و دۆستانی بۆ بەشداری لە نەورۆز و گەیاندنی پەیامێکی مێژوویی بە دوژمن و هەموو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرزنرخاند و وتی، “لە هەموو گۆڕەپانەکانی نەورۆز بەتایبەتی لە وان، جزیر، نسێبین، قۆسەر، ئیستەنبوڵ، ئامەد و زۆر ناوەندی دیکە بە هەڵوێستێکی بەهێز خاوەنداری هاتە ئاراوە و گۆڕەپانەکانی نەورۆز گۆڕدران بۆ شوێنی هاوار و بانگەواز بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ. هەر لەم چوارچێوەدا گەلەکەمان کە خاوەنی نەریتێکی سۆڕشگێڕییە لە نسێبین، جزیر، هەزەخ، سور، گەڤەر، شرنەخ و لە هەموو ئەو شارانەی خۆبەڕێوەبەرییان تێدا راگەیەندرابوو، کە دوژمن گوتبووی ‘ئێمە لەوێ کۆتاییمان پێهێناون’، بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە خاوەندارییان تێکۆشان، رێبەرایەتی و نەورۆز کرد. ئەمەش پەیامێکی روونە بۆ ئەوانەی تێدەگەن. بۆیەش هەڵوێست لەسەر ئەو بابەتە، بێگومان هەم لە سیاسەتی نەتەوەیی و هەمیش لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دێتە ئاراوە”.

ئەو هەڵوێستەی لەنەورۆزدا نیشاندرا کاریگەری دەکاتە سەر هەڵبژاردن

سەڤەن بە ئاماژەدان بەوەی تورکیا لە قۆناغی هەڵبژاردندایە وتی، “لە نەورۆزدا هەڵوێستی ئەوەی کە ئێمە لایەنگری دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، یەکگرتوویی گەلان، وێنای دادپەروەری راستەقینە و بەها گەردوونییە مرۆییەکانین، نیشاندرا. بە گشتیی لەو شارانەی خۆبەڕێوەبەرییان تێدا راگەیەندرابوو ئەوە بینرا. هەڵوێستی نەورۆز بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا ئەمەیە. هەڵوێستی نەورۆز ئازادی، دادپەروەری، پێکەوە ژیان، ئاشتی و بەرخودانی گەورەیە”.

سەڤەن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەیمانی لۆزان کرد و بەبیری هێنایەوە کە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٣ دا ئەو پەیمانە ١٠٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕدەبێت و وتی، لەوەها قۆناغێکدا لە تورکیا لە ١٤ی ئایاردا دەچێتە هەڵبژاردنەوە و ئەوەی خستەڕوو: ” قۆناغی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای درێژەدانە بە دەسەڵاتداری فاشیست لە رێگەی پیلانگێڕی و گەمە جیاجیا و لە لایەن ئاکەپە-مەهەپە دەخوازرێت ئەو قۆناغە بگەیەنرێتە ئەنجامی کۆتایی. ئەگەر ئەو پیلان و فرت و فێڵانە کە درێژکراوەی گەمەکانی عوسمانین رێگرییان لێبکرێت، بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا هێزە دیموکراسییەکان سەردەکەون. پلانی سەرەکی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ئەوەیە کە خەونەکانی عوسمانی لە ١٠٠ەم ساڵە لۆزاندا بهێننە دی، بە گوێرەی نوێکردنەوەی پەیمانی لۆزان ناوچەکانی ناو میساقی میللی کە لە ژێر هەمووژ عوسمانیدابوون سەر لە نوێ بخەنەوە سەر کۆماری تورکیا. ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی تورک لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا کە پلانی کۆمەڵکوژی بە ناوی ‘پلانی رووخاندن’ی تێدا ئامادەکرا، ئەمەیە. لە سەر ئەو بنەمایە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ دا دەسەڵاتداری فاشیست هێرشە ئاسمانییەکانی لە ژێر ناوی “٤٠٠ گەشت” دەستی بە شەڕ کرد و دواتریش ئەو هێرشە ئاسمانیانە لە هەموو شوێنێکی کوردستان بەردەوام بوون. ئەو هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن.

پەکەکە خەون و پلانەکانی ئەوانی پوچەڵ کردەوە

رژێمی فاشیستی داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپە کە کۆماری تورکیا بەرێوەدەبات بۆ ئەوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی خۆی بەڕێوەببات تاکە کارتێک بە دەستیەوە ماوە شەڕە. بزوتنەوەکەمان بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە چوارچێوەی سیستمی کەجەکەدا لە دژی ئەو شەڕەدا بەرخودانی بەرفراوانی ئەنجامدا. بە پێشەنگایەتی پەکەکە و پاژک ئەو پلانە داگیرکەرییە بە هەڵوێستێکی گەورەی شۆڕشگێڕیی و بەرخودان لە شەنگال، مەخمور و رۆژئاوا، هەم لە باکوری کوردستان و هەمیش لە باشوری کوردستان پوچەڵ کرایەوە. بە بەرخودانی زۆر گرنگ لە پاراستنی هەرێمەکانی برادۆستەوە بگرە تا خواکورک، هەفتانین، زاپ-ئاڤاشین-مەتینا بەرخودانی گارە تا بەرخودان لە دژی داگیرکەری عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، بەرخودانی گەیلا لە گۆڕەپانەکانی ناو سنوورەکانی باکوری کوردستان و زۆر ناوچەی دیکە ئەو پلانەی ئاکەپە-مەهەپە بە قورسی پوچەڵکرایەوە. لەبەر ئەوەش بەرخودانی پەکەکە خەونەکانی میساقی میللی ئەم رژێمە فاشیستیەی بە بەخشینی قوربانی گەورە پوچەڵکردەوە”.

لە لاوازترین کاتی خۆیاندان

سەڤەن ئەوەشی خستەڕوو کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لەبەرامبەر بەرخودانی گەورەی ئیرادەی رێبەر ئاپۆ و شەڕی پەکەکە شکستی هێناوە لە لاوازترین ماوەی خۆیدایە. لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسیدا شکستی هێناوە، لە رووی ئایدۆلۆژیاشەوە کەوتووەتە دۆخێکی ناڕوون و بووەتە دەوڵەتێکی چەتە و مافیاکان. تاقمی ئەردۆغان-باخچەلی گۆڕدراوە بۆ تۆرێکی بەرژەوەندی نێونەتەوەیی. لەم هەڵبژاردنەدا بە چوارچێوەیەکی یاسایی کۆتاییان پێدەهێندرێت. هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار لەم رووەوە گرنگە. دەبێت هەموو لایەنە دیموکراتیکەکان ببنە خاوەنی هەڵوێست کە رێگە بۆ هەموو چەشنە یەکێتی، هاوپەیمانی و یەکگرتن دەکاتەوە. خۆی لە خۆیدا هاوپەیمانێتییەکان لە ئاستێکی بەرزدا روونبوونەتەوە. لەلایەکەوە هاوپەیمانی کرێگرتە، چەتە ومافیاکانی ئاکەپە، مەهەپە و هوداپار. لە لایەکی دیکەوە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی شۆڕشگێڕ، دیموکراتیک و سۆسیالیست و لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی گەل کە لەوانە پێکدێت کە تائێستاش ناتوانن سیاسەتی راست بەڕێوەببەن. هێزەکانی هەڵبژاردن بە دەوری ئەو سێ جەمسەرەوە دیاریکراوە.

پارتی چەپی سەوز نوێنەرایەتی هەموو گەلان دەکات

فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە خواستی ئەوەی هەبوو کە کورد و هێزە دیموکراسییەکان لە هەڵبژاردن دووربخاتەوە وپەراوێزیان بخات، بۆ ئەوەش دۆسیەی داخستنی هەدەپەیان کردەوە، بەڵام کورد و هێزە دیموکرات و سۆسیالیستیەکان ئەوەیان بینی و پوچەڵیان کردەوە. ئەمەش لە رێگەی گرتنەبەری هەڵوێستێک کە نوێنەرایەتی هەموو گەلان بکات و هاوپەیمانێتییەک سازبکرێت کە هاوپەیمانی شۆڕشگێڕان، دیموکرات، رەنجدەران و ئازادیخوازان بێت و لەو چوارچێوەی یاساییدا وەک پارتی چەپی سەوز گوزارشتی لێدەکرێت، پێکیان هێنا. لە کارنامەی هەڵبژاردنیشیدا ئەوە بە روونی دیارە.

ئێمە پرۆسە هەڵبژاردن بە وردی چاودێری دەکەین و تا کاتی هەڵبژاردن بڕیاری بێ چالاکی کە کەجەکە رایگەیاندبوو بەردەوام دەبێ. نەرمەوزەی ئەوە هەیە کە ئەو پرۆسەیە بگاتە سەرکەوتن. ئەوەمان لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا بینی، زیاتر لە ٨٠ پەرلەمانتارمان ناردە پەرلەمان، بەڵام رژێمی فاشیستی ئاکەپە سیاسەتی کودەتای نوێی گرتەبەر، هەڵبژاردنی دوبارە کردەوە، لە میتینگەکانی هەدەپەدا بۆمبی تەقاندەوە و تورکیای بەرەو هەڵبژاردنی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ برد.

پەنا بۆ هەموو شێوازێک دەبەن

کاتێکی زۆر کەم بۆ هەڵبژاردن ماوە، پەنا بۆ هەموو جۆرە شێوازێکی چەپەڵی نائەخلاقی دەبەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بێت، راستی ئەو کۆمەڵە فاشیستە بۆ ناوخۆی تورکیا و هێزە نێونەتەوەییەکانیش بە روونی ئاشکرا بووە. وەک دەبینرێت ئەستەمە لە سندووقەکانی دەنگداندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە بواری شێوازی نائەخلاقی و فرت و فێڵدا پسپۆڕە. دەبێت گەلەکەمان هێزە دیموکراسییەکان وریا بن و هەموو رێوشوێنێک بگرنەبەر. لەبەرمابەرماندا ریسواترین کەس هەیە کە کەسێکی درۆزن و دزە و لە هەموو پێودانگە ئەخلاقییەکان داماڵدراوە. کەسێکی بەو جۆرەیە کە لەپێناو حەز و ئارەزووەکانیدا دەتوانێت هەموو شتێک بکات. وەک چۆن خیانەتی لە نەریتی ‘میللی گوروش- لێکتێگەیشتنی نەتەوەیی’ کرد، ئەو دەتوانێت ناپاکی لە هەموو ئەو بەهایانە بکات کە بڕوای پێیانە.

سەڤەن سەبارەت بە هاوپەیمانی ئاکەپە و هوداپاریش وتی، “من هاوپەیمانی نێوان ئاکەپە و هوداپار بۆ ئاشکراکردنی رووی راستەقینەیان بە ئەرێنی دەبینم. هوداپار هێزێکی کرێگرتەیە. کورد باش دەیانناسێت. ئەو کۆنترا و کرێگرتەیە لە ساڵانی ٩٠ەکاندا لەلایەن دەوڵەتی شاراوە وحکومەتەوە بەهەموو جۆرە هاوکارییەک رێکخراون. ئەو پێکهاتە چەتەیەی کە خوێنی هەزاران کەسی لە گەلەکەمان رشت بۆ ئەوەی لە دژی پەکەکە و کوردان شەڕ بکات دامەزراوە. کورد بەو تۆڕی کوشتنە دەڵێن حزبوڵکۆنترا. ئەو رێکخستنە کۆنترایە بەراستیش داعشە، راستیەکی ژیتەمە. هەموو بکوژانی ژیتەم لە ساڵانی ٩٠ بە تەواوەتی سەربە حزبولکۆنترا بوون. ئەو کاتەی کوردان دژی داعش شەڕیان دەکرد، ئاشکرابوو کە داعش راستەوخۆ سەربە ئاکەپەیە، بۆیەش سەیر نییە کە ئاکەپە لەگەڵ ئەو جۆرە پێکهاتانەدا هاوپەیمانی بکات.

دۆخێکی دیکەش هەیە ئەوەش بریتیە لەوەی کە هوداپار هەوڵ دەدات کە گۆڕەپانێکی یاسایی ساز بکات، بۆ ئەوەش هەموو چەشنە دەرفەتێکی ئابوری و سیاسی پێدەدرێت. لە داهاتوودا ئەگەری هەیە ئەو دۆخە مەترسیدار بێت، ئەگەر جەمسەری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەم هەڵبژاردنەدا ئەو ئەنجامەی دەیەوێت بەدەستی نەهێنێت، لە کوردستان و ناوچەکانی دیکە چەکیان پێدەدات و بە گژ تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و کوردانیاندا دەکات. دەبێت بەم جۆرە شرۆڤە بکرێت و لە هەموو شوێنێک نیشان بدرێت. ئەوە بەلای کوردەوە ئاشکرایە. ئەو تابلۆیەی ئاکەپە-مەهپە چەندە دژوارە. وێنەکانی یەشیل (مەحمود یڵدرم) و تۆرۆسی سپی کە لە یاری ئامەدسپۆر-بورساسپۆر بەرزکرانەوە، هەڵوێستی باخچەلی و پیرۆزکردنی ئەو هێرشانە دەردەخەن کە ئەو رووداوە چۆن هێرش و هەڕەشە بوو. دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن، بیبینن و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە.  ئەو ئەقڵیەتە جیاوازی ناکات و هەوڵ دەدات لەناویان ببات. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموان باش لەبەرامبەریدا وشیار بن و تێکۆشانێکی بە‌هێز بگرنەبەر. رەنگە ئەو هەنگاوەی دوای هەڵبژاردن مەترسیدار بێت. دەکرێت هودا پار بکەنە حەماسی کوردان”.

هەڵوێستێکی بە ئیرادە و کارکردنی راست و دروست

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە نەدیم سەڤەن ئاشکرای کرد کە دەبێت هەڵوێستێک بگیرێتەبەر، ئەم هەڵبژاردنە ببێتە کۆتایی بۆ رژێمی فاشیستی ئاکەپە مەهەپە و لەو رووەوە بە ئاماژەدان بە بەکارهێنانی هەموو تواناکان و شەونخونی و ئەوپەڕی هەوڵ لە هەڵمەتی بانگەشەدا وتی:  بۆ ئەوەی یاریەکە هەڵبگێڕنەوە و مەترسییەکان بکەنە دەرفەت دەبێت هەڵوێستێکی خۆبەخشانە و خەباتێکی راست پەیڕەوبکرێت. ئەمەش تەنیا بە کارکردن و هەوڵدان مسۆگەر دەبێت. بۆیەش دەبێت دەرگا بە دەرگا بگەڕێن، لە گەنجەوە تا بەتەمەن هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە قایل بکرێن. لە گۆڕەپانەکان، شەقامەکان، چایخانەکان، ماڵەکان، باخچەکان، چیا، گوند و دەشتەکان لە شوانێکەوە تا بازرگانەکان، بوروکرات، رۆشنبیران و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بە باسی بەیاننامەی هەڵبژاردنیان بۆ روونبکرێتەوە. بۆ ئەوەش دەبێت بە شەو و رۆژ خەبات بکەن. ئەگەر پێویست بوو واز لە کاری کەسی و تایبەتی خۆشتان بهێنن و فیداکاری بکەن. ئەمە دڵسۆزی و ئیرادە و رەنجی دەوێت. بۆ ئەمەش بە بێ ئەوەی یەک هەنگاو پاشەکشێ بکەن دەبێت راوەستە لەسەر ئامانجەکەتان بکەن. ئەگەر بەراستیش دەتانەوێت لەناو سندووقەکانی دەنگداندا ئاکەپە-مەهەپە و حزبولکۆنترا ژێرخاک بکەن، شێوازەکەی بەم جۆرەیە. بڕواشمان وایە کە ئەمە دەکرێت”.

هەوڵ بۆ رێگری لە ئاژاوەگێڕی و نانەوەی پشێوی

نەدیم سەڤەن بڕیارەکەی کەجەکەی لە بارەی راگرتنی چالاکی سەربازییەوە تا کۆتایی هەڵبژاردنەکان بە بیرهێنایەوە و وتی ئەو بڕیارە بۆ رێگرییە لە نانەتەوەی ئاژوەگێڕی و پشێوی لەلایەن فاشیزمەوە، بەڵام فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هەوڵ دەدات پیلانگێڕی و ئاژاوە بنێتەوە، بۆیەش دەبێت هەوان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و هێزەکانی دیموکراسی نەکەونە ناو داوی ئەوانەوە و وشیار بن. لەسەر ئەو بنەمایەش داوادەکەم کە گەلەکەمان ؛ لەسەر رێباز و شێوازێک کە لەلایەن کولتوری دیموکراسیەوە دیاریکراوە ئامێز بۆ پارتەکەی خۆیان بکەنەوە.

بەرخودانی شکۆمەندانە کە ئەم نەورۆزە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان پێشخرا ئەو بەرخودانە کە هاوار بۆ ئازادی رێبەرایەتی دەکات، بە هەڵوێستی خۆیان وەک هێزێک کە پۆتانسیەل و نەرمەوزەی گەورە لە ناو سندوقەکاندا نیشان دەدات، بکەنە ئەو شتەی پێی دەوترێت چوارچێوەی یاسایی. لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتی عوسمانی نوێی ئاکەپە-مەهەپە پوچەڵ دەکرێتەوە. سیاسەتەکانی عوسمانی نوێ و خەونی میساقی میللی و پلانە داگیرکەرییەکان نایەنەدی. بەردەمی بەتەواوەتی گیراوە. ئەم هەڵبژاردنەش دەبێت بە ئامرازێک بۆ ئەوە. لەسەر ئەو بنچینەیە بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی کە پەرۆشی دیموکراسین ئەوەیە کە بە گیانی نەورۆز لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ئامێز بۆ چوارچێوەی یاسایی بکەنەوە کە دیموکراسی دیاریدەکات”.

هـ.ح

Comments are closed.