دەستی پەدەکە لە پشت داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرا دەبێت

بۆتان گەرمیان

پەدەکە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەرەکەی قەسەدە لە دهۆک، کە نۆ شەڕڤان تێدا شەهید بوو، دەخاتە خزمەتی شەڕی ناوخۆیی و بەرژەوەندی  دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لەم نێوەندەشدا داوای لە تورکیا کردووە ئیدارەی سلێمانی سزا بدات، بۆ لاوازکردنی یەنەک و پاشەکشەپێکردنی لە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی.

شەوی چوارشەممە، ١٥ی ئازاری ٢٠٢٣، دوو هێلیکۆپتەر لە نزیک گوندی بێرکیات لە شارەدێی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، دواتر قەسەدە ڕایگەیاند،  نۆ شەڕڤانیان لەو ڕووداوەدا شەهیدبووە، لەنێویشایندا شەڕڤان کۆبانێ ھەبوو کە فەرماندەی یەکینەی دژەتیرۆر بووە، هەروەها ھەموو شەھیدەکان لە ئەرکێکی ھاوبەشدا بوون دژی چەتەکانی عش.

مەسرور بارزانی و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، میدیاکانی پەدەکە و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە، هەڵمەتێکی چەواشەکارییان دەستپێکرد لەسەر ئەو ڕووداوە و پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، ئەو هێلیکۆپتەرە هێڵی هاتووچۆی نێوان پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستانە و شەهیدەکانیش گەریلای پەکەکەن، بەڵام هەر زوو لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە ڕەتی ئەم پڕوپاگەندانە درایەوە و ئەو شەڕڤانانە بە هاوکاری هاوپەیمانی دژ بە داعش ناسێنران.

هەروەها لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣، پەدەکە لەسەر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەم جۆرە، “ئەو هێلیکۆپتەرانە لە نێوان ڕۆژئاوا و سلێمانی فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێم ئاگادار بکەنەوە”، باس لەوەش دەکەن کە، ” ئەم هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو ڕۆژئاوا دەفڕن، لایەنێک لە سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی و نافەرمی ڕێگەخۆشکەربووە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و پەکەکە!”

پەدەکە بە چەواشەکارییەکانی هانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دا بۆ سزادانی یەنەکە و ئیدارەی سلێمانی، تورکیاش بۆ هەستانەوەی پەدەکە لەدوای ئەو شکستانەی لە دۆسیەی نەوت و بەهۆی دۆستایەتیی دەوڵەتی تورکەوە دووچاری بووە، بڕیاریدا بە داخستنی گەشتەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە.

پەدەکە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە هاندانی تورکیا بۆ داخستنی گەشتەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی سیاسی تورک لە میدیاکانی خۆیانەوە بە زاری خۆیان ئەمە ئاشکرا دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەمەش بە هەنگاوێک لەقەڵەم دەدەن دژی یەنەک و ئیدارەی سلێمانی و پاشەکشەپێکردنی لە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی.

چاودێران و شارەزایانی سیاسی تورک لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

پرۆفیسۆر دکتۆر سلێمان سەیفی ئۆگون لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئێستا بارزانی لە هەولێر هەراسان دەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن سلێمانی و گرووپی تاڵەبانییەوە ناڕەحەتی دەکەن، هەولێر کێشەی هەیە، پێویستە ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە پەدەکە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی یەنەکە بە کێشە دەبێنێت بۆ سەرخۆی، لەبەرامبەردا داوای دەستوەردانی لە تورکیا کردووە.

هەروەها یوسف عەلابەردە پسپۆڕی ستراتیژی بەرگری و ئاسایش، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا باس لەوە دەکات، بەپێی ده‌ستوور عێراق دوو بەشە، ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیكه‌، ئەم ئیدارە کوردییەش لەناو خۆیدا دوو سەری هەیە، لە ئەنجامی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیدارەی هەولێر بە سەرۆکایەتی بارزانی و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەرەیەکی دژایەتی سەرکەوتو دژ بە په‌كه‌كه‌ دروست بووە، ئەمڕۆ دیسان ئیدارەی هەولێر بەیاننامەیەکی دژی په‌كه‌كه‌ وەک ژەهر بڵاوکردەوە، ئەم لێدوانانەی هەولێر دژی پەکەکە زۆر ئەرێنی دەبینم، ئێمە لەم دواییانەدا کێشەیەکی زۆرمان بۆ په‌كه‌كه‌ دروست کردووە، بەڵام دوای کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکان ئەمریکا توشی کێشەبوو، دەرکەوت ئیدارەی تاڵەبانی واتا سلێمانی ئەم هێلیکۆپتەرانەی داوه‌ ڕۆژئاوا.

بەڕوونی ئەوەش ئاشکرا دەکات، میت ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووانە لە دژی په‌كه‌كه‌ لە سلێمانی ئەنجام دەدات، بەڵام ئێستا دەرکەوت په‌كه‌كه‌ پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەندامەکانی لە ئەوروپا، ئەمریکا، پاریس، لەندەن، بەرلین، ئیتاڵیا، ڕۆما، یۆنان لەسەر سلێمانی دادەمەزرێنێت، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ یەپەگە زیاتر لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوه‌یه‌، بە واتایەکی تر ئەو فڕۆکانەی لە سلێمانییەوە بەڕێدەکەون، دەبێت ئاسمانی تورکیا بەکاربهێنن.

لەبارەی ڕاگرتنی گەشتەکانیشەوە دەڵێت: قەدەغەکردنی ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیوەندییەکەیانی لەگەڵ ڕۆژئاوا پچڕاند، ئەوانەی دەیانویست لە ئەورووپاوە بێنە سلێمانی و ئەوانەی پەیوەندییان بە په‌كه‌كه‌وه‌ هەبوو گورزێکی گەورەیان لێدرا، بێگومان ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنیی لەسەر خەڵکی سلێمانی دەبێت، بۆیە دەگەڕێنەوە بۆ ئیدارەی خۆیان و نیگه‌رانی له‌ پاڵپشتیکردنی په‌كه‌كه‌ کە لێرەدا مەبەستی ڕۆژئاوای کوردستانە ده‌رده‌بڕن، ئەمەش گەیاندنی پەیامی پشت ئەو بڕیارەی تورکیا ڕوون دەکاتەوە، کە دەیانەوێت خەڵک هانبدەن لەدژی یەنەکە و بکەوێتە ژێر باری تورکیاوە.

لە بەرنامەی هابەر گڵۆباڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەردۆغان قەرەکوش ئەوەی درکاند، کاتێک بارزانی ڕیفراندۆمی کرد، توركیا ئاسمانی خۆی بەسەریاندا داخست، داخستنی ئاسمانی وڵاتان، ناوچەکان پەکدەخات، کاتێک ئاسمانی باکوری عێراقمان داخست باڵیان شكا، قەدەغەکردنی ئاسمانی سلێمانیش کێشە دروست دەکات، هەروەها تاڵەبانی ناچار دەکات پشتیوانی خۆی بۆ په‌كه‌كه‌ بکشێنێتەوە، لێرەدا جارێکیتر جەخت لەو پیلانەی پەدەکە و تورکیا دەکەنەوە، کە دەیانەوێت بە فشار یەنەکە لە سیاسەتی نەتەوەیی دووربخەنەوە.

هـ.ح

Comments are closed.