یەنەکە: لە هەڵوێستەکانمان بەردەوامدەبین و بەرپەرچی هێرشەکان دەدەینەوە

بۆتان گەرمیانی

بەرپرسێکی یەنەکە دەڵێت: بەرپەرچی دەستوەردانەکانی تورکیا دەدەینەوە لە ڕێگای کەناڵە سیاسی، دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە، یەنەکە لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەردەوامدەبێت، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە دەستێکی ناوخۆیی لەو هێرش و پێشێلکارییانەدا هەیە و دەڵێت: باجەکەی قورس دەبێت بۆیان.

لەبارەی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هێرشە ئاسمانییەکەی سەر فڕۆکەخانەکە لەلایەن تورکیا و هەڵوێستی پەدەکە لەم کاتەدا، بورهان شێخ ڕەئوف ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، هەڵوێستی حزبەکەی دەخاتەڕوو.

بورهان شێخ ڕەئوف دەڵێت: ناکرێت تۆ پارێزگایەکی هەرێمەکەت هێرش و گەمارۆی لەسەربێت و تۆ پاساوی بۆ بهێنیتەوە، بۆیە هەموو ئەوانە بە تۆمەتی هەڵبەستراو دەزانین، ئێمە خۆمان لەناو حکومەتداین بەڵام بایکۆتی حکومەتمان کردووەدەقی چاوپێکەوتنەکە:

هەڵوێستی ئێوە بەرامبەر بەو پێشێلکاری و هێرش و دەستوەردانانەی تورکیا لە دژی سلێمانی، چییە ؟

بورهان شێخ ڕەئوف: ئەم هەنگاوانەی تورکیا بەرامبەر سلێمانی، لە داخستنی گەشتەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی و پەلامارەکەی سەر فڕۆکەخانە، پێشهاتی مەترسیدار و سامناکن، دەستوەردانی ڕاستەوخۆیە لە کاروباری هەرێمی کوردستان و عێراق، لەهەمانکاتدا پێشێلکردنی سەروەری و سیادەی عێراقە، پاراستنی سیادەش لەئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، ئەوەی کە دەکەوێتە سەر ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی، بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەم پێشێلکارییانە دەکەین و بەرپەرچی ئەم دەستوەردانانە دەداتەوە لە ڕێگای کەناڵە سیاسی، دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە.

وتیشی: یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی بەر بەم دەستوەردانانەی تورکیا بگرێت و مافی هاوڵاتییانی سلێمانی پێشێل نەکرێت و ئەم گەمارۆ ئاسمانییە هەڵبگیرێت.

پەیامەکەی جوتیار عادل لەسەرناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بورهان شێخ ڕەئوف: لەڕاستیدا ئێمە ئەو پەیامە بەهی حکومەتی هەرێمی کوردستان نازانین، بەڵکو دەلالەت لە ڕای کوتلەی وەزاری پەدەکە دەکات، لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناکرێت تۆ پارێزگایەکی هەرێمەکەت هێرش و گەمارۆی لەسەربێت و تۆ پاساوی بۆ بهێنیتەوە، بۆیە هەموو ئەوانە بە تۆمەتی هەڵبەستراو دەزانین، ئێمە خۆمان لەناو حکومەتداین، بەڵام بایکۆتی حکومەتمان کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە، کە ئەم هێرشە بە چاوساغی لایەن و دەزگایەکی هەواڵگیری ناوخۆ ئەنجامدراوە، دەتوانن ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن لەسەر ئەمە؟

بورهان شێخ ڕەئوف: بەڵێ ئەوە دیارە، لە ڕاگەیاندراوەکەی کاک بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا، ئاماژە بەوەدراوە کە دەستێکی ناوخۆیی لەو هێرشەدا هەیە، ئەوەش ڕوونە لە بەیاننامەکەیان دیارە کە ئەو لایەنە، بیانوو و پاساو بۆ ئەو هێرش و پێشێلکارییانە دەهێننەوە، بەمەش ئۆباڵی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆیان و باجەکەی قورس دەبێت، کە سلێمانی بەر شاڵاوی دەوڵەتی تورک بکەوێت لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی، بەڵام ئەوان پاساوی بۆ بهێننەوە و داوای شتی دیکە بکەن لەبری پشتیوانی.

ئایا یەنەکە دەکەوێتە ژێر باری ئەو هێرش و فشارانە یان سوورە لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی؟

بورهان شێخ ڕەئوف: یەکێتی لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا هەڵوێستی نەگۆڕی لە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا هەبووە، لە داهاتووشدا بێگومان لەسەر هەمان هەڵوێستی خۆی بەردەوامدەبێت، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان.

پەدەکە بەناوی دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەنەکە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە هاوکاری پارچەکانی دیکەی کوردستانن، ئێوە لەبەرامبەر ئەم تۆمەتانە چی دەڵێن؟

بورهان شێخ ڕەئوف: ئەوەی ئەوان دەیڵێن دوورە لە ڕاستییەوە، یەنەکە مامەڵەی لەگەڵ هێزێکدا کردووە، کە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، نەک تەنها بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشنان، بەڵکو هێزێکن کە ئەندامن لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش، پایتەختەکەی داعش لە ڕەقە لەسەر دەستی ئەوان تێکشکێندرا، ئەوان شەڕی مەزنیان کرد چەندین جار جیهان پێی وتن، کە ئێوە لەبری هەموو مرۆڤایەتی شەڕ دەکەن، یەکێتی نیشتمانی بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکان پەیوەندی و هاتووچۆکانی ڕێکخستووە لەگەڵیان، هەروەها یەکێتی بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ ئەم هێزەدا کردووە، ئەوەی ئەوان دەیڵێن دوورە لە ڕاستییەوە.

هـ. ح

Comments are closed.