ئەمڕۆ دەبێتە ساڵێک لە شکست و کشانەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک

بۆتان گەرمیانی

ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کە لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ لەژێر ناو پەنجە قفڵ، دەستیپێکرد.

درەنگانی شەوی ١٧ی مانگی نیسانی ٢٠٢٢، خەڵکی بادینان بە دەنگی ناڵەی بۆمب و ناپاڵم لەخەو ڕاپەڕین، سوپای داگیرکەریی تورک لەیەک کاتدا لە زەمینەوە لە ناوچەی مەلاخەتا و سەرزیرێوە هێرشیان  کردە سەر خاکی باشووری کوردستان و لە ئاسمانیشەوە بۆردوومانیان دەستپێکرد و بە کۆپتەری سکۆرسکی و هێرشبەر هەوڵیاندا سەرباز لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین دابەزێنن.

بەڵام ئەوەی کە شیمانەیان نەکردبوو بەرپەرچدانەوەی دەمودەستی گەریلاکانی ئازادی بوو، سوپای تورک دەکەونە بۆسەی گەریلاوە و لە هەموو لایەکەوە لێیان دەدرێت و گورزی کوشندەیان بەردەکەوێت، تا بەرەبەیان سوپای تورک هەموو هەوڵێک دەدات بەڵام سەرکەوتوونابێت و ناچار بە پاشەکشێ دەبێت و تەرمێکی زۆری سەربازەکانی بەجێدەمێنێت.

دواجار دەوڵەتی تورک لە سەربازگەکانی خۆیەوە لە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە لە سەربازگەکانی بامەڕنی، ئامێدی، دێرەلوک و باتوفەوە، کە دەکەونە سنوری قەڵەمڕەوی پەدەکەوە هێزێکی زۆر دەجوڵێنن بۆ زاپ، ئەم هێزەش بە چاوساغی و پاسەوانی چەکدارانی پەدەکە و بە جلی پێشمەرگەوە دەچنە ناوچەکە.

لەوە بەدوا لە هەردوو هەرێمی ئاڤاشین و زاپ هێرش و پەلاماری چڕ و بەرفراوان دەستپێدەکات، هاوکات گەریلا بەرخۆدانییەکی سەخت دەکەن بەرامبەر سوپای داگیرکەری تورک، بەتایبەتی لە مام ڕەشۆ لە هەرێمی ئاڤاشین و شکەفتی برینداران و چیا ڕەش لە زاپ.

ئامانجی ئەمجارە بارتەقای شکستهێنانەکەی گەورەبوو

پانتایی جوگرافیی پیلانی پشت هێرشەکە، لە کێلەشینەوە دەستپێدەکات تاکو بهێرێ، واتا لە هەرێمی خواکورکەوە تا دەگاتە ئاڤاشین، زاپ و هەفتانین، ئەمەش پیلانی داگیرکردنی سەدان کیلۆمەترە لە سنوورەکانی باشوور و باکوورەوە تا دەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، هەروەها بە قوڵایی ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش و داگیرکاریی ئەمجارەی لە ژێر ناوی ‘چنگی قفڵ’ دەستپێکرد، هەڵبژاردنی ئەم ناوەش ئامانجدارە و مەبەست لێی تەوقکردن یاخود تەیماندانی سێ کوچکەی عێراق-ئێران-سووریایە، کە هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەک دەگەیەنێت، ئەم هێرشە بە دیاریکراویی سێ ناوچەی کردووەتە ئامانج زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، ئەمەش سێگۆشەیەکی ستراتیژییە و کێلەشین دەبەستێتەوە بە هەفتانینەوە.

 لە ١٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢وە تا ئەمڕۆ کە ساڵیکی تەواو بەسەر دەستپێکردنی ئەو شاڵاوە داگیرکارییەدا تێدەپەڕێت، نەیتوانیوە بگاتە ئەنجام و شکستی هێناوە و لە هەندێک ناوچەش پاشەکشەیان پێکراوە و گورزی کەمەر شکێنیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی شەڕ و بەرخۆدانی ١١مانگ ، لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٢وە تا ٤ی ئازاری ٢٠٢٣، کە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە بڵاوی کردووەتەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ١١هەزار و ٨٥٣ هێرشی داگیرکاریی ئەنجامداوە، ٤١٣٣جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٤٣٣ جار بە هێلیکۆپتەر و ٨٧٤جاریش بە هاوەن و تۆپ، هەروەها ٣٥٩٩جار بە چەکی قەدەغەکراو هێرشیان کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازادی و توونێلەکانی بەرخۆدان، بەبۆمبەکانی ( فسفۆر، تەرمۆ باریک، ئەتۆمی تاکتیک) و چەکی کیمیایی.

لە بەرپەرچی ئەم هێرشانەدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەرخۆدانییەکی بێ وێنەیان بەڕێوەبردووە و بۆ پاراستنی کوردستان و لەسەر بنەمای پاراستنی ڕەوا، ٣٠٠٤ چالاکییان لەدژی دووژمن ئەنجامداوە و ٢٧٨١ سەربازی تورکیان سزاداوە.

هەرچەندە گەریلاكانی ئازادی كوردستان، بە هۆی بوومەلەرزەكانی سەرەتای مانگی شووبات، کە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویدا، لە ڕۆژی ١٠ی شوباتەوە، چالاكییەكانیان بەرامبەر سوپای داگیركەری تورك ڕاگرت، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی هەپەگە، هێرشەكانی سوپای داگیركەری تورك، لە زەوی و ئاسمانەوە بەردەوام بووە و تەنها لە ماوەی ئەو مانگەدا ١٤٢ جار بە بۆمبی فسفۆڕ و چەكی كیمیایی هێرشیانه کردووەتە سەر گەریلا.

هـ.ح

Comments are closed.