عەزیز ڕەئووف
وازمان لە ستەمکارهێناوە و خەریکی ستەملێکراوین. عەلی وەردی جارێک وای وت. بارزانی و شڤان پەروەر و برایم تاتڵس لە دیاربەکر بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئاردۆگان دەکەن و وێنەکەیشیان بڵاو دەبێتەوە کەسیش هیچی نەوت، ئێستا هەموو نیگەرانن بە هاتنی هونەرمەندێک بۆ هەولێر کە هەر دەسەڵات خۆی بانگێشتی کردووە. دەبێ ئەوە بزانین گەنجی کورد بۆشایی هەیە، ئەم بۆشاییە نە دەسەڵات پڕی کردۆتەوە نە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نە کوردایەتی و نە ئیسلامیبوون. ئەمەش لەبەرهیچ نا، لەبەرئەوەی لە کوردستانی عیراق هیچ پرۆژەیەکی نیشتیمانی لەئارادا نیە، ئیدی نەوەیەک دەبینین خەونەکانی بە کارەکتەری تر و سەرزەمینی تر و نیشتیمانی ترەوە هەڵدەواسێت. هەزاران گەنج هەزاران قاچ قەرز دەکەن تا لەم نیشتیمانە هەڵبێن، ڕاناچڵەکین، سێڵفی چەند گەنجێکی هەولێر لەگەڵ هونەرمەندێک نیگەرانمان دەکات.
دەبێت بەخۆماندا بچینەوە، بە کوردایەتی و هونەر و ئەدەب و عەشق و دنیابینی خۆماندا بچینەوە. هونەری کوردی زۆر لەوە لاوازترە ئەستێرەی تێدا دروست بێت، ئەم ڕەمەزانە زۆرمان درامای کرچ و کاڵی کوردی بینی، ئیدی چۆن نەوەیەک دروست نابێت ئەستێرەی وڵاتێکی تر سەرنجی ڕاکێشێت. لەبەر چاوە شینەکانی ماڤی هەزارانجار بە خەیاڵ دەبووین بە برایم، نەوەیەک خاڵی لە عەشق و چاوە شینەکانی ماڤی، ئیدی دەبێت شوێنێکی تر و هونەرمەندێکی تر و ئاواز و کلیپێکی تر خەیاڵی ئەم نەوەیە جوانتر بکات.
دەبێ ئەوە بزانین کە هونەر تێکەڵ بە سیاسەت ناکرێت، هەزاران گەنجی تورک گوێ لە ئەحمەد کایا دەگرن و چێژی لێ دەبینن. سەرباری ئەوەش هەڵەی پێت وابێت تەنها هونەرمەندێکی تورک بە جەستە لێرەیە، تورک بە خۆی و سەرباز، تورک بە خۆی و ماست و شیر و ئاوەتەماتە، تورک بە درۆن و خوێنەوە لێرەیە.
دواجار تۆ کاتێک توانیت ئەنفالچی و شۆڕشگێڕ لەیەک جودا بکەیتەوە ئەوسا دەتوانی دەنگی هونەرمەندی ڕەسەن و دەنگ فرۆش لەیەک جودا بکەیتەوە. تۆ سەیرکە چۆن برایم لە ئەنقەرە و قاسمی سوڵتانی لە تارانەوە دنیای ئێمەیان دابەش کردووە.
برینەکە لێرەیە، نە برایم تاتڵس لە ئەنقەرەوەوە هێناویەتی نە قاسمی سولەیمانی لە تارانەوە. برینەکە لێرەیە.
هـ. ح
Comments are closed.