ناوەندی هەواڵەکان
ئهمڕۆ، جهژنی چوارشهممهی سۆر و سەری ساڵی ئیزیدیەکانە، کە ڕیشەیەکی دێرین و هەزاران ساڵەی هەیە، ئەم جەژنە بە ڕۆژی ئافراندنی گهردوونی دەزانن و شادی دەگێڕن و لە پەرستگای لالش مەراسمی تایبەت ئەنجام دەدەن.
ئێزدییەکان پێیان وایە خوا و حەوت فریشتەکەی لە ڕۆژی چوارشەممەسووردا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی چارەنووسی جیهان لە ساڵی نوێ دا دیاری بکەن.
ئێزدییەکان باوەڕیان وایە، کە خوا هەموو ساڵێک فریشتەکان دەنێرێتە سەر زەوی بۆ ئەوەی خراپە لە نێوان مرۆڤەکان دا بسڕنەوە و چاکەی لە جیاتی دانێن.
جەژنی چوارشەممەسوور گەورەترین جەژنی ئاینی ئێزدییەکانە، ئێزدییەکان دەڵێن، کە جیهان لە ڕۆژی چوارشەممەسووردا خولقێندراوە، بۆیە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی سەری ساڵ دادەنێن، ئەوە لە داستانە کوردی و ئێرانییەکانیشدا خۆی دەردەخات، بە شێوەیەک، کە چوارشەممەی سەری نیسان (بەگوێڕەی ساڵنامە خۆرهەڵاتی ئیزدییەکان) وەک ڕۆژی سەری ساڵ دیاریکراوە.
جەژنی ئاکیتووی ئاسوری-سوریانییەکانیش، کە ئەویش لە چوارشەممەی سەری نیساندا دەگیرێت، وەک سەری ساڵ لە قەڵەم دەدرێت، جەژنی ئاکیتوو یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی گەلانی مەزۆپۆتامیا.
خەڵکی ئێزدی لە ڕۆژی چوارشەممەسووردا هێلکە ڕەنگ دەکەن و وەک سیمبولی نوێبوونەوە و لەدایکبوونی جیهان دەینوێنن، هاوڵاتیان هەوڵ دەدەن هێلکەکان بە شێوەی گەردوون ڕەنگ بکەن، هەروەها شیرینی بڵاودەکەنەوە و بە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ هەموو شوێنێک دەنەخشێنن.
لە ڕۆژی چوارشەممەسووردا ئێزدییەکان دەچنە مەزارگەکان و لەوێ خواردن دەبەخشنەوە، لەو ڕۆژەدا هیچ ئێزدییەک کار ناکات، لە مانگی نیسانیشدا هیچ ئێزدیەک هاوسەرگیریی ناکات.
ش. ئـ
Comments are closed.