گۆڕستانەکان لە جەژندا وێستگەیەکی دیکەی یەکتربینینی ئازیزانە

بڕوا ئەسعەد
هاوڵاتیان لە ڕۆژانی جەژندا، ئازیزانی کۆچکردوویان بە سەر دەکەنەوە و گۆڕستانەکان لە ڕۆژانی جەژندا بوون بو وێستگەیەیکی دیکەی یەکتربینینی خۆشەویستانە، بێ ئەوەی دەنگی یەکتر ببیستن و بە چاوی سەر یەکتر ببینن.


لە جەژنەکانی ڕەمەزان و قورباندا، سەردانیکردنی هاوڵاتیان بۆلای گۆڕی ئازیزانیان نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە، بە نموونە گۆڕستانی گردی سەیوان یەکێکە لە گۆڕستانە دێرینەکان و گۆڕێکی زۆری تێدایە، هاوڵاتیان لە دوای نوێژ و نانی جەژن، پۆلپۆل بە تاک و بە کۆمەڵ ڕوو دەکەنە گۆڕستانەکان، سەردانی ئازیزانی کۆچکردویان دەکەن و زۆرێکی دیکەش لەوێ یەکتر دەبینن و جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن، گۆڕستان وێستگەیەیەکی دیکەی یەکتربینی ئازیزان و زینداون و مردوانە.

وەکوو نەریتێک هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە بەرە بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژن سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن، بەشێکیان سەر گۆڕەکان خاوێن دەکەنەوە و بەشێکی دیەکەیان بە گوڵ و بۆن و شیرینیەوە سەردان دەکەن، هەروەها ئایەتەکانی قورئان و سورەتی فاتیحا بۆ مردوانیان دەخوێنن، ئەگەرچی هاوڵاتیان بە ڕێژەیەکی زۆر سەردان دەکەن، هاوکات بێدەنگیەکی قوڵ باڵی بە سەر گۆڕستانەکدا کێشاوە، بە بێ دەنگی لە نزیک گۆڕەکانەوە بۆ چەند ساتێک دادەنیشن و بە بێ دەنگیش بە جێیان دەهێڵن.

سانیە عەبدولقادر، لە گەڵ کوڕەکەی سەردانی گۆڕی هاوژینکەی کردووە، وەفای خۆی لەم جەژەندا دوپاتدەکاتەوە و وتی: ئەمە گۆڕی هاوژینەکەمە، ناتوانم هەموو کات بێم، ڕۆژانی هەندێک لە هەینی و هەموو جەژنەکانیش سەردانی دەکەم، ماوەی دوو ساڵە کۆچی دوایکردووە، بە هۆی نەخۆشیەوە ناتوانم هەموو هەینیەک سەردانی بکەم بەڵام هەموو جەژنێک سەردانی دەکەم، هاتووم داوای گەردن ئازادی لێ دەکەم چوونکە ماوەیەکی زۆە نەهاتووم بۆ سەردانکردنی، پیرۆزبای جەژنی لێ دەکەم، ئەوان وەڵامان نادەنەوە، دەبێت خۆمان وەڵامی خۆمان بدەینەوە.

سانیە عەبدولقادر

 

هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی فەیسەڵ سەنگاوی، لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی گۆڕی دایکی هاوژینەکەی کردووە و دەڵێت: وەک دایکی خۆم وایە، سەردانکردنی گۆڕستان بۆ ئێمە وەکوو کلتورێکی ساڵانە لە جەژنەکاندا، دێین مردووەکانمان بە سەر دەکەینەوە، کاتێک دەتەوێت جەژن بکەی بیر لە مردووەکان دەکەیتەوە حەز دەکەیت سەردانیان بکەیت، هاتوین سەردانی خاڵم و خەسوم دەکەین، لێرەشەوە پەیامم ئەوەیە خۆزگا حوکمی کوردستان بە تەبایی بەڕێوە بچوایە، کەسوکاری شەهیدان لە بیر نەکرێن.

فەیسەڵ سەنگاوی

 

فاتمە حسێن، وەک خۆی دەڵێت، کچە تەمەن ٢٥ ساڵانەکەی بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی لە دەست داوە و دایکی سێ منداڵبووە ماوەی شەش مانگە کۆچی دوای کردووە، ئەوان بە خێزانی هاتوون بۆ سەردانی گۆڕەکەی، بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: دڵتەگم و دەگریم ئەگەر نەیەم بۆ سەردانی بێ تاقەت دەبم، هەمیشە چاوم لە ڕێگایەتی، لە بەر ئەوەی ئەوم لە گەڵدا نیە ناتوانم جەژن بکەم، هەتا ئازێزێکم لە دەست نەدا نەمزانی خۆشەویستی چیە.

فاتمە حسێن

 

س.س

 

 

Comments are closed.