تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ساردكردووەتەوە و لە جەژنیشدا خەڵک سەردانی یەکتر ناکەن

سۆران

هاوڵاتیانی سۆران ڕایدەگەیەنن، جەژنی ئێستا تام و چێژی جارانی نەماوە، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەری زۆریان کردووەتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک لە جەژن و بۆنەکاندا خەڵک سەردانی یەکتر ناکەن و بە کورتە نامە یاخوود تەلەفۆن پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن.

جەژن وەک پەیامی ئاشتی و لێ بوردەیی بۆتە نەریتێک، کە موسوڵمانان لەو ڕۆژەدا گەردەن ئازایی لەیەکتری دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەی لە کۆمەڵگادا ڕویاندا، ڕۆژ بەڕۆژ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو لاوازی دەچن، بەتایبەت کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە جێگەی سەردان و بەسەرکردنەوەی نێوان خێزانەکانی گرتۆتەوە.
هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی سۆران دەڵێن: جەژنی ئێستا وەک جاران نییە، جاران ئێمە چەند ڕۆژێک بەر لەجەژن خۆمان ئامادە دەکرد بۆ سەردان و سەفەر بۆ لای کەسوکار، چەند ڕۆژێک دەماینەوە و کەیف و شادیمان لەگەڵ یەکتری دەکرد، بەڵام ئێستا بە کورتە نامە و تەلەفۆنێک هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت.
موسلیح بەرزێوەیی، کەسایەتی و پیاوماقوڵی گووندی بەرزێوە لە شارۆچکەی ڕواندز، لەبارەی جەژنی ئێستا و جاران وتی: بەداخەوە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کاریگەری نەرێنیان کردووەتە سەر پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک خەڵک لەبری سەردانکردنی یەکتری لە ڕێگەی مۆبایلێکی زیرەکەوە پەیام و جەژنە پیرۆزە بۆ یەکتر دەنێرن.

موسلیح بەرزێوەیی

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: ناردنی پەیام و هەواڵ پرسین لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەو تام و چێژەی نییە کە لەسەردانی ڕووبەڕوو وەدەست دێت، ئێمە جاران سەردانی ماڵی هەژاران و کەسانی نەخۆشمان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و سەدا هەشتا سەردان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەم بووەتەوە.
داواش دەکات، هاوڵاتیان چاوێک بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا بخشێننەوە و وەکو جاری جاران سەردانی یەکتری بکەن و لەهەواڵی خۆشی و ناخۆشی یەکتری بپرسن و دەڵێت: هێشتا لە گوندەکان و لە سنوری ڕواندز و باڵەکایەتی و سۆران پەیوەندییەکان تا ئاستێک ماون، بەڵام لەشارە گەورەکان زۆر لاواز بووە.
هۆشەنگ سەعید، گەنجێکی سۆرانە و دەڵێت: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک چۆن لایەنی باشیان هەیە هاوکات لایەنی خراپیشی هەیە، بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بونەتە جێگرەی سەردان و بەسەرکردنەوەی ڕاستەوخۆ، خەڵک لەبری ئەوەی سەردانی یەکتر بکەن و ڕوو بەڕوو لە خۆشی و ناخۆشی و خەم و ئازاری یەکتر تێ بگەن، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە لەیەکتر دەپرسن.

هۆشەنگ سەعید

دەشڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی کوردی پابەندی داب و نەریت و کەلتوری کۆمەڵایەتی خۆی بێت، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەری نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پێویستە خەڵک لەبری ناردنی کورتە نامە و تەلەفۆنەوە سەردانی یەکتری بکەن.

س.س

Comments are closed.