ناوەندى هەواڵەکان
کاندیدێکى پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمانى تورکیا ڕایگەیاند، لە شەڕی دژ بە دەسەڵاتی فاشیستی دا لە لێواری سەرکەوتنێکی مێژوویدان و ئامانجی سەرەکیمان کۆتاییهێنانە بە هاوکاریکردنی بکوژەکان، دەشڵێت، لە ئەنجامی خەباتی ئێمەدا، ئەم دەسەڵاتە لەق بووە.
بورجوگوڵ چوبوک، کاندیدى پارتی چەپی سەوز- لە ئیزمیر بۆ پەرلەمانى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (نیوز بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو:-
لە سەرەتاى قسەکانیدا بورجوگوڵ چوبوک وتویەتى: ئەم هەڵبژاردنە بۆ دەسەڵاتی فاشیست سەرەتای کۆتاییە و لە بەرامبەر ئێمەدا هاوپەیمانیی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە هەیە، کە خاوەنی ڕانتخۆری، تاڵانی و کۆمەڵکوژییە. هاوپەیمانیی فاشیست لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هاوکارییە نهێنیەکانی خۆی ئاشکرا کرد و مەرگ بەسەر گەلانی تورکیا و کوردستاندا دەسەپێنێت. ئێمە ئەو سیستمەی ئەوانمان تێکشاندووە، کە دەیانخواست بەسەر ئێمەدا بیسەپێنن.
وتویشەتى: ئەمە بۆ ئاکەپە و مەهەپە سەرەتای کۆتاییە، بۆ ئەوان هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە و تاوەکو لە دەستیان دێت هێرش دەکەن. هێشتا ٢٤ کاتژمێر بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا تێنەپەڕیبوو، کە ڕۆژئاوایان بۆردومان کرد. زۆر لە دۆڕان و شکست دەترسن. پێویستە باش بزانن، کە چی لەدەست دەدەن، بۆچی لەدەستی دەدەن.
ئەوەشى خستووەتەڕوو،هاوپەیمانیی ستراتیژیی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و سۆسیالیستەکان، خەباتی فێمێنیستەکان و بەرخۆدانی کرێکاران ڕێگەی پێنەدان دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بکەن. لە ئەنجامی خەباتی ئێمەدا، ئەم دەسەڵاتە لەق بووە. ئەوان هێرشیان کردە سەر ئێمە، زیندانەکان و گۆڕستانەکان پڕبوون لە خەڵکەکەمان.
دەشڵێت، ئەوان ویستیان باخچەیەکی بێ دڕک دروست بکەن، بەڵام نەیانتوانی. ئێمە ڕێگەمان نەدا. لە دژی ئەم دەسەڵاتە، کە بکوژی کرێکارانە، دوژمنی ژنانە و چەوسێنەرە، ئێمە لە لێواری سەرکەوتنێکی مێژووییداین. بۆ لێپرسینەوە لە بکوژانی کۆنجا کوریش و زۆرێکی تر لە ژنان ئێمە سەر دەکەین.
ئاماژەى بەوەشکردووە: ئەوان خەڵاتی بکوژانی فەتما، ئیپەک، پنار، ئەمینە و شوعلەکانیان کرد. دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانیان گەیاندە ئاستی بەڵگەی ماددی. لە کارگەکان باخچەکانی ساوایانیان داخست. ئەو پیاوانەی لە ژنانیان دەدا لە سەربازگەکان و بنکەکانی پۆلیس دا دەکرانە میوان، دادگاکان، ماڵەکان، کارگەکان و پەرلەمان بوونە شوێنی هاوپەیمانیی پیاوان. لە کوردستانیش کاریگەری کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری هەبوو. لەسەر هەموو شەقام و کۆڵانەکاندا هێزیی میلیشیایی بڵاوکراونەتەوە. ژنان و منداڵان ناتوانن بە ئاسانی لە ماڵەکانیاندا بڕۆنە سەر شەقامەکان و لە قوتابخانەکانیاندا بگەڕێن.
ڕاشیگەیاندووە: توندوتیژیی دەسەڵات توندوتیژیی پیاوانی بەهێزتر کرد. هەردوو ڕووی شەڕ بەسەر ژنانی تورکیا و کوردساندا سەپێنرا. بە ناوی پاراستنی وڵاتەکەوە، بە گوشار و گۆشەگیرییەوە ژیانیان لە ئێمە بەرتەسک و سنووردارکرد. ئەمە لە کوردستان دا زۆر جدیتر بوو. هاوپەیمانیی پیاوان جیاوازی لە نێوان نەتەوەکاندا دروست ناکات، ئێمە بۆ پشتیوانی یەکتر پێکەوەین.
ئ.م
Comments are closed.