گێژەلووكەیەكی تر بەرەو ناوچەكە بەڕێوەیە!

د. كامەران مەنتك

هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن ناوچەكە بەرەو قەیرانێكی تر هەنگاو دەنێت، سبەی وەزیرانی بەرگری روسیاو توركیاو سوریاو ئێران كۆدەبنەوە، بێگومان ئەگەر بەنهێنیش بێت، بەغداش بەشێوەیەك لە شێوەكان لەو كۆبوونەوەیەدا لینكێكی دەبێت و بەشدار دەبێت! كۆبونەوەی ئەو وەزیرانە لە كاتێكدایە دەرگەی ناوچەكە بەرەو كۆمەڵێك گۆڕانكاری ریشەیی ومەترسیدار كراوەتەوە. لەلایەك روسیا دەیەوێت تۆزێك لە كاریگەری ئەو فشارەی لەشەڕی ئۆكرانیادا خراوەتە سەری، كەم بكاتەوە، بۆیە كردنەوەی بەرەیەكی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێوەگلاندنی هێزی هەرێمی تر بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ململانێكەی لەگەڵ رۆژئاوا، لە قازانجی خۆیدا دەبینێتەوە. رژێمی سوریا وا خەریكە دەگەڕێتەوە سەر شانۆی نێودەوڵەتی وسەرباری ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر گەلەكەی خۆی ئەنجامیدا، وردە وردە پەیوەندییەكان لەگەڵیدا ئاسایی دەكرێتەوە، بەشداریكردنی وەزیری بەرگری سوریا لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەو شێوەیە، ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ ئەو گەڕانەوەیە، بە تایبەتیش لەكاتێكدا ئەگەر زانیمان، توركیا ماوەیەكی زۆرە هێزەكانی لەسەر سنوورەكانی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) كۆكردووەتەوەو هەڕەشەی بەزاندنی سنوور دەكات، دیارە ئەمەش لەلایەك پێویستییەكانی ئەردۆگان بۆ سەركەوتنێك وبەكارهێنانی وەك پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن پڕ دەكاتەوە، لەلایەكی تر، هەنگاوێكە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مەنزومەی هەرێمی!.

كەواتە دەتوانین بەرامبەر ئەو دۆخە چاوەڕوانكراوە بڵێین، لەلایەك رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، لەلایەكی تر باشووری كوردستان لە چاوەروانی قەیرانێكی گەورەدایە! بە پێچەوانەی ئەوەی لە راگەیاندنەكان دەگوترێت، رۆژ بە رۆژ بەشێنەیی زیاتر ئابڵووقە دەدرێت و هەوڵی خنكاندنی دەدرێت، كەواتە باشووری كوردستانیش هاوشێوەی رۆژئاوا لە بەردەم گۆڕانكارییەكی ترسناك وتراژیدی ئامێزدایە، ئەوەی بارەكەی بۆ كورد گرانتر كردووە ئەوەیە، كە بەرامبەر ئەو گۆڕانكارییانەی لە هاوسەنگی هیزی ناوچەكە روو دەدات، ئەو لەوپەڕی پەرتەوازەییدا دەژیت، یەكێتی وپارتی لە ركابەری وململانێیەكی نا بەرپرسیارانەدان، دوای زیاتر لە سی ساڵ لە دروستبوونی هەرێم، تازە میلیشیا بەناو حیزبیەكان بەدەسكێشی دەوڵەتە هەرێمیییەكان مەهزەلەی مانۆری سەربازی ئەنجام دەدەن، بە بێئەوەی یەك دەزگای یاسایی هەرێم بتوانێت هەڵوێستێك بنوێنێت، لەكاتێكدا كورد ئەمڕۆ لە هەموو ساتێك زیاتر پێویستی بە یەكڕێزییە، كەچی لە هەموو كاتێك پەرتەوازە ترە!

ئەگەری زۆرە ئەو كۆبوونەوەیەی بەیانی سەرەڕۆییەكی سەربازی لێبكەوێتەوە، یاخود بەلایەنی كەم رێككەوتنێكی سەربازی لەنێوان توركیا وسوریای لێبێتە بەرهەم بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، كە ئەم پەلامارە لەلایەك یەكێتی خاكی سوریا دەپارێزێت وەك بانگەشەی بۆ دەكەن، لەلایەكی تر كارتێكی بەهێز دەداتە دەست ئەردۆگان لەهەڵبژاردنی وڵاتەكەیدا، لەم پێودانگەدا، ئەگەری ئەوەش زۆر بەهێزە حكومەتی ئێراق بیانووی زیاتر بەكورد بگرێت، كات بقۆزێتەوە بۆ زیاتر ملكەچپێكردنی حكومەتی هەرێم، ئەگەرەكان تا ئەو رادەیە دەڕۆن، كە ئەو دەرفەتە بوێری ئەوە بە بەغدا ببەخشێت راستەوخۆ دەست بەسەر بیرە نەوتەكان وەك قۆناغی یەكەم ودەروازە سنوورییەكان وەك قۆناغی دووەم دابگرێتەوە.

هەموو ئەو سیناریۆیانە تا رادەیەكی زۆر دەوەستێتە سەر هەڵوێستی ئەمریكا ورۆژئاوا، كە دیارە ئەوان زیاتر بەتەنگ بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوەن و جێگەی پشت پێبەستن نین، مەترسی گەورە لەوەدایە لەژێرەوە جۆرە سازشكردنێك لە ئارادا بێت لەنێوان ئەمریكاو روسیا سەبارەت بە مەسەلەی كورد، وەك ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لە داگیركردنی عەفرین (2018) وگرێسپی وسەرێكانی (2019) دا بینیمان.

لە هەموو حالەتەكاندا، ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە گۆڕانكارییە ستراتیژییەكانی ناوچەكە، بە ئاسانی هەست بەوە دەكەین، كە ئێمە لە هێمنییەكی بەر لەدەستپێكردنی گێژەلووكەدا دەژین، جا ئەو گێژەلووكەیە بڕی هێزەكەی چەند دەبێت وچ گۆڕانكارییەك لەگەڵ خۆیدا دێنێت، ئەوە رەنگ بێت ئایندەیەكی نزیك بۆمان رووناك بكاتەوە، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە پێناچێت ئەو گۆڕانكارییانە بەشێوەیەكی گشتی لەبەرژەوەندی كورد دابێت!.

هـ. ح

Comments are closed.