تیپی میوزیکى پاشای گەورە دەست بەکارە هونەرییەکانی دەکاتەوە

ڕواندز

دوای چەندین ساڵ لەوەستانی کارەکانی، دواجار بڕیاردرا تیپی میوزیکى پاشای گەورە لە ڕواندز دەست بەکارەکانی بکاتەوە و هاوشێوەى ساڵانی هەشتاکان جارێکی دیکە ئەم تیپە میوزیکیە هونەری ڕەسەنی کوردی پێشکەش بە گوێگران و عاشقانی میوزیک و گۆرانی کوردی دەکاتەوە.

تیپی میوزیکى پاشای گەورە لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری ڕواندز لەسەردەستی مامۆستا زرار ڕواندزی دامەزراوە، ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو سەردەمی زێڕینی ئەم تیپە میوزیکیە بووە، دەیان گۆرانی و سرودی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بۆ دەیان هونەرمەندی پارچە جیاوازەکانی کوردستان تۆمارکردووە، لەوکاتەدا هونەر لە ڕواندز لە ئاستی هەرە پێشکەوتنی خۆیدا بووە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و نەبوونی هاوکاری ماددی، تیپی میوزیکى پاشای گەورە بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی وەستا.

زەینەڵ خەیری

لەوبارەوە، زەینەڵ خەیری سەرۆکی تیپی میوزیکى پاشای گەورە بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوای چەندین ساڵ دابڕان لە کاری پێکەوەیی تیپەکەمان، بڕیارە ئەمساڵ لە بەرواری ١/٧/٢٠٢٣ واتا ساڵڕۆژی دامەزراندنی تیپی میوزیکى پاشای گەورە، دەست بەکارەکانمان بکەینەوە و لەو رۆژەدا فیستیڤاڵێکی گەورەی میوزیک لە شاری ڕواندز بەڕێوەدەچێت.

وتیشی: ساڵانە فیستیڤاڵەکە ئەنجام دەدرێت، گروپە جیاوازەکانی تایبەت بە هونەر و میوزیکى کوردی لە شارەکانی کوردستان بانگهێشت دەکرێن، بۆ ئەمساڵیش تیپی میوزیکى باواجی کۆیە بانگهێشت کراون، بەردەوامیش دەبین لە تۆمارکردنی گۆرانی و ئاوازی ڕەسەن بۆ ئەو هونەرمەندانەی، کە بیانەوێت دەست بەهونەری ڕەسەنی کوردیەوە بگرن.

ئامانج غازی

ئامانج غازی، هونەرمەندی میوزیک ژەنی ناسراوی کوردستان و شاری ڕواندز لەبارەی کارەکانی تیپی میوزیکى پاشای گەورە دەڵێت: کۆمەڵێک خوێندکار و قوتابی قوتابخانەی پاشای گەورە لەو تیپە گیرساینەوە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تیپی میوزیکى پاشای گەورە کاری بۆ دوو بابەتی گرنگ کردووە، ئەوانیش بوژانەوە و دەستگرتن بە کەلەپور و کەلتور و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی، هەروەها ناساندنی کەلتوری نەتەوەی کورد بە گەلانی تر لەڕێگەی میوزیکەوە.

وتیشى، ئەو تیپە گۆرانی فۆلکلۆری و میللی پاراستوە و لە ڕووی زانستی میوزیک بایەخی زۆری پێداون.

هەروەها، باپیر ڕواندزی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆرشنبیری و هونەری سۆران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی تیپی میوزیکى پاشای گەورە وتی،  لە مانگی حەوتی ئەمساڵ ئەم تیپە دەست بەکارەکانی دەکاتەوە و سەرجەم ئەندامە کۆنەکانی تیپەکەش ئامادەییان دەربڕیوە، کە بەشداری لە چالاکیە هونەریەکاندا بکەن، ئەم تیپە، کە لقێکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردییە لە ڕواندز، لە پاڵ گۆرانی و میوزیک بایەخی بە شانۆ و شێوەکاری و بوارە جیاوازەکانی تری هونەر داوە.

باپیر ڕواندزی

وتیشی: سەردەمی زێڕینی تیپی میوزیکى پاشای گەورە ساڵی هەشتا و نەوەدەکان بووە، بەبێ جیاوازی گۆرانی بۆ هونەرمەندانی گەورەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان تۆمارکردوە، هەریەکە لە هونەرمەندان ناسری ڕەزازی و نەجمەی غوڵامی و کاڵێ و بەهجەت یەحیا و عەدنان کەریم و زیاد ئەسعەد و چەندانی تر گۆرانیان بۆ تۆمارکراوە.

تیپی میوزیکى پاشای گەورە بە شێکە لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی لقی ڕواندز، لەسەر داوای ئەم کۆمەڵەیە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بودجەی پێویستی تەرخانکردوە بۆ نۆژەنکردنەوەی بینای کۆمەڵەکە، ئەندامانی کۆمەڵەکەش بڕیاریانداوە سەرجەم کارە هونەریەکانیان دەست پێ بکەنەوە بەتایبەت کارەکانی تیپی میوزیکى پاشای گەورە.

ئ.م

Comments are closed.