سروشت کامەران لە ڕۆژنیوزەوە باس لە ئەزموونی هونەری خۆی دەکات

بڕوا ئەسعەد

لە ئێستادا ژنان بە ڕێژەی بەرچاو لە ناو بوارەکانی هونەردا دەبینرێن، بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام ژنان لە بواری نواندن و ژانەری کۆمیدیا لە پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکەن، سروشت کامەران ژنە هونەرمەندی بواری کۆمیدیا، ناو و ڕوخساری و جوڵەکانی بە ئاسانی لە لایەن بینەری کوردەوە دەناسرێتەوە، بە هۆی کارە هونەرییەکانیەوە، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوزدا باس لە ژیان و بەشێک لە کارە هونەریەکانی دەکات.

هونەرمەند سروشت کامەران یەکێک لەو ژنانەی لەبواری هونەری و نواندنی کۆمیدیادا کاردەکات، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز باسی لە دەستپێکی ژیانی هونەری و خولیای بۆ نواندن کرد.

“هەر لە مناڵیەوە حەزو خوولیام  بۆ کاری هونەری هەبووە”

لە بارەی ژیان و خولیاکانی بۆ هونەر وتی: لە شاری سلێمانی لە دایک بووم هەر لە مناڵیەوە حەز و خوولیام  بۆ کاری هونەری و نواندن هەبووە، گۆرانیم وتووە، لە بەشی دۆبلاژ کارم کردوە، بەردەوام بەشداری کارو چالاکیەکانی قوتابخانەکانم کردووە.

لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی دەستم بە کاری نواندن کردووە، یەکەم کاریشم شانۆگەریەک بوو، باسی لە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە دەکرد،  لە لایەن مامۆستاکانمەوە زۆر دەست خۆشیم لێکرا، دوای ئەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەییم تەواو کرد، توانیم لە بەشی کتێبخانە بەردەوامی بە خوێندن بدەم، بەهۆی خوێندنی پۆلی ١٢ەوە بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دابڕام، بەڵام بەردەوام چاوم لەسەر کار و چالاکی هونەرمەندانی دیکە بوو.

سروشت کامەران باسی لە یەکەم بەشداری لە درامای کۆمیدی کرد و وتی: سەرەتا بە کاری جاد دەستم پێکرد، دواتر ساڵی ٢٠١٥ لە درامای پڕۆفیشاڵ بەشدار بووم، کە ستافێکی بە ئەزموون بوون، زۆر سوپاسی هونەرمەندان کاوە قادر و ماهیر حەسەن دەکەم، کە بەردەوام هاوکارم بوون لە درامای پڕۆفیشاڵدا، بە تایبەت کاوە قادر، کە تێبنی گرنگی پێ دەدام لە دوای درامای پڕۆشیاڵەوە، زیاتر ئەو ئەو کارە هونەریانە بانگهێشت دەکرێم، کە کۆمیدین.

سروشت ئاماژەی بەشێک لە کارە هونەریەکانی کرد بە گشتی و وتی: لە چەندین دراما دا بە شداریم کردووە، هەرەوەها لە شانۆگەری  ملوێنێر بۆ ماوەی  چوار مانگ نمایشمان کرد، لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا،  پێش ئەوەش لە چەندین دراما بەشداریم کردووە بە شێوازی جاد، پێش ئەوەی لە کۆمیدیا کار بکەم، ئێستا زوو زوو داوام لێدەکرێت بۆ کارکردن، بەڵام من دەمەوێ چەند ساڵ جارێک بەشداری بکەم، گرنگ ئەوەیە کارەکەم پووخت و جوان بێت.

“ڕاگەیاندن و هونەر زۆر لێک نزیکن”

هەروەها هونەرمەند لەباسی خۆشەویستی بۆ کاری ڕاگەیاندن و هونەردا دەڵێت: پێم وایە ڕاگەیاندن و هونەر دوو بەشی زۆر لەیەکەوە نزیکن، ماوەیی چوارساڵ لە ڕادیۆ کارم کردووە، بەڵام زیاتر حەزم بە کاری نواندنە، خێزانەکەم زۆر پاڵپشتیان کردووم بەتایبەتی باوکم، کە بەردەوام پێی دەوتین مەترسن، لە ئێستاشدا هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشتمە و خۆشی لە بوارەکەدا کاردەکات، خاوەنی کچێکم تەمەنی سێ ساڵە بە ناوی کلوو، کە زۆر حەز بە سەیرکردنی ئەو کارانە دەکات تێیدا بەشداریم کردووە.

“هەڵبژاردنی سیناریۆ زۆر گرنگە چونکە ڕەنگدانەوەی لەسەر کەسایەتی دەبێت”

ئەو ژنە هونەرمەندە، بە هۆی ئەوەی ڕوخسارێکی ناسراوی هەیە لە ناو بینەراندا، جگە لە کاری هونەری، داوای بانگەشەی بازرگانی لێ دەکرێت بۆ کۆمپانیا و میدیاکان، لەو بارەیەوە ڕونی کردەوە: زۆر داوام لێدەکرێت بەشداری کاری رێکلامدا بکەم، بەڵام تا دڵنیا نەبمەوە لە ڕێکلامی شتەکە یاخود شوێنەکە بەشداری تێدا ناکەم، بەردەوام پرسیاری  سیناریۆ و ئەکتەرەکانی ڕێکلامەکە دەکەم و زۆریش بۆم گرنگە، چونکە زانینی سیناریۆ بۆ ژن زۆر گرنگە، چونکە کەسایەتی ژن دەردەخات.

سروشت کامەران بە گرنگیەوە باسی لە هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەکات لە بواری هونەردا و دەڵێت: کارکردن لەگەڵ ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا وەک سەیرانێک وایە پڕە لە پێ کەنین و کاتی خۆش، بە کارکردن لە گەڵیان زۆر ئاسودەم، هەموویان پێیان وایە من زاڵم بەسەر ماهیر حەسەندا، تا ئیستا لێدانی دەستیم نە خواردووە، بە تایبەتی لە کاری پەتریپۆتدا پێم دەڵێن، تۆ حەقی هەموویانت لێکردۆتەوە، هەندێکی دیکەش پێم دەڵێن گوناهە وا لە کاک ماهیر مەکە، هەموو چوونە دەرەوەیەک لەگەڵیان پڕە لە کاتی خۆش و بەسەر هاتی خۆش.

سەبارەت بە پەیوەندی و پێکەوە کارکردن هونەرمەندان لە شارە جیاوازەکان ئەوەشی خستەڕوو: لە ساڵی ٢٠١٢ لە کارێکدا بەشدار بووم، بەکر ڕشید دەرهێنەری بەرهەمەکە بوو، کە دەورێکی زۆر کەمم بینی، بەڵام زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە هونەرمەندانی چەند شارێکی ‌کوردستان بەشداریان تێدا کردبوو، وە بە خۆشحاڵیەوە ئەم ساڵ کاک ماهیر بەشداری فیلمێکی کرد لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هونەرمەندانی هەر چوار بەشی کوردستان تیایدا بەشدار بوون.

بەداخەوە پەیوەندیەکی باش لە نێوان دەرهێنەرانی کورد و دەرەوەی کوردستاندا نییە ، هەبوونی پەیوەندی شتێکی زۆر باشە، چونکە دەبێتە هۆی تێکەڵ بوونی کەلتوور و فەرهەنگ، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، کە بودجەیەکی باش نەبووە لەبەر دەستمان تا بتوانین کارێکی گەورەی پێ بکەین و یەکێتیەکی هونەر مەندان هەبێت و هونەرمەندانی هەر چوار بەشی کوردستان کۆبکاتەوە، ئەم هەنگاوە لە دەستی ئێمە نییە لەسەروی ئێمەوە دەبێت بریاری لەسەر بدرێت.

سروشت کامەران  پێیوایە دەبێت هونەرمەندان لە پرسە نیشتیمانیەکاندا خاوەن هەڵوێستبن و زیاتر ڕوونی کردەوە: زۆر گرنگە هونەرمەندان لە پرسە نیشتیمانیەکاندا دەنگیان هەبێت، ئەوەندەی هونەرمەندان دەتوانن لە پرسە نێشتیمانیەکاندا پایەمەکان بگەیەنن کەسێکی سیاسی ناتوانێت.

سروشت کامەران خۆشحاڵی خۆی دربڕی، کە خوشکێک و برایەکی هاوپیشەین  و دەڵێت: هەناری خوشکم و برایەکم کاری نواندن دەکەن، هەمیشە لەسەر کارەکان بەیەکەوە قسە ئەکەین و بیرۆکەی یەکتر وەرەدەگرین.

پێم باشە ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگابن و باسی کێشەکانی کۆمەڵگە بکات، چونکە بەم شێوازە زیاتر دەچنە ناو کۆمەڵگەو بینەری زیاتری دەبێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هونەری بێگانە و کاردانەوە خراپەکانی کرد و وتی: ئەگەر بوودجەیەکی باش هەبێت، سپۆنسەری باشمان هەبێت ئیشی باش بکەین، دەتوانین زاڵبین بەسەرهەموو ئەو درامایانەی، کە خەریکە زاڵدەبن بەس کەلتورمان، چوونکە خەریکە ژیانمان وەکوو دراما تورکیەکانی لێ دێت، لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان بەتەواوەتی رەنگی داوەتەوە، کە دەبێت ئیتر هەوڵ بدەین لەم کلتوورە دەربچین، کە زاڵ بووە بەسەرماندا، پێویستە هونەرمەندان بەیەکەوە کار بکەن و کۆببنەوە بیروڕا بگۆڕنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە کاری جوان بکەین، هیوادارم بتوانین لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە دەست لە ناو دەست کاری باشبکەین بۆ ئەوەی بتوانین درامای کوردی بگەیەنینە ئاستی دراما جیهانیاکان.

ش.ئ

Comments are closed.