تەعریب و داگیرکاریی؛ سیاسەتێکی دێرین و بەردەوام لەسەر کورد

بۆتان گەرمیانی

یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانی توانەوەی کورد، تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیایە، تەعریبکردن و وەدەرنانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوە کوردییەکان لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی، بە نیشتەجێکردنی عەرەبە بەدەوییەکان لەسەر زەوی و زاری کورد و داگیرکردنیان، ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. ‌‌

پانتایی باشووری کوردستان نزیکەی ٨٦هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، زیاتر لە ٣٦هەزار و ٦٨٤کیلۆمەتری دووجای بەر شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستن کەوتووە، کە دەکات زیاتر لە ٤٠٪ی خاکی باشووری کوردستان.

ئەم خاکە لە ١١ی ٣ی ١٩٧٤ـەوە کرا بە دوو کەرتەوە، کەرتی یەکەم کە ناوچەی “ئۆتۆنۆمیدار” بوو حکومەتی ئێستای هەرێمی لە سەر دامەزراوە، لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک ) پێکدێت، کە ڕووبەرەکەی ٣٦.٣٤٧کم دووجایە و دەکاتە  ٤٢ .٢٦ لە سەدی خاکی باشووری کوردستان و کەرتی دووەمیش کە ماوەتەوە

 ٥٣. ٧٤ لە سەدی لێ دابڕاوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی عێراق، لێرەوە دەستەواژەی ناوچە دابڕێنراوەکان هاتە گۆڕێ.

لە کۆی ئەو ٣٦.٣٤٧کم دووجایە ١٣.١٠٠ کم دووجای بەر ڕاگواستن کەوتووە، واتە ٣٦ لە سەدی خاکی ئۆتۆنۆمی ڕاگوێزراوە، ئەو بەشەکەی دیکەش  کە دابڕاوە بۆ دەوڵەتی عێراق بە سەر چەندیدن پارێزگادا دابەش کراوە، نەینەوا، کەرکووک، سلاحەدین، دیالە، واست و میسان.

مێژووی تەعریب

تەعریب و شاڵاوی خێڵە عەرەبەکان بۆ لەوەڕگە و بەرژەوەندی تری ئابووریی و سیاسی بۆ سنوورەکانی چیای حەمرین، دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، لە نێوانی ساڵانی ١٨٦٩تا١٩١٤، کاتێک مەدحەت والی پاشا هەندێ چاکسازیی کرد، یەکێ لەو چاکسازییانە نیشتەجێکردنی خێڵە عەرەبەکان بوو، بۆیە لەو قوناغەدا خێڵەکانی (ڕەبیعە، بنی ئەوس و جبور) دەشتەکانی مەندەلی و بەلەدرووز و قزرەباتیان داگیر کرد و (کرێ و لهێب) دەشتەکانی قەرەتەپەیان داگیر کرد.

هەروەها خێڵەکانی بەیاتـی مەغۆل بە تێکەڵاوی تەک عەشیرەتە عەرەبەکان لەو دەشتەدا جێگیر بوون، کە دەکەوێتە نێوان کفری و خورماتوو، تا ئاوەسپی، هەروەها هۆزی عوبێد لە حەویجە لە نێوان زێی بچووک و ئاوەسپیی نیشتەجێ بوون، عەشیرەتی (تەی) و جبوریش لە زەوییەکانی قەراج لە باشووری مەخموور لە نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووکدا نیشتەجێ بوون، هەروەها چەندین خێڵی تری عەرەب بە دەوروبەری موسڵ-دا بڵاو بوونەوە.

دواتر ئەم سیاسەتە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس گەیشتە چڵەپۆپە و لەپاڵ تەعریبدا تەرحیل و تەبعیس دەستیپێکرد، بە چەند قۆناغێک بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٧٥کوردەکان دەرپەڕێنران و عەرەبی هاوردە لەجێگەیان نیشتەجێکرا.

ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی و تەعریب!

پاش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، بەبڕیاری ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی كەركوک، عەرەبی هاوردە ڕەوانەی چەندین ناوچەی كوردیی كران، بە پشتیوانی ئەو و بەشێک لە ئەفسەرانی پۆلیسی فیدراڵی ئێراق، عەرەبی هاوردە كە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە هێنرابوونە ناوچەكە و دواتر لە ٢٠٠٣ ناوچەكەیان جێهێشتبوو، جارێکیتر گەڕێنرانەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکە و فشارێکی زۆر لە کوردەکان دەکەن و کێشەی داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان لەلایەن عەرەبەکانەوە سەری هەڵداوە.

ئەمەش دوای ئەوەهات، لە ساڵی ٢٠١٧ کورد توانی کەرکوک، شەنگال، گوڵاڵە و کۆمەڵێک ناوچەی دیکە لەدەستی داعش ڕزگاربکات و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت، پێشمەرگە توانی بگەڕێتەوە دوایین سنوورەکانی باشووری کوردستان، ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەدابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان ناودەبرێن و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠دان، بەڵام ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی ئەم دەستکەوتە مەزنەی لەباربرد و دەستی عێراقی واڵاکرد بۆ شاڵاوێکی نوێی تەعریب، بەمەش لە ٥١٪ خاکی باشووری کوردستان لەدەستچوو.

عەرەبە بەدەوییەکان جگە لەوەی لە ناو شاری کەرکوک چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان بە زیادەڕۆیی دروستکردووە، لە گوندەکانی دەورووبەریشدا ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر جوتیارە کوردەکان و دەست دەگرن بەسەر زەویی و ئاوەکانیان، بەهۆی گێچەڵی عەرەبی هاوردەوە کوردەکان ناچارن گوندەکانیان جێبهێڵن، لە سنووری داقووق زیاتر لە ١٢ گوندی کاکەیی هەن و پێنجیان چۆڵ کراون و یەکێک لەو گوندانەش عەلی سەرایە کە پایتەختی کاکەییەکانە.

بەم دواییانەش لە گوندەکانی حەفتەغار و پەڵکانە لە سنووری کەرکوک عەرەبی بەدەوی، بە پشتیوانی سوپای عێراق چەندین جار هێرشیان کردە سەر جوتیارە کوردەکان و قەدەغەی هاتوچۆیان لە سەر ئەو گوندانە سەپاند، بەم پێودانگەش بڕوات گۆڕانکارییەکی گەورەی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە دەبێتە چیرۆک.

هـ.ح

Comments are closed.