ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم لەمەترسیدایە و یاسا کۆنەکان بوونەتە مۆتەکەی ژیانی ڕۆژنامەنوسان

ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤن و نابێت لە لایەن هیچ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێکەوە دەستى بۆ ببرێت و پێشێل بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەسەر ڕاسپاردەی کۆنفرانسی گشتی یۆنێسکۆ، ساڵی ١٩٩٣ڕۆژی ٣ی ئایاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دیایكرد.

لە ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا، ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان وتی: ڕۆژنامەوانان و کارمەندانی ڕاگەیاندن یارمەتیمان دەدەن بڕیار لەسەر بنەمای ڕاستییەکان بدەین، کە دەتوانین جیاوازی نێوان شەو و ڕۆژ بکەین.

بەڵام ئەمە لە هەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانەیە و دەسەڵات لە باشور نایەوێت ڕاستییەكان بە خەڵك بگات و  ئەگەر بۆیان بکرێت ڕێگە نادەن ڕۆژنامەوانان جیاوازی شەو و ڕۆژ بکەن، بۆیە یاساكان به‌كارده‌هێنێن بۆ سزادان زیندانیكردنی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی خەبات بۆ ئازادی و كۆمەڵگەیەكی هۆشیار دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە دەسەڵات بە دروشم لەگەڵ ئازدی كاری ڕۆژنامەنوسی و ئازادی ڕادەربڕیندایە، بەڵام لە پڕاكتیكدا لە ڕێگەی دروستكردنی تۆمەتی ئامادەکراو و داتاشراوەوە، سزای قورسی ڕۆژنامەنوسان دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچ، لە کۆی ئەو ٨٥ وڵاتەی ناوچەیەکى تاریک و ترسناکە بۆ ڕۆژنامەنوسان هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی ٨٢ یەمین وڵاتدایە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتى پەیامنێرانى بێسنور و ڕێکخراوەکانى دیکەى تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین هەرێمی کوردستان لە لیستى پێشەوەى ئەو وڵاتانە دایە، کە ئازادییەکانی بیروڕا و رۆژنامەگەری تێدا پێشێل دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ پاراستنى ڕۆژنامەنوسان و ئازادی ڕۆژنامەگەری هەیە، کە یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە، بەڵام دەسەڵات لە هەرێم کار بەو یاسایە ناکەن، بۆ سزادانی رۆژنامەنوسان و بەرتەسککردنەوەى ئازادی ڕۆژنامەوانى پەنا بۆ یاسا کۆنەکانى سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق دەبەن، یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات بۆ لێپێچینەوە و کردنەوەی دۆسێیە لەسەر ڕۆژنامەنوسەکە.

مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ نزیكەی ١٠٠ ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لەلایەن پەدەكەوە لە بادینان دەستگیركران و هەریەكەیان بە شێوەیەك سزای زیندانی دران و ئێستاشی لەگەڵدابێت ژمارەیەكیان لە زیندانەكانی پەدەكەن و چاوەڕێی تەواوكردنی ماوەی سزاكەیانن.

ئامارەكانی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان دەریدەخەن، زەمینەی كاریی ڕۆژنامەگەری لە دەرەوەی ئەو سنورەی دەسەڵات دیاریكردووە، زەمینەیەكی ترسناكە بۆ ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی لە دەرەوەی بەرژەوەندی دەسەڵات كار بۆ گەیاندنی ڕاستییەكان و هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگە دەكەن، ڕیسك بە ژیانی خۆیانەوە دەكەن و گرتن و سزای قورس چاوەڕێی هەر یەكێكیان دەكات.

لەدواین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، كە مانگی ڕابردوو بڵاویكردەوە، دووبارە کەیسی زیندانیانی بادینانی بەنمونە هێناوەتەوە بۆ ئەوەی، لە هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بە تۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر دەکات، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەیانهێڵێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان.

هەروەها ئاماژە بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کراوە، کە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە سیستمی دادگا و دادپەروەری هەرێمی کوردستانی بە ڕەمزیی وەسفکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕۆژنامەنووسان و  چالاکوانان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژیی و گرتن و لێدان دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای گەندەڵی و خراپییەکانی دەسەڵاتەوەن، زانیارییەکان و داتاو ئامارەکان لە ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن دەشاردرێتەوە و پێیان نادرێت.

ڕۆژنامەنوسان دەخرێنە ژێر چاودێری دەزگا ئەمنییە و هەواڵگیرییەکانەوە، زۆرجار تۆمەتی ترسناکیان دەخرێتە پاڵ و بە یاسا کۆنەکان سزایان دەدەن، هەندێ جاریش ناچار دەکرێن هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، یاخود دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووبەرووی سوتاندن و داخستن و تەشویش خستنە سەر پەخشی کەناڵەکان دەکەنەوە، هاوکات هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنە سەر ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەزگاکانى ڕاگەیاندن، هەموو ئەمانە لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە ئەنجام دەدرێن بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری.

هەموو ئەو ڕاپۆرت و ئامارانەى لەبارەى ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لەبارەى هەرێمی کوردستانەوە بڵاودەکرێنەوە، بە بەڵگە و ژمارە و داتا لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکانى هەرێمیش تۆمار کراون و ساڵانە دەخرێنەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە و لەساڵی ٢٠٢٢ دا ڕێژەی پێشێلكارییەكان زیادی كردووە بۆ ٤٣١ حاڵەت.

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی دادگا، تووندوتیژی، پەلاماردانی تیمەکانی راگەیاندن، زیندانیکردن، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری کاری رۆژنامەڤانانی قورستر کردووە و هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی مەترسیدارە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی.

ئەگەرچی دەسەڵاتدارانى هەرێم لەماوەى لانى کەم ٢٠ ساڵى ڕابردوودا خۆیان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە هێشتا هەرێم وەک پێویست لەبواری ئازادی ڕۆژنامەوانیدا نەچۆتە پێشەوە و کار بۆ ئازادییەکان هاوشێوەى وڵاتانى پێشکەوتوو نەکراوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ لەسەر دەستى ئەوان و کەسە نزیکەکانیان ئازادی ڕادەربڕین بەرەودواوە دەگەڕێتەوە و ناوبانگی هەرێمیان لە جیهانى دەرەوە ناشرین کردوە، بەهۆی ئەو پێشێلکاری و بەربەستانەى بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری کوردی دروستیان کردوە.

س.س

Comments are closed.